سوپاكەی ئەردۆغان لە زاپ گەمارۆ دەدرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە باكوور و باشووری كوردستان 11 داگیركەر تورك كوژران و شەشی دیكەش برینداربوون، ئەوەش دووپاتدەكرێتەوە كە سەربازانی سوپاكەی ئەردۆغان لە زاپ گەمارۆ دراون.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڤیدیۆی ترس و هەڵهاتنی سوپاكەی ئەردۆغان لە هەردوو شاخی ئێف ئێم و هەكاری بڵاودەكەنەوە كاتێك گەریلا رووبەروویان دەبنەوە.
هاوكات، ڕۆنی بۆتان، كە وەك گەریلایەك بەشدارە لە بەرخۆدانی زاپ بۆ ئاژانسی فورات نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) دەڵێت:" لەم هێرشەی لەئێستادا، شكستێكی زۆر گەورەتر ڕووبەڕووی سوپای تورك دەبێتەوە، تەنانەت دوژمن ناتوانێت بە ئاسانی لە زاپ بچێتە دەرەوە"
هەروەها دەشڵێت:" ئێمە وەك تیمی گەڕۆكی گەریلا فیداییەكانی ڕێبەر ئاپۆ و هەپەگە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداریی لە بەرخۆدانی زاپدا دەكەین و هاوشێوەی شەهیدە قارەمانەكانمان لە دژی دوژمن چالاكیی ئەنجام دەدەین".
هێزەكانی پاراستنی گەل چەندین جار ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە سوپاكەی ئەردۆغان لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا ناتوانن بچنە دەرەوەو دەیان تەرمی سەربازەكانیان لە دۆڵەكاندا كەوتوون و ناتوانن بیانبەنەوەو میدیای ئەردۆغان و دەوڵەت باغچەلی ئەوە دەشارنەوە.
