شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هاوكاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەكانی توركیا ئەنجامیان نابێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كاڕگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەشداری پرسەی فەرهاد شبلی كردو رایگەیاند:" ناكرێ هەرچی داهات و دەستكەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ توركیا".، راشیگەیاند:" كەسێك خۆی بە كورد بزانێت لەپێناو دۆلارێكدا ژیانی كوردێكی دیكە لەناونابات".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كاڕگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەشداریی لە پرسەی شەهید فەرهاد شبلی و هاوڕێكانیدا كرد و لە پەیامێكیشدا ڕایگەیاند:" ناكرێ هەرچی داهات و دەستكەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ توركیا و ئەویش بەكاریبهێنێتەوە بۆ كوشتنی خۆمان".
هەروەها راشیگەیاند:" ئەگەر هاوكاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەكانی توركیا ئەنجامیان نابێت".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە"ئەردۆغان، سوڵتانەكەی توركیا لە زمانی ئیدانە تێناگات".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كاڕگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی (سلێمانی، شارەزوور و گەرمیان)ی ئەو حزبە بەشداریی لە پرسەی شەهید فەرهاد شلبی و هاوڕێكانیدا كرد، كە لە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی.
دوای بەشدارییكردنی لە مەراسیمەكە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" بێگومان ئەوە دەستدرێژییەكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ سەر خاكی كوردستان و ژیانی خەڵك، قسەمان زۆر كردووە و ئیدانەمان زۆر كردووە، بەڵام لەوە ناچێ سوڵتانەكەی توركیا لە هیچ یەكێك لەو زمانانە تێبگات، بۆیە پێویست دەكات كە شێوازی قسەكردنمان بگۆڕین لەگەڵیدا، تێبگات كە ژیانی ئەم خەڵكە زۆر گرنگە".
" دەستدرێژیكردنە سەر منداڵ و سووتاندنی گوند و چۆڵكردنیان و كوشتن و دەستنیشانكردنی ئەو خەڵكانەی كە بە میوانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی بێن، ئەوە بەهیچ شێوەیە مایەی قبوڵ نییە"، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وای وت.
كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەنەكە لەبارەی زیادبوونی هێرشەكانی توركیا لە سنووری سلێمانیش دەڵێت:" ئەوە جێگەی داخە كە لە سلێمانی بەوشێوەیە خەڵك دەستنیشان دەكرێن، بەڵام لە شوێنەكانی دیكەش خەڵك دەستنیشان كراون، هەموو گوندەكان، هەموو مرۆڤەكان، منداڵ، ژن و پیاو دەستنیشان كراون، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرنامەمان هەیە كە شێوازی گفتوگۆ و مامەڵەمان بگۆڕین لەگەڵ بەرامبەرەكانمان".
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە"بێگومان ئەگەر هاوكاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەكانی توركیا ئەنجامیان نابێت، بەداخەوە من ناتوانم ئەوانە ناوبنێم كورد، چونكە كەسێك خۆی بە كورد بزانێت لەپێناو دۆلارێكدا ژیانی كوردێكی دیكە لەناونابات".
لەبارەی هۆكاری بێدەنگیی حكومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە بەرامبەر ئەو هێرشانە دەڵێت:" دیارە هۆكاری ئەم بێدەنگییانە بۆچی دەگەڕێتەوە، بۆ بەرژەوەندیی هەرێم لەگەڵ توركیا، كەس نەیوتووە شەڕ دەستپێبكەین لەگەڵ توركیا، شێوازی دیكە هەیە بۆ مامەڵەكردن، بەڵام ناكرێ هەرچی داهات و دەستكەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ توركیا و ئەویش بەكاریبهێنێتەوە بۆ كوشتنی خۆمان.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، جەختی لەوەشكردەوە كەوا ئەمڕۆ سوڵتانەكەی توركیا"ئەردۆغان" كەسێكی شەهیدكرد، دوێنێ كردی، پێرێ كردی، ساڵی ڕابردوو كردی، سبەینێش دەیكات، ئەوكات چی؟ ئایا نموونەی ئەو سوڵتانە سەدام و هیتلەرن؟ ئەگەر ئەوەیە با بڕوات سەیری مێژوو بكات بزانێت كۆتاییان چۆن بووە؟.
