‌نێچیرڤان بارزانى: ئیراده‌ى سیاسى هه‌بێت لایه‌نه‌کان ده‌گه‌نه‌ رێککه‌وتن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌  ئه‌گه‌ر بڕیارو ئیراده‌ى ‏سیاسى هه‌بێت، ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ لایه‌نه‌کان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێکى کۆکه‌ره‌وه‌ و بنبه‌ستى سیاسى تێپه‌ڕێنێت.‏

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ى ئایارى 2022، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى ‏کوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مارک برایسۆن باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق و ‏شاندێکى سیاسى و سه‌ربازیى یاوه‌رى کرد.‏
له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى ‏کوردستان، دوایین پێشهاته‌کانى پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى ‏کوردستان، شه‌ڕى دژى تیرۆر و جموجۆڵه‌کانى داعش به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌کانى ‏ماده‌ى سه‌د و چل، گۆڕانى که‌شوهه‌وا و کاریگه‌رییه‌کانى له‌سه‌ر عیراق و هه‌رێمى ‏کوردستان و ناوچه‌که‌، تاوتوێ کرا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى هه‌بوونى تێڕوانین و لێکگه‌یشتنى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ ‏عیراقییه‌‌کان بۆ چاره‌سه‌رى کرده‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌وه‌ى "ئه‌گه‌ر بڕیار و ئیراده‌ى ‏سیاسى هه‌بێت، ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ لایه‌نه‌کان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێکى کۆکه‌ره‌وه‌ که‌ ‏چه‌قبه‌ستوویى و بنبه‌ستى سیاسى تێپه‌ڕێنێت".

هاوکات نیگه‌رانییان له‌ دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ ده‌ربڕى که‌ بوونه‌ ‏هۆى دووباره‌ ئاواره‌بوونه‌وه‌ى خه‌ڵکى ئێزدى و جه‌ختیان له‌ گرنگیى پێکه‌وه‌کارکردنى ‏حکوومه‌تى فیدرالى عیراق و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ‏ناوچه‌که‌ کرده‌وه‌. ‏
له‌به‌شێکى دیکه‌ى گفتوگۆکانیاندا، سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ‏سیاسییه‌کان، په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌کانى عیراق له‌گه‌ڵ ‏ده‌وروبه‌ر تاوتوێ کران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار