حكومەت: مەسرور بارزانی باسی ناردنەوەی پەنابەرانی كوردی لەبەریتانیا نەكردووە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن رایگەیاند:" سەردانی فەرمی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كۆبونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بەهیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی زۆرەملێ باس نەكراوە و هیچ رێككەوتنێكیش لەوبارەیەوە نەكراوە".
ئەمڕۆ 24ی ئایاری 2022، پاش خۆپیشاندان و گردبونەوەی چالاكوانانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: " بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیەنین كە حكومەتی هەرێم هیچ جۆرە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ".
هەروەها راشیانگەیاند:" بەڕونی دەیڵێین كە لە سەردانی فەرمی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كۆبونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بەهیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی زۆرەملێ باس نەكراوە و هیچ ڕێككەوتنێكیش لەو بارەیەوە نەكراوە".
هاوكات نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەخاتەروو كە پەیوەندیە دولایەنەكانی شانشینی یەكگرتوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان قوڵ و دۆستانەن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندی دولایەنەیە" ئەو پرسەی كە هەندێك كەس و لایەن دەیانەوێت چەواشەكاری و هەستی هاوڵاتیانی پێ بجوڵێنن بۆ بەرژەوەندی كورتخایەنی خۆیان بەكاریبهێنن ڕەتدەكەینەوە و ئەولەویاتەكانی پەیوەندی دولایەنە بەهیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی بەزۆر نییە".
