بۆ هەڵبژاردن؛ سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ یونامی سكرتاریەتێك پێكدەهێنن 

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت " بڕیاردرا سكرتاریەتێك پێكبهێنرێت لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی یۆنامی بۆ بەدواداچوون و بەردەوامیی هەوڵەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییە‌كان و‌ تا ڕێككەوتی 1ی تەمووزی 2022 ڕاپۆرتێك لەمبارەیەوە ئامادە بكات".

دەقی راگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان :

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتیی هەرێم
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/6/2022 بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیمی پسپۆڕی هەڵبژاردنەكانی سەر بە یونامی، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
 
كۆبوونەوە تایبەت بوو بە بابەتی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و هەوڵدان بۆ لەیەك نزیككردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەوە‌.
كۆبوونەوە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی‌ كرد كە شەوی چوارشەممە 8/6/2022 بە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و زیانی گیانی و ماددی هاوڵاتیانی سڤیلی لێكەوتەوه و ئەمە بە هەڕەشەیەكی جددیی‌ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عیراق لێكدرایەوە‌، لەمبارەیەوە داوا لە حكوومەتی فیدڕالی عیراق كرا كە پێویستە كۆتایی بەم دەستدرێژییانە بهێنرێت و بە هەماهەنگی و هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، هەوڵی جددی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بدات.
 
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەوڵەكانی نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و پەرۆشییان بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنەكان كرد، هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی لایەنە سیاسییەكان و بەدەنگەوەهاتنیان بۆ داوەتنامەی سەرۆكایەتیی هەرێم كرد.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەرجەم ئامادەبووان كۆك بوون لەسەر زەروورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتووانە بە ‌جۆرێك كە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و برەودان بە پرۆسەی دیموكراسی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكان بێت و سەرۆكایەتیی هەرێم بەردەوام ‌بێت لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لەبەردەم یاسای هەڵبژاردندا ماون.
 بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوە بڕیاری دا سكرتاریەتێك پێكبهێنرێت لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی یۆنامی بۆ بەدواداچوون و بەردەوامیی هەوڵەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییە‌كان و‌ تا ڕێككەوتی 1ی تەمووزی 2022 ڕاپۆرتێك لەمبارەیەوە ئامادە بكات.
 
سەرجەم لایەنەكان هەوڵەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمیان بەرز نرخاند بەمەبەستی لەیەك نزیكردنەوەی لایەنە سیاییەكان و دووپاتیان كردەوە كە لەمبارەیەوە پاڵپشتیی هەنگاوەكانی سەرۆكایەتی دەبن‌، هەروەها سوپاسی هەوڵ و كۆششەكانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیان كرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار