بەنزینی 690 دیناری لەمەودوا بۆ سلێمانی بەردەوام دەبێت
وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەوەی خستەروو كە دوای هەوڵەكانی خۆیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بریارە دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری عێراقی سبەینێ سێشەممە دەستپێدەكاتەوەو تەنها لەناوشاری سلێمانی دابەشدەكرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی:" دوای هەوڵەكانی خۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی ناردنی بەنزینی 690 دیناری، بڕیارە بۆ سبەینێ سێشەممە بڕێك بگاتە سلێمانی و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت تەنها لەناو سەنتەری شار هەیە".
ناوبراو ئەوەشی خستەروو ناتوانن بڕی بەنزینەكە ئاشكرا بكەن لەئێستادا بۆیە تەنها لەناو شار لەلایەن بەنزینخانەكانی پێشتر دابەش دەكرێت.
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سبەینێ لۆد و قەرەباڵغی زۆر لەو بەنزینخانانە دروست دەبێت، بەڵام وتیشی:"ئەولەویەت بۆ پاس و تاكسی دەبێت و دواتر بۆ ئوتومبێلی تایبەت".
لەئێستادا بەنزینی نۆرماڵ بۆ هەر لیترێك بە هەزارو 100 دینار و موحەسەن هەزارو 225 و سوپەر هەزارو 300 دینار.
" دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری بەشی خۆی كاریگەری لەسەرنرخی بەنزین دەبێت، چونكە بریارەكە وایە كە ئەم بەنزینە بەردەوام بێت".
