ڕێكخراوی هەنگاو ژمارەی پێشمەرگە دەستگیركراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرادەكات

3 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتی

ڕێكخراوێكی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایدەكات: " تەنیا 4 پێشمەرگەی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەستگیركراون نەوەك 10 پێشمەرگە."

 ڕێكخراوی هەنگاو كە تایبەتە بەكاروباری مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند:" لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار پێشمەرگەی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە ناوەكانی موحسین مەعروفی خەڵكی مەهاباد، پژمان فاتیحی خەڵكی كامێران، هەژیر فەرامەرزی خەڵكی دێولان و وەفا ئازەربار خەڵكی بۆكان لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بە دیل گیران".

حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران شەوی یەكشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٤ی جولای ٢٠٢٢) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند:" كە چەندین ئەندامی ئەو حیزبە لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون".

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە: "ئەم گرووپە پێشمەرگەیە لە ئەنجامی چالاكییەكی سیاسی و ڕێكخستنی لە ناوچەی سۆمای ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراون".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەیەك بە شوێن و هەروەها ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی كە دەستبەسەر كراون نەدراوە، بەڵام وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە چەند ڕۆژی پێشتر ڕایگەیاند:" گرووپێكی ١٠ كەسییان لەو ناوچەیە دەستبەسەر كردووە".

ڕێكخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدەكات دوای بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەركەوتووە تەنیا دەستبەسەركردنی ٤ پێشمەرگە پشتڕاستدەكاتەوە و بانگەشەی دەستبەسەركردنی ١٠ كەس لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بە درۆ دەخاتەوە و دوورە لە ڕاستی.

ڕێكخراوی هەنگاو بە سەرنجدان بە هەڵسوكەوتی ناوەندە ئەمنییەكان لەگەڵ بەندكراوانی سیاسی كورد بەتایبەت پێشمەرگەی حیزبە كوردستان نیگەرانی خۆی بە نسبەت ئەگەری ئەشكەنجە و خستنە ژێر گوشاری دەروونی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەو كەسانە دەردەبڕێت و داوا دەكات كە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەم دۆسیەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار