هاوڵاتی هۆكارەكانی گرانی نرخی نەوتی سپی بڵاودەكاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەراورد بەمانگی نۆی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی 155 هەزار دینار زیادیكردووەو لەئێستادا نرخی بەرمدلێک نەوت لەسەرووی 285 هەزار دینارەوەیەو چاوەڕوان دەكرێت بۆ وەرزی زستان نرخەكەی بەرزتر ببێتەوە، نەوت فرۆشێك دەڵێت: بەهۆی زۆری نرخەكەیەوە فرۆشی نەوت زۆر كەمبووەتەوە، هاوڵاتی هۆكارەكانی گرانی نرخی نەوت لەهەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە.

كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەوەكالەت دەڵێت: دابەشكردنی نەوتی سپی دەستپێدەكاتەوەو لەقۆناغی یەكەمدا 320 هەزار خێزان سوودمەند دەبن.

 بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەریگرتووە،  پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەمشێوەیەیە: مانگی 10 لەناوچە شاخاوییەكان و  مانگی 11 لەدەوروبەری شارەكان و  مانگی 12 نەوت لەسەنتەری شارەكان دابەشدەكرێت.

جەلال محەمەد، نەوتفرۆشێكی شاری سلێمانییە،  بە هاوڵاتی وت:» بەردەوام رۆژانە كڕیارەكان پەیوەندیم پێوەدەكەن، دەیانەوێت بۆ وەرزی زستان نەوت بكڕن، بەڵام كاتێك نرخەكەیان پێدەڵێم پەشیمان دەبنەوە».

وتیشی:» ساڵانی رابردوو لەم كاتانەدا فرۆشی نەوت زۆر باشبوو، بەڵام ئەمساڵ چەند بەرمیلێك نەوتم فرۆشتووە، ئەوانەشی هەواڵی نرخی نەوت دەپرسن، زۆریان دەڵێن ئەوەنە گرانە مەگەر بەدەبە بیكڕین، هەندێكیشیان دەڵێن مەگەر چیلكەو دار بسوتێنین».

جەلال محەمەد نایشارێتەوە كەهۆكاری سەرەكی گرانی نرخی نەوت جگە لەوەی حكومەتی هەرێم دابەشی ناكات، تێكەڵی گازوایل دەكرێت و دەفرۆشرێت، ئەو دەڵێت:» بەشێك لەو نەوتەی دێتە هەرێمی كوردستان بەقاچاغ دەهێنرێت، ئەمەش هۆكارێكی تری گرانی نرخەكەیەتی».

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی ماڵان بۆ سەروو 285 هەزار لەكاتێكدایە، مانگی 12ی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی،  گەیشتە 160 هەزار دینارو پێشتریش واتە رێك لەمانگی نۆی ساڵی رابردوو كەدەكاتە ساڵێك لەمەوبەر نرخەكەی 130 هەزار دیناربوو، بەوەش بەراورد بەساڵی رابردوو نرخی نەوت زیاتر لەدوو هێندەیەو تائێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لەهەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەو نرخە.

نافز مستەفا سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە هاوڵاتی وت:»نرخی نەوتی سپی لەهەولێر  280 هەزار دینارەو بڕیاریشە لەگەڵ بەرهەمە نەوتیەكانی هەولێر سەبارەت بەگرانبوونی نرخی نەوتی سپی كۆببینەوە».

هاوكات عەبدولسەمەد تیلی، سەرۆكی لیژنەی سوتەمەنی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە هاوڵاتی وت:»هاووڵاتیان لەدهۆك بەرمیلێك نەوت بە 290 هەزار دینار دەكڕن، ماوەی حەوت ساڵیشە نەوت بەتەواوی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش نەكراوە».

وتیشی:»هەموو ساڵێك دەڵێن لەناوچە شاخاویەكانەوە دەستپێدەكەین، لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە دانیشتوانیان كەمە، لەكاتێكدا ئەو ناوچانە خەڵكیان لێ نەماوەو زۆربەیان لەزستانان دێنە ناوشارەكان، پرۆسەی دابەشكردنەكە خاوەو تاسەرەی ناوشارەكان دێت ئیتر سەرما نامێنێت، تائێستاش كەساڵی شەشەمە 70%ی خەڵكی دهۆك نەوتیان وەرنەگرتووە».

هەر سەبارەت بەو پرسە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:»كۆمەڵێك هۆكار هەیە بۆ گرانبوونی نرخی نەوت، یەكەم تائێستا حكومەتی هەرێم نەوتی دابەش نەكردووە، دووەم كاتێك پاڵاوتن لەناوخۆدا نییە نەوتی سپی لەدەرەوە دەهێنرێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەیە، هۆكارێكی دیكەی گرانبوونی نرخی نەوتی سپی ماڵان ئەوەیە ئەو گازوایلەی كوالێتیەكەی باشەو پاڵاوگەكان بەرهەمی دەهێنن دەبرێتە دەرەوە بەنایاسایی و بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بۆ گازوایلی ناوخۆی ئەم شوێنانە وەك مۆلیدەكان و شوێنەكانی دیكە نەوتی سپی و پاشماوەی رۆنی رەشی ئۆتۆمبێل و مەوادی دیكە تێكەڵ دەكرێت، بەوەش خواست زیاتر دەبێت و نرخیش گرانتر دەبێت».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار