هێرشەكانی توركیا 275 گوند لەدهۆك چوڵدەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

بەهۆی هێرش و پەلامارە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەسنوری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 275 گوند چۆڵكراون، زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بەر خەڵكی ناوچەكە كەوتووە، ساڵانە بەهەزاران دۆنم پوش و پاوان و باخەكانی ناوچەكە رووبەڕووی سووتان دەبنەوە.

سوپای توركیا بەبیانوی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هێرش و پەلامارەكانی بۆسەر ناوچەكانی دهۆك بەردەوامە، ئەمەش زیانی گەورەی گیانی و ماددی زۆری بەخەڵكی ناوچەكە گەیاندووە.

  ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بەئاسمانی و زەمینیەوە، دەیان ساڵە لەسنوری پارێزگای دهۆك بەردەوامن، پاساوەكەش راوەدونانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، هەر ئەمەش بووەتە هۆكار كە نیوار سەعید گوندەكەی خۆی بەجێبهێڵێت و ئێستا لەناوەندی شاری دهۆك دەژیت .

گوندی كێستە بەدووری 35 كێلومەتر دەكەوێتە سنوری ناحیەی كانی ماسێ لەسنوری پارێزگای دهۆك، یەكێكە لەو گوندانەی بەهۆی هێرشەكانی توركیاو شەڕی توركیاو پەكەكە بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی چۆڵی كردووە، خەڵكەكەی بەكشتوكاڵ  و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، پێش دوو ساڵ 40 بۆ 50 ماڵ لەو گوندە دەژیان ئێستا تەنها هەشت ماڵی لێماوەتەوەو ئەوانەی تر هەموویان ماڵیان گواستووەتەوە بۆ دهۆك و زاخۆ.

نیوار سەعید یەكێكە لەو هاووڵاتیانەی كەخەڵكی گوندی كێستەیە بۆ هاوڵاتی  دواو راگەیاند: « زیاتر لە 30 ساڵە لەوێ دەژیاین، سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووین ، پێش دوو ساڵ بەهۆی بەردەوامی شەڕی توركیاو پەكەكە بەیەكجاری ماڵی خۆمان گواستەوە بۆ ناوەندی شاری دهۆك، تەنها لەڕۆژانی هەینی سەردانی گوندەكەی خۆمان دەكەین و ئێوارە دەگەڕێینەوە بۆ شار»، ئەو بەنیگەرانیەوە وتی:»كەس حەزناكەت گوندی خۆی بەجێبهێڵێت».

« باخیی ترێ و سێوو هەنجیرمان هەبوو لەگەڵ 45 سەرمەڕ، مەڕەكانمان فرۆشت باخەكەش خەریكە وشك دەبێت چونكە ناتوانین هەموو رۆژێك بچینە گوند، ئەوەش لەبەر بەردەوامی بۆردومانی توركیا، ژیانێكی خۆشمان هەبوو هەموومان لەدەستدا ، داوا لەوڵاتانی دەرەوەو یوئێن دەكەین سنورێك بۆ لەشكركێشی توركیا دابنێن، واش بڕوات دڵنیام هەموو گوندەكانی ناحیەكە چوڵدەبن» نیوار سەعید وای وت.

لەبارەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان قایمقامی قەزای ئاكرێ رایگەیاند: «ساڵی رابردوو لیژنەیەك لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان سەردانی قەزای ئاكرێی كرد، كۆی ئامارو زیانەكانمان پێشكەشی لیژنەكە كرد، بەڵام تائێستا یەك هاووڵاتی قەرەبوو نەكراوە، ئەمەش لەدەستەڵاتی حكومەتی عێراقدایە بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و دەبێت ئەوان بڕیاربدەن كەئایا هەر هاووڵاتیەك كەی و چۆن قەرەبوو دەكرێتەوە».

نیوەی گوندەكانی ناحیەی دەركار چۆڵیانكردووە

لەلایەكی ترەوە دڵشێر عەبدولستار، بەرێوەبەری ناحیەی دەركار ژمارەی گوندە چۆڵكراوەكانی سنورەكەی بۆ هاوڵاتی ئاشكراكردو وتی:» ناحیەی دەركار لە 63 گوند پێكهاتووە تائێستا 32 گوند بەتەواوی چوڵكراون كە بەشێكیان هی كریستیانەكانن»، راشیگەیاند:» لەساڵی 1991 تاوەكو ئێستا 32 هاووڵاتی سڤیل لەسنوری دەركارو باتیڤا بەهۆی بۆردوومانی توركیا شەهیدو برینداربوون، جگە لەمەش لە 20ی تەمموزی ئەمساڵدا لەگوندی پەرەخێی سەر بەناحیەی دەركار نۆ گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستداو  زیاتر لە 20 گەشتیاری دیكەش برینداربوون».

بەشێك لەو گوندانەی چۆڵكراون كریستیانن و ئەوانیش بەشێكیان ماڵی خۆیان گواستوەتەوە بۆ ناوەندی زاخۆو دهۆك و بەشێكی دیكە بەیەكجاری كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات .

لینوس عودیشو،  ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەپێكهاتەی كریستیان بەهاوڵاتی ی وت: « لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 10 بۆ 15 گوندی كریستیان نشین چوڵكراون، لەسنوری پارێزگای دهۆك، ئامێدی و ئاكرێ  20 گوند چوڵكراون.

بەگشتی نزیكەی 40 گوندی كریستیان چۆڵكراون كەئێستا هیچ كەسیان تێدا ناژی و بەشێكیان ماڵی خۆیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی دهۆك و زاخۆو شارەكانی تر بەشێكی تریان كۆچیانكردووە بۆ دەرەوەی وڵات «.

 لینوس عودیشو زیاتر دواو وتی: « بێگومان نەمانی كریستیانەكان لەو گوندانە زیانی زۆر هەیە بەتایبەت بۆ پێكهاتەی كریستیان كەزیاتر لە 50 ساڵە لەو گوندانە دەژین، داوا لەحكومەتی هەرێم و بەغداد دەكەین بەزووترین كات زیانلێكەوتووان قەرەبوو بكەنەوە، هاوكات هەوڵبدەن لەگەڵ توركیا بگەنە لێكتێگەیشتنێك كەچیتر ناوچەكانمان بوردوومان نەكرێن».

هەر سەبارەت بەزیانی هێرەشەكانی توركیاو شەڕو ئاڵۆزی لەسنوری پارێزگای دهۆك، رزگار سدقی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: «لە 1999وە تائێستا  زیاتر لە 275 گوندی پارێزگاكە بەهۆی هەبوونی بارەگاكانی پەكەكەو بەردەوامی بۆردومانی توركیا چوڵكراون، ئەو گوندانە دەكەونە سنوری قەزاكانی ئامێدی، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاكرێ و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» سەرووی 35 هاووڵاتی سڤیل شەهیدكراون و زیانی ماددی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بەر خەڵكی ناوچەكە كەوتووە ئەوە جگە لەسووتانی زیاتر لەشەش هەزار دۆنم پووش و پاوان و باخی گوندنشینانی ناوچەكە.

مازن محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەسنوری قەزای ئاكرێ 24 بۆ 25 گوند بەهۆی شەڕی بەردەوامی توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چوڵكراون، جگە لەوەش زیانی گیانیمان هەیە».

توركیا بەردەوامە لەهێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دوای هێرشەكەی هاوینەهەواری گوندی پەرەخێ لەدهۆك-یش، رۆژی 26ی تەمموزی ئەمساڵ دۆسیەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم و سەروەری عێراق برایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەندامی ئەنجومەنەكەش ئیدانەی هێرشەكانیان كردو داوایانكرد رێز لەسەروەری عێراق بگیرێت، بەڵام ئەمەش توركیای رانەگرت و بەردەوامە لەسەر هێرش و كردەوە دوژمنكارییەكانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار