سەڵاحەدین بەهادین؛ بۆ چارەسەری مەلەفی نەوت بەنوێنەرایەتی دەسەڵات دەچێتە بەغدا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دوای كۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بەنوێنەرایەتی پارتی و یەكێتی بۆ چارەسەری مەلەفی نەوت و دۆسیەی داواكارییەكانی كورد دەچێتە بەغدا.
رۆژی یەكشەممە 22ی ئایاری 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كردو دوای بەشداریكردنی لەدەرچوونی 503 ئەفسەری نوێ لەقەڵاچوالان لەگەڵ بەرپرسانی یەكەمی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كۆبووەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی سەردان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین بۆ هاوڵاتی ئاشكرا كردو وتی:"دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، مامۆستا سەڵاحەدین یەكسەر چووە بەغدا و پەیامی یەكێتی و پارتی پێكەوە گەیاندە لایەنەكانی نزیك لەئێران بۆ ئەوەش كاك بافڵ و كاك نێچیرڤان بارزانی وەك نوێنەری هەموو كورد بەتایبەت پارتی و یەكێتی ناردوویانە تا بزانن چ لایەنێك لەگەڵ داواكارییەكانی كوردە".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سەڵاحەدین بەهادین لەئەولەویەتی ئەو شتانەی باسی دەكات،" پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت"، وتیشی:» هێشتا كۆبوونەوەكانی سەڵاحەدین بەهادین تەواو نەبوون، بۆچوونی سەڵاحەدین بەهادین زۆر گرنگ دەبێت لەو بابەتەدا، تەبعەن دوای گەڕانەوەی ناوەرۆكی پەیامی ئەو لایەنانە دەداتە كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك بافڵ تاڵەبانی».
دەربارەی پرسی نەوتی خاو كە بەغدا داوای دەكات، ئەو كەسە نزیكەی نێچیرڤان بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئێران پێش دوو مانگ پێشنیازی بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كردووە كە" ئەگەر لەگەڵمان رێكبكەون دادگای فیدراڵی و بڕیارەكانی چارەسەر دەكرێن".
هاوكات وتیشی:" تەنانەت خودی ئیسماعیل قائانی، بەرپرسی فەیلەقی قودس هاتە لای جەنابی كاك مەسعود و پێی وت رێككبكەون بۆ حكومەتی عێراق پرسی نەوت لە دادگای فیدراڵی چارەسەر دەكەین، بەڵام بە راستی پارتی سیقەو متمانەی نییەو گومانی هەیە، چونكە ئێستا میلیشیاكان هەر رۆژە و پرسێك دروست دەكەن و موشەك دەهاوێژن و هەڕەشە دەكەن".
