یەكێتی مەرجەكانی خۆی بۆ هەڵبژارنی پەرلەمان راگەیاند

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیدا ڕایگەیاند، پابەندن بە پاراستنی یەكڕیزی هێزە سیاسییەكانی هەرێم و پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات ئەوەش" لە ڕێی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاكژكردنەوەی لیستی دەنگدەران".
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئایاری 2022، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەكێتییەوە بڵاویكردەوە، یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات لە ڕێی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاكژكردنەوەی لیستی دەنگدەران.
هەروەها تێیدا هاتووە:" داواش دەكەین مشتومڕەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان بە زمانێكی ئارام و هێمن بەڕێوە بچن، بۆ ئەوەی ئاشتی كوردستان زەمینەی پەرەپێدانی دیموكراسی و حوكمڕانی باشتر بخوڵقێنێ".
دەقی راگەیەنراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی:
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان،پێشمەرگە قارەمانەكان وتێكۆشەرانی رێی رزگاری و خەباتگێڕانی ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسڵاوێكی گەرمی هەڤاڵانەوە پیرۆزبایی بیرەوەری (٤۷) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و (٤٦) ساڵەی دەستپێكردنەوەی شۆڕشتان لێدەكەین.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دۆخی دژواری دوای هەرەس و بۆ سەرخستنی پرۆژەی رزگاری و سەرفرازی گەلی كوردستان و دابینكردنی ماف و داخوازییەكانی لەسەر بنچینەی مافی چارەنووس هاتە كۆڕی خەباتەوە و سەرۆك مام جەلال و هاوڕێ دامەزرێنەرەكانی دەستپێشخەریی مێژووییان كردو دوای ساڵێكیش لە دامەزراندن سەدان هەزار تێكۆشەر بوونە هەوێنی دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ و ئەم كاروانەی كە بەردەوامە ئامانجی گەورەی بەدیهێناوە و هێشتا زۆری تریش ماوە كە بەدی بێنێت، ئەم رەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە رێبەری سەرۆك مام جەلال و بەگیانی پیرۆزی هەزاران شەهید و رەنجی شانی سەدان هەزار تێكۆشەر گەیشتە قۆناغی فیدرالی و سەرۆك مام جەلالیش بووە یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراقی دیموكرات و فیدرال.
هەڤاڵانی خۆشەویست
لەكاتێكدا یادی ئەو ڕۆژە گەش و پڕ سەروەرییەی یەكێتی دەكەینەوە، رووداو گەلێكی زۆر لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و عیراق و كوردستان هاتۆتە ئاراوە كە وامان لێ دەخوازێت یەكێتی بە ڕوانینێكی نوێیەوە رۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت و ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە تازەكانیش لەئەستۆ بگرێت. لەسەر ئاستی كوردستان وەك یەكێتی پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزی هێزە سیاسییەكان تاكو ئەم كۆدەنگی و یەكگرتویەی گەلی كوردستان بكەینە بناغەی كاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عیراقیەكاندا بۆ بەشدارییەكی كارای كورد لەپرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراكەت، پاراستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموكراتیەكان لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا. ئەم جۆرەسیاسەتە بارودۆخی چەق بەستوو و ناهەمواری وڵات ئەخاتەوە سەر ڕێچكەی راست و دروستی چارەسەركردن و رێگا بۆ گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیش دەكاتەوە.
هەڤاڵانی تێكۆشەر
لەكاتێكدا یادی ئەو دوو بۆنە شكۆدارە دەكەینەوە، ئەمساڵ دیداری یەكێتیی بۆ نوێبونەوەو چاكسازی تێكەڵ بە یادە مەزنەكەمان بووە، ئەم دیدارە لەڕێگەی بەشداری هەڤاڵان لە هەموو ئۆرگان و ناوچەكانەوە نەخشەرێیەكی تازەی كاركردن دەهێنێتە كایەوەو بەبڕیار و راسپاردەكانی لەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و ئالنگارییانە دەوەستێت و رێگا چارەی نوێ بۆ خەباتی حزبایەتی و حوكمرانی پێشنیار دەكات، تا پێكەوە ئەم ئەركە حزبی، دیموكراتی و نیشتمانییە سەر بخەین.
هاووڵاتیانی خۆشەویست،
هەموومان دەزانین هەرێمی كوردستان بەرەو وەرزی هەڵبژاردنەكان دەڕواو یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات لە ڕێی پێداچوونەوە بەیاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاكژكردنەوەی لیستی دەنگدەران، داواش دەكەین مشتومڕەكانی پەیوەست بەهەڵبژاردنەكان بەزمانێكی ئارام و هێمن بەڕێوە بچن. بۆ ئەوەی ئاشتی كوردستان زەمینەی پەرەپێدانی دیموكراسی و حوكمڕانی باشتر بخوڵقێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش هەڤاڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی یەكێتی دوپاتكردەوە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد وەك لە چەند رۆژی رابوردوو راگەیاند "بۆ ئەوەی گۆڕانكاری ڕاستەقینە لە حكومڕانی كوردستان بكەین".
جارێكی تر بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ .
رۆحی شەهیدان شاد و یادیان هەر زیندوو بمێنێت .
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
