ناوەڕۆكی كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتاییهات و لە راگەیەندراوی باقڵ تاڵەبانی هاتووە:" یەكێتی دژی ھەر ھەوڵێك دەوەستێتەوە كە رێگە بۆ شەڕ لە نێوان لایەنە كوردییەكان خۆش دەكات ".
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەمڕۆ شەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی كرد و بە گەرمی پێشوازی لێكرا.
لە كۆبونەوەكەدا كە د.خەسرەو گوڵ، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، رزگار عەلی، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی ئامادەیبون، جەخت لە گرنگیی پاڵپشتی و پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كارنامە چاكسازییەكەی كرایەوە بە ئاڕاستەی زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتییان، لە كۆبونەوەكەدا چارەسەركردنی ئەو كێشانەی پێویستییان بە چارەسەرە تاوتوێكران.
ھەر لە كۆبونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پشتیوانیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرخستنی كارنامە چاكسازییەكەی و داكۆكیكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كردەوە. هاوكات راشیگەیاند، یەكێتی دژی ھەر ھەوڵێك دەوەستێتەوە كە رێگە بۆ شەڕ لە نێوان لایەنە كوردییەكان خۆش دەكات و جەختی كردەوە، لای ئێمە كوشتنی كورد بەدەستی كورد ھێڵی سورە".
لە بەرامبەردا سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێم، كارنامەیەكی چاكسازی هاوبەشی هەیە كە بۆ هەمو لایەنە بەشدارەكانی حكومەتە و پێویستە وەك یەك تیم، بە هاوكاری و پشتیوانیی هەمو لایەنە كوردستانییەكان كار لەپێناو جێبەجێكردنی كارنامەكە و خزمەتكردنی هاوڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بكەن.
