پەرلەمانی عێراق لە نێوان دوو بژاردەدا ... هەڵوەشانەوە یان كۆبوونەوە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەوكاتەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر دەستیان لەپەرلەمانتاری كێشاوەتەوە، دۆخی سیاسی عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەدیووەو هەر ماوە نا ماوەیەك موقتەدا سەدری ڕابەری ڕەوتی سەدر، جارێك بەخۆپیشاندان و نوێژی ملیۆنی و جارێكی دیكەش بەهەڵكوتانە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و مانگرتن تیایدا هێندەی تر دۆخەكەیان گەیاندۆتە لێواری تەقینەوەو پێكداكێشان.

 وەزیرەكەی سەدر كە بەتویتەكانی گوزارشت لەبیروبۆچوونەكانی سەدر دەكات، هەرچەندە داوایكردووە ڕۆژی شەممەی داهاتوو جارێكی دیكە خۆپیشاندان و نوێژی ملیۆنی ئەنجامبدرێت و لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بەرەو گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لەناوچەی سەوز بڕۆن، بەڵام رۆژی سێشەممە موقتەدا سەدر خۆپیشاندانەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

ئەوەی دیمەنەكەی هێندەی تر ئاڵۆزكردووە لایەنگرانی بەرامبەریش كە (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، عەمار حەكیم) نوێنەرایەتی دەكەن ئەوانیش ڕژاونەتە شەقامەكان و ڕووبەڕووی نەیارەكانیان وەستاون و ئەگەری پێكدادانیان لەئان و ساتدایە.

توندبوونەوەی ململانێی ئەمجارەی سەدرییەكان و نەیارەكانیان بۆ داواكارییەكانی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختەیە كە هەرچەندە زۆرینەی زۆری لایەنەكان بەڕووكەش لەگەڵ داوایەكی وەهادان، بەڵام چەندین مەرجی سەختیان داناوە كە ئەستەمە بەمزووییە جێبەجێبكرێت و ماوەیەكی زۆری پێویستە بۆ جێبەجێكردنی.

لەهەمووشی گرنگتر نەبوونی دەروازەیەكی دەستوورییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەبێ ئەنجامدانی دانیشتنەكانی پەرلەمان، لەتازەترین پێشهاتیشدا ئەنجومەنی دادوەری عێراق لەوەڵامی داواكارییەكی سەدر بۆ دەستوەردان لەو بابەتەدا بەفەرمی ڕایگەیاند:"ئەوان ناتوانن پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە، ئەو كارە ڕێكاری دەستووری خۆی هەیەو ئەوە كاری ئەوان نییە".

پەرلەمانی عێراقیش كە ئێستا لەلایەن هەردوو لایەنەوە لەناوچەی سەوز گەمارۆ دراوە، لەئێستادا دانیشتەكانی پەكخراوەو ناتوانرێت كۆبوونەوەی تیادا بكرێت، هەرچەندە پێشنیارێكیش هەیە بۆ بردنە دەرەوەی دانیشتنەكان بۆ شوێنێكی دیكە (بۆ نمونە هەرێمی كوردستان) بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جدی لەو بوارەدا نەنراوەو پێدەچێت هەر پێشنیار بێت و هیچی دیكە.

لەڕووی یاساییشەوە بەپێی مادەی ٢٠ پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان  هیچ ڕێگرییەك لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەدەرەوەی بەغدا نییەو دەتوانرێت كۆبوونەوە بكرێت، لەم نێوەندەشدا ناوی پارێزگای (سلێمانی) وەك جێگایەك بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە دێت بەڵام ئەمەش هێشتا ڕەزامەندی تەواوی لایەنەكانی بەدەست نەهێناوە.

لەلایەكی ترەوە بەبڕوای چاودێرێكی سیاسی كاتێك ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێت دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی كابینەی نوێ بدات، لەهەمانكاتدا نایەوێت خۆشی هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا رێگا بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە پەنابردنە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی. 

لەچوارێوەی هەوڵەكانیشدا بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵا سەركردەی لایەنە سیاسیەكان كۆبووەوەو باسی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان كردووە لەدەرەوەی ناوچەی سەوزی بەغدا، لەو بارەیەوە عوسمان كاروانی سەركردەی یەكگرتوو ڕایگەیاند:" عامری لەسەردانەكەیدا بۆ لای یەكگرتوو وتویەتی ئەگەر رێگری بەردەوام بێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە بەغدا، ئەوا لە شوێنێكی دیكە كۆبوونەوە دەكرێت".

بەبڕوای چاودێرانیش كۆبوونەوەی پەرلەمان لەدەرەوەی ناوچەی سەوز هەرچەندە لەڕووی دەستووری و هونەری و لۆجستییەوە ڕێگەپێدراوەو دەكرێت ئەنجامبدرێت، بەڵام كەس نازانێت دەرئەنجامەكانی چی دەبێت و وڵات بە كوێ دەگەیەنێت، هەربۆیە لە ئێستادا پێشنیارێكی وا هێندە بەجدی باسناكرێت و تەنیا وەك ئەگەرێك دەخرێتە ڕوو.

بەپێی زانیارییە میدیاییەكان عامری لە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی لایەنەكانی  هەرێمی كوردستان وتویەتی" ئەو كێشەیەی ئێستا هەیە لە كێشەی ناو ماڵی شیعە تێپەڕیوەو بووە بە كێشەی هەموو عێراقو وڵات لەبەردەم مەترسیدایە، ئەگەر سیستمی سیاسی ئێستا هەڵوەشێتەوە، هەموان زەرەرمەند دەبن نەك بە تەنیا شیعە، بۆیە دەبێت هەموان پێكەوە چارەسەری ئەم دۆخە بكەن".

حەیدەر سەلمان وەك چاودێرێكی سیاسی بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاندووە "هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق ئەو ئاماژە بەدەستەوە دەدات كە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پۆستی سەرۆككۆمار بدەنە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی، ئاماژە بەوەشدەكات هەڵنەبژاردنی هەولێر بۆ كۆبوونەوە  دوورخستنەوەی پارتییە وەك هاوپەیمانێكی موقتەدا سەدر".

ئەو چاودێرە جەخت لەوەشدەكاتەوە:"تەنانەت ئەگەر لەڕووی هونەری و لۆجستییەوە كۆبوونەوەكە لە سلێمانیش ببەسترێت ڕەنگە نەتوانرێت نیساب تەواو بكات و هاوپەیمانانی سەدر و بەشێك لەسەربەخۆكان بایكۆتی بكەن، ئەمە جگە ئەگەری مانگرتنی سەرتاسەری لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە و دۆخەكە بەتەواوەتی تێكبچێت".

چواچێوەی هەماهەنگی ڕازیبوون بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەڵام چوار مەرجییان داناوە كە ئەوانیش،"دەبێت حكومەتی كاربەڕێكەر كۆتایی بێت و كاندیدی ئەوان حكومەت دروستبكات، هاوكات یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن پێویستە بگۆڕدرێت، هەروەها پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردن دانیشتنی خۆی ئەنجامبدات، هەروەها پێویستە كۆدەنگی نیشتمانی بۆ بڕیاردان لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەدەستبهێنرێت."

لەبەرامبەردا وەزیرەكەی سەدر لە تویتێكدا بەناوی موقتەدا سەدرەوە بۆ خۆپیشاندەران دەڵێت:" تا كۆتایی خۆپیشاندانەكان بەئاشتییانە دەمێنێتەوە و داواكارییەكان بریتییە لە چاكسازی كردن لەسیستەمی دادگەری، یاسادانان، جێبەجێكردن، و لێپێچینەوە لەگەڵ گەندەڵكاران، جەختیش لەوەدەكاتەوە هێزە ئەمنیەكان و حەشدی شەعبی برای  ئێوەن و دەستدرێژی كردن بۆ سەریان دەستدرێژی كردنە بۆ سەر موقتەدا، هاوكات جەختیش لەوەدەكاتەوە كە دەسەڵاتی دادوەری و بارەگاكەی هیڵی سورە لەگەڵ ئەوەی داوامان كردوە چاكسازی تێدا بكرێت. "

دەربارەی ئەنجامدانی دانیشتن یاخود دانەنیشتنی پەرلەمانیش، ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی حكومەتی عێراق باس لەوەدەكات:"لەئێستادا (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان لەدۆخێكی هیوا بۆ نەخوازراودایە كە ئەویش لەبەردەم دوو ئەگەردایە، كە ئەوانیش بانگهێشتكردنی ئەندامانی پەرلەمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یاخود دەستپێكردنەوەی دووبارەی دانیشتنەكان و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و كاندیدی سەرۆكوەزیران، تەنانەت فشارەكان بەجۆرێكن كە كار گەیشتۆتە ئەوەی هەردوولایەن چ سەدرییەكان و چی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەدادگا سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن".

بەشێك لەچاودێرانی سیاسی دۆخی عێراق باوەڕیان وایە هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی دوای كشانەوەی سەدرییەكان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان پڕكردوەتەوە، بەڵام هێشتا دەیەها ئاستەنگ و گرفت لەبەردەمیدا هەن كە بتوانن هەر جۆرە حكومەتێك درووستبكەن كە سەدرییەكان ڕەتی بكەنەوە و مانۆڕە سیاسییەكانیشان ئەنجامەكەی بەشكست كۆتایی دێت، چونكە پەرلەمان لەئێستا بەبێ سەدرییەكان ئەستەمە بتوانێت كۆبوونەوە بكات و هیچ سەركردەیەكی سیاسیش جورئەتی ئەوەناكات شەقامی سەدرییەكان لەخۆی توڕەبكات.

ئەوەی گرێی دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزتر كردووە ئەوەیە سەدرییەكان داوادەكەن پەرلەمان بەبێ هیچ كۆبوونەوەیەك هەڵبوەشێتەوە ئیدی گرفتیان نییە چی لایەنێك ئەوە دەكات، سەرۆك كۆمارە یاخود دادگای فیدڕاڵی و بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، لەبەرامبەریشدا چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن پێویستە ئەم خولەی پەرلەمان جارێك بەردەوام بێـت و كۆبوونەوەكانی بكات و ئەگەر باسێكیش لەهەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت دەبێـت دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ و سەرۆك وەزیرانی نوێ بكرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار