جارێكی دیكە پارتی بەفەرمی كاندیدبونی رێبەر ئەحمەد بۆ سەرۆك كۆمار دووپاتدەكاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە كە"هەڵوێستمان لەبارەی پرسی سەرۆككۆمار هەمان شتە، كە دوو رۆژی رابردوو رێبەر ئەحمەد رایگەیاند."
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوورۆژی رابردوودا جەختی لەوەكردەوە كە كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی حوزەیرانی 2022، مەحمود محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند:"هەڵوێستمان لەبارەی پرسی سەرۆككۆمار هەمان شتە، كە دوو رۆژی رابردوو رێبەر ئەحمەد رایگەیاند."
هەروەها راشیگەیاند:"بەرەوپێشچوونێك لە گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن لە گفتوگۆ بەردەوامین."
ئەمە لەكاتێكدایە لە دوو هەفتەی رابردوودا، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی راسپێردرا لەلایەن مەسعود بارزانییەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لەلایەنەكان بەتایبەت لەگەڵ یەكێتی تا گفتوگۆ و دانوساندن بكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.
تا ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح، كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
لەرۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوەو بەهۆی رێككنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ناكۆكی هێزە شیعەكان هێشتا سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردراوە تا كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق راسپێرێت.
