یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بێخاوەن دەكەوێت

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

پرۆژە پێشنیازی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لەهەرێمی كوردستان زۆرترین مشتومڕی لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لێكەوتەوە، هەرچەندە 32 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر پێشنیازە یاساكە كردووە، بەڵام ئێستا سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان خۆیانی لێ بێبەری دەكەن.

لە 21-6-2011، پەرلەمانی كوردستان یاسای «بەرەنگاربوونەوەی خێزان لەتووندوتیژیی لەهەرێمی كوردستان - عێراق»ی پەسەند كرد كە لە 10 ماددە پێكهاتووە، زیاتر لەساڵێكە پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت هەمواری بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چوارشەممەی رابردوو 21-9-2022  خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرد كەدواتر كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

 لەناوەڕۆكی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزاندا كە 31-3-2021 رەوانەی لیژنەی یاسایی كراوە، بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكاتی خوێندنەوەی دووەمدا گۆڕانكارییەكی كەمی تێدا كراوە، لەپڕۆژە پێشنیاركراوەكەی هەموارەكەدا چەند خاڵێكی تێدایە كە بووە بەجێگەی گفتۆگۆو كاردانەوەی زۆرو جیاواز.

 لەناوەڕۆكی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزاندا، 17 خاڵ وەكو تاوانی تووندوتیژیی  دژ بەخێزان و ئافرەت دانراون.

یەكێك لەو خاڵانەی كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە بابەتی هەواڵدەرە، لەیەكێك لەماددەكاندا هاتووە: هەركەسێك بە روودانی تاوانێكی تووندوتیژیی بزانێت، بۆی هەیە هەواڵ بداتە دادوەری لێكۆڵینەوە یان لێكۆڵەر، یان داواكاری گشتی، یان بەرپرس لەبنكەی پۆلیس، یان ئەندامێكی بەرزەفتەیی دادگەریی.

 هاوكات لەماددەیەكی پێشنیازە یاساكەدا بۆ هەمواركردنەوە، هاتووە:

 1-دادگای لێكۆڵینەوە یان دادگای تایبەتمەند بۆی هەیە فەرمانێكی خۆپارێزی دەربكات، بەدوورخستنەوەی ئەو كەسەی تووندوتیژیی خێزانی ئەنجامداوە و لەماڵی خێزانەكەو رێگەنەدانی بەپەیوەندیدكردن بەكەسی قوربانی، تاوەكو پرسەكە یەكلایی دەكرێتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پێدانی تێچووەكانی خێزان ئەگەر بەخێوكەربێت.

 2-ئەوكەسەی توندوتیژی خێزانی ئەنجامداوەو لەخێزان دوورخراوەتەوە، بۆی نییە پەیوەندی بكات بەتاكەكانی خێزانی، تەنیا بەڕەزامەندیی ئەوان یان رەزامەندیی نوێنەری یاسایی تاكەكانی خێزانی نەبێت، ئەگەر تەمەنی 18 ساڵیان تەواو نەكردبێت و قوربانییەكە بێ لێهاتوویی بێت، چاوپێكەوتنەكەش لەشوێنێك دەكرێت، كەدادوەری لێكۆڵینەوە یان دادگای تایبەتمەند دیاری دەكات، بەسەرپەرشتی توێژەری كۆمەڵایەتی لەنوسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بەئافرەت بەئامادەبوونی ئەفسەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی.

یەكێك لەو پەرلەمانتارانەی واژۆی پرۆژەكەیان نەكردووە، رووپاك ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانە، كەئەندامە لەلیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی وت :»یاسای پێشووی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خۆی خراپ بوو، ئێستا دەبوو هەمواربكرێتەوە بۆ باشتربوون نەوەكو خراپتر بكرێت،  ئێمە یاسا بۆ كۆمەڵگا دەردەكەین و دەبێت بەگوێرەی عورفەكانی كۆمەڵگەو ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت، نەك پێچەوانە بێت».

  رووپاك ئەحمەد دەشڵێت :»یەكێكی دیكە لەو خاڵانەی تێبینیمان هەیە، دوورخستنەوەی ئەندامانی خێزانە، هەرچەند ئەوە لەیاساكەی ساڵی 2011شدا هەبووە، ئەوەی رابردوو خراپ بووە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكانیش زۆر بووە، یاسا كۆنەكە هەواڵدەریشی تێدابوو، بەڵام هەندێك بڕگەی بۆ زیاتركراوە، بۆنموونە كە دەوترێت داواكاری گشتی ناچار دەبێت داواكە بجووڵێنێت، بابەتی هەواڵدەری لەهەندێك شار لەماوەكانی رابردووشدا جێبەجێ كراوە».

 هەر لەو بارەیەوە سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت : «پڕۆژەكە خۆی هەموارە، یاسا كۆنەكە 10 ماددەیە، ئێستا كراوە بە 14 كە لەجیهاندا نەبووە هەموار زیاتر بێت لەیاساكە، دەبێت كۆی پڕۆسەكە رەتبكرێتەوە و ئەوەی پێشتر هەبووە كێشەیەكی ئەوتۆی نەبووە».

 وتیشی: «بابەتی هەواڵدەر ناكرێت تێكەڵی تایبەتمەندیی خێزان بكرێت، تووندوتیژیی خێزانی ناكرێت كەسی دیكە دەستوەردانی تێدابكات».

 ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو رایگەیاند: «مافی گشتی و تایبەت تێكەڵكراوە، لەبابەتی هەواڵدەردا دەڵێت ئەگەر دوو هاوسەر لەماڵدا كێشەو شەڕیان هەبێت، هاوسێكەیان دەتوانێت سكاڵا بكات و بڵێ پیاوەكە لەژنەكەی داوە یان بەپێچەوانەوە، ئەگەر خۆشیان ئاگایان لێنەبێت و دوای پێنج خولەك ئاشتببنەوە، هەر دەبێت بچنە دادگاو داواكاری گشتیش ناچاركراوە سكاڵایان دژ تۆماربكات كە بەگوێرەی یاساش داواكاری گشتی مافی سكاڵای تایبەتی نییە».

هەر سەبارەت بەیاساكە شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «ئێمە لەگەڵ پڕۆژەیاساكەدا نین، چونكە رەنگە بە رووكەش پڕۆژەیاساكە شتێكی باش بێت، یان خەڵك واتێگەیشتبێت لێی، بەڵام لەناوەڕۆكدا پێچەوانەی عورف و كلتووری كۆمەڵایەتی و شەرعی و دینیی كۆمەڵگەی ئێمەیە».

 هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان تا رای فراكسیۆنەكە لەو بارەیەوە بزانێت، بەڵام جەختیكردەوە ئەو راگەیەندراوەی هەیان بووە رای هەموو فراكسیۆنی یەكێتییە.

 فراكسیۆنی یەكێتی لەڕاگەیەندراوەكەیدا نووسیویەتی «سوورین لەسەر رێگریكردن لەتووندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بەهەموو شێوەیەك و دژی ژن كوشتنین، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای تەواومان بەپاراستنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی خێزانی هەیەو لەپرەنسیپە بنەڕەتیەكانمانەو خەباتیشی لەپێناودا دەكەین».

  بەڵام  پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، بەهاوڵاتی وت: «پارتی و مێژووی پارتی پڕە لەهەڵوێست لەبەرگری لەهەموو ئایینەكان و ئایینی ئیسلام كەئایینی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستانەو لەسەر رێچكەو رێبازی بارزانی نەمر لانادەین و دڵنیایی دەدەین كە رێگەنادەین یەك وشەش بە پاڵپشتیی ئێمە تێپەڕببێت كە هەستی موسڵمانان بریندار بكات».

هەروەها لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان كۆكبوون لەسەر ئەوەی نابێت ئەو یاسایە بەشێوەیەك تێپەڕێت دژی بنەماكانی ئایینی ئیسلام بێت».

هاوكات عەبدوڵڵا شێركاوەیی، بەرپرسی راگەیاندن مەكتەبی جێبەجێكاری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: «دوای خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆمان دەركەوتووە، كەئەم پرۆژەیاسایە لەگەڵ بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت و واقعی كۆمەڵگەی كوردی و ئاشتی كۆمەڵایەتییەو ئەگەری لێكەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە، داواكارین لەپەرلەمانی كوردستان پرۆژەی ناواقعی و نەگونجاو بەكلتورو واقعی میللەتەكەمان نەخاتە بەرنامەی كارو  هەوڵی بەیاساكردنی نەدات، چونكە دەركردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەیە نەك زیاتركردنی كێشە».

هاوكات شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتووین لەسەر ئەوەی پرۆژەیاساكە دەبێت هەموار بكرێتەوەو هیچ دەقێكی تێدا نەبێت پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت».

هاوشێوەی ناو پەرلەمان، لەدەرەوەی پەرلەمانیش راو بۆچوونەكان سەبارەت بەیاساكە دابەشبوون،  لەوبارەیەوە هاوژین زیبا ژنە فێمینیست و چالاكی ژنان بەهاوڵاتی وت:»پرۆژە یاساكە بەگشتی باشە لەگەڵ ئەوەی كەپێویستەو ئەم باسانە وا دەردەكەون كە نوێ بن بۆ بەشێك لەپەرلەمانتاران كە دەبوو زۆر ئاگایانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسەكاندا بكەن، توندوتیژی بەرامبەر بەژنان لەدنیادا یاسا كۆنترۆڵی كردووەو  پێویستە لێرەش یاسا بەرقەراربێت بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی».

هاوكات شۆخان ئەحمەد رەشید پارێزەری راوێژكارو سەرۆكی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان كەئامادەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بوو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەڕاستی ئێمە لەم رۆژە دەترساین كەئەم یاسایە بەسەلامەتی لەم خولە دەرناچێت، ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە، لەگەڵ رێزم بۆ هەندێك لەپەرلەمانتاران، زۆربەیان باكگراوندی مەعریفیو یاساییان نییەو بەشی هەرە زۆریشیان وامان هەستكرد، ئێست یاساكە دەبینن، بۆیە زۆر بەتوندی دژی بوون».

وتیشی:» لە2015وە ئێمە هەمواری یاساكەمان ئامادەیەو حەزمان دەكرد بیدەین بەپەرلەمان، بەڵام بەڕاستی وەكو وتم لەم خولەدا بەهۆی كەم ئەزمونی پەرلەمانتاران پەیوەست بەپرسە یاساییەكان، نەمانوێرا ئەوەبكەین، چونكە شارەزاییان نییە».

بەوتەی شۆخان ئەحمەد «زۆربەی زۆری پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەبوون ئەم یاسایە رەتبكرێتەوە بەو هۆیەشەوە گرژیو ئاڵۆزیی دروستبوو، ئێمەش وەك پارێزەرانو رێكخراوەكان پێمانوایە ئەگەر رەتبكرێتەوە باشترە لەهەمواركردنەوەی بەمشێوەیەی ئێستا، بۆیە رایدەگەیەنین شوكرین بەوەی پێشترو ئێستا دەستكاریی نەكرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار