ناهێڵین بەئاسانی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ رواندا تێپەڕێندرێت

سەرباز بەرزنجی، جێگری پارێزگاری لەندەن لامبس بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



 

سازدانی: كاوەڕەش. بەریتانیا

ئەو كوردەی بووە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئەركێكی دیكەشی پێسپێردرا كە بەزۆرینەی دەنگ وەك (جێگری پارێزگار - لەندەن لامبس) هەڵبژێردراو بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» كۆكردنەوەی هەموو وزەو تواناكان زامنی ئەوە دەكات لۆبییەكی باش بۆ كورد دروست بكەین».

سەرباز سەید عەلی بەرزنجی، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ژمارەیەكی ئێجگار زۆری كورد لەهەموو ئاست و باكگراوندی ئەكادیمی و پسپۆڕی جیاواز پشتگیریان كردووین بەچەندان رێگای جیاواز، ئەو رووحە یەكگرتووییە هەستێكی خۆشت پێدەبەخشێت كە هەستی یەكبوون و گەورە بیركردنەوە دەبینیت، خەڵكی ئێمە زۆر مەردو لەخۆبووردوون».

هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە»پەنابەران دەبێت شەرەفمەندانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت ناكرێت وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و بخرێنە ناو جیاوازیە سیاسییەكانی حزبەكانی بەریتانیاو بكرێنە چەكی ململانێی سیاسی، ئەوان پێویستیان بەهاریكاری و سۆزە».

 هاوڵاتی: ئەگەر خۆت بتەوێ وەك چیرۆكێكی كورت، ژیانی خۆت بەیان بكەی؟

سەرباز بەرزنجی: ناوم سەرباز سەید عەلی بەرزنجی لەسەرەتاكانی تەمەنمەوە لە لەندەن دەژیم، لەقۆناغەكانی قوتابخانەی ئامادەییەوە لە لەندەن خوێندوومە.

وەك پەنابەر هاتوومە بەریتانیا، بەڵام ئێستا (هاوڵاتی بەریتانیم) وەك دەزانن پەنابەر ناتوانێت خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سیاسی، ساڵانی زۆر كارو چالاكی سیاسیمان هەیە لەناو سیاسەتی بەریتانیا چەندان پۆستی حزبیمان وەرگرتووەو تەكلیف كراوین بۆ زۆر بەرپرسیاریەتی تر.

پێش ئەوەی ئەو بەرپرسیاریەتیە وەربگرم و ئێستا كە بەرپرسیاریەتیم هەیەو دوای تەواوبوونی بەرپرسیاریەتیەكەم هەروەك خۆمم، باوەڕبوونم بەتێكۆشان بۆ چاكەی گشتی و خزمەتی خەڵك ناگۆڕێت، هەر بەردەوام دەبم لەخزمەتی كۆمەڵگاو خەڵك و كارئاسان كردنی ژیانی خەڵك بەپێی توانای خۆمان 

 

هاوڵاتی: وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە وەك كوردێك چی لەژیانی تۆدا دەگۆڕێت؟

سەرباز بەرزنجی: كە باسی لەندەن دەكەین خۆشە وەك خۆی تێی بگەی باسی زیاتر  لە 10 ملیۆن مرۆڤ دەكەین، هەرێمی لەندەن، لەندەن ریجن بەتەنها لەندەن چەند هێندەی هەرێمی كوردستانە، سەنتەری ئابوری ئەوروپا، ناوەندی بڕیاری جیهانە، دەسەڵاتەكانی مەیە لەندەن لەهەرێم زیاترە، پڕۆژەی ستراتیژی و گواستنەوە، فڕۆكەخانەكان تەنزیم دەكات.

ناتوانین بەراوردی بكەین بەسیستمی كوردستان، هەر وڵاتەو هەیكەلیەتی ئیداری جیاوازە، لێرە لامەركەزیە، لەئەمریكا پێی دەڵێن گاڤنە لەبەریتانیا پێی دەڵێن مەیە، مەیە Mayor گەورەترین دەسەڵاتی شارە، لەئەڵمانیا بەسەرۆكی وڵات دەڵێن راوێژكار.

لەبەریتانیا  بەسەرۆكی پەرلەمان دەڵێن سپیكەر كەتەرجومەی كوردی بكەیت واتە قسەكەر، تێگەیشتن لەسیستمی وڵات بەگوگڵ ترانسلەت ناكرێت.

وەك ئاگادارن لە ٥/٥/٢٠٢٢ هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لەوڵاتی بەریتانیا ئەنجامدران. بۆ ئەو مەبەستە دوای كێبڕكێیەكی دیموكراسیانەو بەدەنگی راستەوخۆی هاووڵاتیان وەك ئەندامی ئەجومەنی شارەوانی متمانەی دەنگدەرانمان بەستهێنا لەو بازنەیەی لێی كاندید كرابووین.

دواتر لەڕۆژی ٢٥/٥/٢٠٢٢ لەڕێوڕسمێكی شایستەو تایبەتدا، ئەنجومەنی شارەوانی بەبەشداری سەرجەم ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پەرلەمان  و نوێنەری تایبەتی خاوەن شكۆ شاژن، لەپڕۆسەیەكی روون و دیموكراسیانەدا، سەرەڕای ئەركی ئەنجومەنی شارەوانی ئەركێكی ترم پێسپردرا، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن وەك جێگری پارێزگار - لەندەن لامبس هەڵبژێردراین، لای ئێمە 2 هەزارو 400 كارمەندی هەیە.

ئەو بەرپرسیاریەتیەم بۆ ئەوە وەرنەگرتووە ژیانی خۆم بگۆڕم، چونكە پێش ئەو بەرپرسیاریەتیەش ژیانم باش بووەو لەبواری تایبەتمەندێتی خۆم سەركەوتوبووم، وای دەبینم من دەبێت چ بكەم بۆ ئەركەكەم نەك ئەرك و مەسئولیەتەكە چی بۆ من دەكات.

پێش ئەوەی ئەو بەرپرسیاریەتیە وەربگرم و ئێستا كە بەرپرسیاریەتیم هەیەو دوای تەواوبوونی بەرپرسیاریەتیەكەم هەروەك خۆمم، باوەڕبوونم بەتێكۆشان بۆ چاكەی گشتی و خزمەتی خەڵك ناگۆڕێت، هەر بەردەوام دەبم لەخزمەتی كۆمەڵگاو خەڵك و كارئاسان كردنی ژیانی خەڵك بەپێی توانای خۆمان  .

 

ئێمە هەموو هەوڵێك دەقۆزینەوە بۆ ئەوەی بەكۆمەڵگای بەریتانیا بڵێن كە پەنابەران تاوانكار نین

 

هاوڵاتی: ئەوەندەی ئاگاداربین بەڕیزتان و دوو كوردی دیكە، لەشارەوانیەكانی لەندەن بوونتان هەیە، لەهەمانكاتدا ئەندام پارلەمان و وەزیری پەروەردەش كوردە، بۆ رەوشی كورد، كاریگەری چیتان دەبێت بۆ هەر  چوار پارچەكەی كوردستان؟

سەرباز بەرزنجی: ئێمە كاركردنمان بەو ئاراستەیەیەو هیواداریشن بتوانین بەهەموومان كاریگەریمان هەبێت، بەداخەوە لەزۆرێك لەوڵاتانی جیهان و لەبەریتانیاش ژمارەیەكی بەرچاوی كورد بوونی هەیە، خەڵكی زۆر بەتواناو دڵسۆزمان هەیە، بەڵام وزەو تواناكان نارێكخراون، پەرت و لێك دوورن، كۆكردنەوەی هەموو وزەو تواناكان زامنی ئەوە دەكات بەهەموومان لۆبییەكی باش بۆ دۆزی رەوای كورد دروستبكەین.

بێگومان منیش هەوڵی تەواوی خۆم دەدەم تا ئەو لێك نزیكبوونەوەیە دروست بكەین، نەك هەر لەنێوان سیاسییەكان، بەڵكو سەرجەم تووێژەكان، ئەكادیمی و پیشەیی  و كۆمەڵایەتی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی ئێمە لەڕێگای پێگەكەمان لەحكومەتی بەریتانی و لەحزب دروستمان كردووە، بێگومان هاوكاری باش دەبێت، زۆر ئاسانتر دەتوانین دەنگمان بگات بەناوەندی بڕیاری بەریتانیا.

وەك چۆن لەڕابردوو ئەو هەلانەمان قۆستۆتەوە بۆ خزمەتی دۆزی رەوای كوردو گەیاندنی ئازارەكانی كورد لەداهاتووش بەردەوام و سوورتر دەبین لەسەر ئەو رێگایە.

هاوڵاتی: لەلەندەن سەدان نەتەوەو كلتوری جیاواز بوونی هەیە، وەك كوردێك، كێن ئەوانەی دەنگیان بەتۆ داوە؟ ئایا بەپشتیوانی كوردەكان یان متمانەی ئینگلیزەكانیشت بەدەستهێناوە؟

سەرباز بەرزنجی: لەڕاستیدا ئێمە وەك كورد ژمارەو رێژەمان هێندە كەمە هەر پلەبەندیشمان بۆ نەكراوە چ جای بگاتە ئەوەی كاریگەری هەبێت لەسەر هەڵبژاردن، لێرە كەسێك جنسیەی بەریتانی نەبێت ناتوانێت بەشداری پڕۆسەی سیاسی بكات و دەنگ بدات، بۆیە دەنگدەرانی ئێمە خەڵكی بەریتانی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خۆشحاڵ بووم چەندان گەنجی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەر ئەركێك  بتوانن بیكەن بۆ پشتگیری ئێمە.

ژمارەیەكی ئێجگار زۆری كورد لەهەموو ئاست و باكگراوندی ئەكادیمی و پسپۆڕی جیاواز پشتگیریان كردووین بەچەندان ێگای جیاواز، كۆمێنت بڵاوكردنەوە، پەیوەندی، ئەو رووحە یەكگرتوویە زیاتر دڵخۆشم دەكات ئینشاڵا زیاتر پەرەی پێبدەین، هەستێكی خۆشت پێدەبەخشێت كە هەستی یەكبوون و گەورە بیركردنەوە دەبینیت، خەڵكی ئێمە زۆر مەردو لەخۆبووردوون.

هاوڵاتی: لەئێستادا بڕیارێك هەیە بۆ رەوانەكردنی پەناخوازان بۆ رواندا، رەنگە بەشێك لەكوردە پەناخوازەكانیش بگرێتەوە، دەتوانن چی بكەن لەو بارەیەوە؟

سەرباز بەرزنجی: ئەو بڕیارە بەتەنها بۆ كورد نیە بۆ هەموو پەناهەندەیەكە لەهەر وڵاتێكی جیهانەوە بێت، بەڵام بۆ كورد سەختترو گرانترە، بڕیارەكە تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو هیوادارین جێبەجێش نەكرێت، ئێمە پێمانوایە پەنابەران دەبێت شەرەفمەندانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، ناكرێت وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و بخرێنە ناو جیاوازیە سیاسییەكانی حزبەكانی بەریتانیاو بكرێنە چەكی ململانێی سیاسی، ئەوان پێویستیان بەهاریكاری و سۆزە.

ئێمە هەموو هەوڵێك دەقۆزینەوە بۆ ئەوەی بەكۆمەڵگای بەریتانیا بڵێن كە پەنابەران تاوانكار نین، لەگەڵ دەسەڵاتداران قسە دەكەین، لەگەڵ حكومەت و لەڕێگەی دۆست و هاوكارانمان لەپەرلەمان نەهێڵین بەئاسانی بڕیاری لەو شێوەیە تێپەڕێندرێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین بەربەست و پاڵنەرە سیاسیەكانی پشت ئەو بڕیارە زۆر جددین و ئاسان نیە بڕیارێكی ئاوا بوەستێندرێت، بەجددی هەوڵی خۆمان دەدەین هەرچیەك بكرێت درێغی ناكەین.

هاوڵاتی: لەئێستادا ژمارەیەكی بەرچاوی رەوەندی كوردی لەبەریتانیا بوونی هەیە، پەیامی ئێوە چیە بۆ ئەوان، تابتوانن خۆیان بنیادبنێن و كەسانی بەسودیان لێدەرچێ، بەكۆمەڵگای كوردی و بەریتانی؟

سەرباز بەرزنجی: پەیامی ئێمە بۆ هەموو كوردێك ئەوەیە لەهەر بوارێكدا كار دەكەیت بۆ خزمەتی خۆت و خەڵك بەكاری بهێنە، رابرووی خۆتان لەیاد مەكەن، بەڵكو خۆتانی پێ مۆتیڤەیت بكەن بۆ چاكەی گشتی، قیاسی سەركەوتن بەرژەوەندی كورت و تەسكی شەخسی نیە، ئەو ئیمپاكتەیە كە تۆ لەسەر مێژوو و میللەتت بەجێتدەهێڵیت.

ئەوە تاكە كۆمەڵگا دروست دەكات، ئەوە تاكە كە بەدەستەجەمعی ئیش دەكات گۆڕانكاری دروست دەكات، هیوادارین نموونەی بەرزی بەها باڵاكان و پێكەوەژیان بن لەكۆمەڵگای بەریتانی.

خۆم بەنوێنەر و هاوكارو برای هەموو كوردێك دەزانم لەهەر شوێنێكی دنیا بێت و پاڵپشتی و دەستخۆشیم بۆ هەموو كەسێكە كەژیانی خۆی بۆ خزمەتی چاكەی گشتی تەرخان دەكات.

هاوڵاتی: لەكاتی سوێندخواردن بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی شارەوانی، جلوبەرگی كوردیت لەبەردابوو، ویستتان لەو رێگەیەوە پەیامێك بگەیەنن؟

سەرباز بەرزنجی: بەشداربوونمان لەم رێوڕەسمەدا بەجلوبەرگی كوردی هەموو حساباتێكی سیاسیم بۆ كردووەو مەسجێكی نەتەوەیی بووە، هەموو كەسیش پێی خۆش نەبووە، لەوانەیە خەڵكی رەگەزپەرست زۆر دژیشی بووبن، چەند پەیامێكی تیدابوو

مەبەستمان بوو پشانی جیهانی بدەین كە لەندەن هەلی وەرگرتنی پۆست و دەسەڵاتیش لەسەر بنەمای لێهاتوویی بۆ هەموان رەخساوە.

جلوبەرگیش  سیمایەكی هەرە گرنگی كلتوری كوردییە، ئێمەش بەشوناس و باكگڕاوندی  خۆمان شانازی دەكەین، ویستمان بەڕای گشتی بەریتانیا بڵێین ئێمەش بەشێكین لەبنیاتنانی كۆمەڵگای بەریتانی و دەتوانین خزمەتی وڵاتەكە بكەین

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار