خاوەنی رێستۆرانتی دەنیز كە دوێنێ شەو تەقەی لێكرا گیانی لەدەستدا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زەكی محەمەد چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باكووری كوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، كە شەوی ڕابردوو تەقەی لێكرا، كەمێك پێش ئێستا گیانی لەدەستدا.
میدیای رۆژنیوز بڵاویكردووەتەوە كە"درەنگانی شەوی ڕابردوو، زەكی محەمەد چەلەبی، خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز، كە خەڵكی باكووری كوردستانە، لەلایەن میتی تورك و بە هاوكاریی پارتی، لە شەقامی بەختیاریی شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە سەختیی برینداركرا".
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە دوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەك، زەكی محەمەد كەمێك بەر لە ئێستا لە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.
محەمەد زەکی چەلەبی ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بووە لە باکوری و کوردستان و لە سلێمانی خاوەنی رێستۆرانتێک بوو.
پێشتر موسلیم كاپڵان، سەرۆكی ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا رایگەیاند:" ئەوە هێرشێكی تیرۆرستیە هاوشێوەی هێرشەكانی دیكە بۆسەر ژمارەیەك هاوڵاتیمان، كە پێشتر ئەنجامدراوە".
لە ئێستا هاوڕێ و كەسوكاری لەبەردەم نەخۆشخانەی شار كۆبوونەتەوە، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەكەی.
