لەبادینان؛ كوژرانی 18 چەكداری سوپاكەی ئەردۆغانی راگەیەندرا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ڕایگەیاند:"لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، 18 داگیركەری تورك كوژراون و گورز لە هێلیكۆپتەرێكیش دراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی چالاكییەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی گەریلاكان دژی سوپای تورك بڵاوكردەوە.
دەقی راگەیەندراوی هەپەگە:
لە ئەنجامی چالاكی هێزەكانماندا ١٨ داگیركەر سزادراون و گورز لە هەلیكۆپتەرێك وەشێنراوە، هاوكات داگیركەران ١٨ جار تونێل و سەنگەرەكانی شەڕیان بە چەكی كیمیایی و بۆردوومان كردووە، جگەلەوەش ١٧ جار بە فڕۆكە و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن مەیدانەكانی بەرخۆدان بۆردوومان و تۆپباران كراون.
گەریلاكان لە ناوچەی ئاڤاشین لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی حوزەیران دوو چالاكییان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، بەڵام زیانەكانی سوپای تورك نەزاندراون.
لە زنجیرەیەك چالاكیی گەریلاكاندا لە ناوچە جیاجیاكانی مەتینا، ١٥ داگیركەری تورك سزادراون و گورز لە هێلیكپۆپتەرێكی سكۆرسكیی سوپای توركیش وەشێندراوە، بەو هۆیەوە نەیتوانیوە بنیشێتەوە و داگیركەران دابنێت.
گەریلاكان زنجیرەیەك چالاكییان بە چەكی سووك و مامناوەند دژی داگیركەران ئەنجامداوە، كە هەوڵیانداوە نزیك ببنەوە لە توونێلەكانی شەڕ، لە ئەنجامیشدا سێ داگیركەر سزادراون.
دوێنێ ٥ی حوزەیران سوپای تورك ١٨ جار بە چەكی كیمایی ناوچەكانی گردی هەكاریی، وەرخەلێ، ئەشكەوتی برینداران، كاركەر، چیاڕەش و گردی جەهەننەم-یان بۆردوومان كردووە.
هەروەك ١٧ جار بە فڕۆكەی جەنگیی و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بۆردوومان و تۆپباران كراون.
