نایف كوردستانی ئازاد كراو وێنەیەكی نوێی بڵاوكردەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نایف كوردستانی كادری پێشكەوتوی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەر "سوكایەتی بە مەرجەعیەت" دەستگیركرا، دوای نزیكەی دوو مانگ مانەوەی لەزیندان، شەوی رابردوو بەبڕیارێك ئازاد كرا و وێنەیەكی بڵاوكردەوە كەئاڵایەكی لەملدایە لۆگۆی پارتی پێوەیە.
نایف كوردستانی دوای ئەوەی لەكۆتایی مانگیسێی ئەمساڵ، لە تویتێكدا سوكایەتی بە مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكان لە عێراق كرد، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەو هۆیەوە لقی 5ی پارتی لەبەغدا لەلایەن لایەنگرانی مەرجەعیەتەوە سوتێندراو دواتر بەبڕیاری مەسعود بارزانی، بارەگای لقی 5ی پارتی روخێندرا.
نایف كوردستانی بەبڕیاری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەستگیر كراو هەرچەند لەسەرەتادا رایگەیاند كە هاككراوە، بەڵام پاش دەستگیركردنی لە دانپێدانێكدا رایگەیاند:"یەكێتی ئەوكارەی پێكردووم و كەوتومەتە ژێر كاریگەری هاندانەوە بۆیە ئەو تویتەم كردووە"، شەوی ڕابردوش كە ئازاد كراوە ئاڵایەكی لەملدایە لۆگۆی پارتی پێوەیە و وێنەیەكی نوێی بڵاوكردووەتەوە.
27ی ئازاری 2022 تویتی كەسێك بەناوی "د. نایف كوردستانی" لەسەر مەرجەعیەت كە رایگەیاندبوو، "مەرجەعێكی عەرەبمان دەوێت كە لە ئەهلی ئالو بەیت بێت، نەك مەرجەعی هیندی و فارسی"، لایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە كرد و لەبەردەم بارەگای پارتی لە بەغدا ناڕەزاییان دەربڕی و بارەگاكەیان بەتەواوی سوتاند، لەگەڵئەوەشدا داوای لێبوردنی كرد و تویتەكەی سڕییەوە.
بۆ رۆژی دواتر و لە 28ئازاری ئەمساڵ، پارتی دیموكراتی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا باسی لەوەكرد، بەتوندی سەركۆنەی ئەو تویتە دەكەن و كە ئەو كەسەش پەیوەندیی بە پارتییەوە نییە: "ئەو تویتە تەنیا گوزارشت لە رای تایبەتی خودی كەسەكە دەكات و بەهیچ شێوەیەك هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، چونكە پارتی بڕوای راستەقینەی بە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن لە تەواوی بیروباوەڕە ئایینی و مەزھەبییەكان ھەیە".
