پەرلەمان بە"نهێنی" گفتوگۆ لەسەر گرانبونی پێداویستیەكانی خەڵك دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی گرانبونی نرخی كاڵاو شمەكی هاوڵاتیان بە داخراوی بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی كوردستان بە میوانداری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی كۆبوونەوەی خۆی دەستپێكرد كە تایبەتە بە بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو شتومەك لە بازاڕەكاندا.
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی كردنەوەی كۆبوونەوەكە بریاری داخستنی كۆبوونەوەكەی خستە دەنگدانەوەو بە دەنگی 60 پەرلەمانتار دانیشتنەكە بە داخراوی بەرێوە دەبات و ئەوەش نیگەرانی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن و چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆرانی لێكەوتەوە.
شیركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" بەنهێنیكردنی دانیشتنی پەرلەمان پێچەوانەی یاسا و مافی هاوڵاتیانەو نەدەبوو سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەو كارە كات، بەڵام بۆ ئەوەی هاوڵاتیان نەزانن كۆمپانیاكانی حزب چییان كردوە".
هەروەها راشیگەیاند:" حكومەت خۆی بە دەستی ئەنقەست گرانی بازاری دروستكردوەو بەنزینی گرانكردوە، باجی زیاد كردوە. عەلەف و دەرمانی گرانكردوە. نرخی كارەبای بەرز كردووەتەوە، حكومەت بێدەسەڵاتە لە بەردەم كۆمپانیاكانی حزبدا و ناتوانێت هیچیان لەگەڵ بكات".
