شەنگال؛ لەكۆی 65 خێزانی كریستیان تەنها یەك خێزان گەڕاوەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پێش هێرشی داعش بۆسەر شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری 65 خێزانی كریستیان لەسنوری قەزای شەنگال بێ گرفت لەگەڵ پێكهاتەكانی تردا دەژیان، دوای هێرش و پەلاماری داعش ئەوانیش وەك باقی خەڵكەكەی تر ئاوارەبوون و كڵێساكانیشیان خاپووركران، دوای رزگاركردنی ناوچەكەش تەنها یەك خێزانی كریستیان گەڕاوەتەوەو بەشێكی خێزانە كریستیانەكانی تر لەسنوری هەرێمی كوردستان ئاوارەن و بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی نیوەی كریستیانەكانی شەنگال بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، نوێنەری كریستیانەكانی شەنگالیش دەڵێت: « نائارامی و هێرشی سوپای توركیا هۆكاری سەرەكین بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەكان».

عیسا شەمعون ، نوێنەری كریستیانەكانی شەنگال كەئێستا لەپارێزگای دهۆك دەژی بە هاوڵاتی راگەیاند:» سێ كڵێسامان لەناوەندی شەنگال هەبوو بەداخەوە هەرسێكیان لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە، لەوەش ناخۆشتر هێشتا نوژەننەكراون، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێك لەشوێنە ئاینیەكانی ئێزدییەكان و موسڵمانان نۆژەنكرانەوە، ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە، ئەوەش لەبەر سێ هۆكار، یەكەم بوونی ژمارەیەكی زۆر لەهێزی چەكدارو ناسەقامگیری ناوچەكە، ناوبەناو ئاڵۆزی و شەڕ لەنێوان چەند گروپێكی چەكدار روودەدات، هۆكاری دووەم نۆژەننەكردنەوەی خانووە رووخاوەكان و كەمی خزمەتگوزاری، سێیەم شوێنێك نیە ئێمە پەرستنی تیادا بكەین كڵێسەكانمان نوژەن  نەكراونەتەوە، ئەوە جگەلەوەی بەمدواییە شتێكی نوێ لەقەزای شەنگال زیاد بووە كەپێشتر نەبووە، ئەویش بۆردومانی ناوچەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ئێمە هەمیشە حەزدەكەین لەشوێنێكی ئارام و بێ كێشە بژین، تائەم گرفتانە چارەسەرنەكرێن ناتوانین بگەڕێینەوە».

پێش هاتنی داعش 65 خێزانی كریستیان لەشەنگال نیشتەجێبوون و سێ كڵێسایان هەبوو كەداعش لەگەڵ  80 كڵێساو شوێنی ئایینی كریستیانەكانی نەینەوا تەقاندنیەوەو هێشتا زۆربەیان نۆژەننەكراونەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی نیوەی كریستیانەكانی شەنگال روویان لەدەرەوەی وڵات كردووەو ئەوانەشی ماونەتەوە لەدەرەوەی كەمپ لەسنوری پارێزگای دهۆك دەژین.

كبرائیل شەمعون، ماوەی هەشت ساڵە لەگوندی سێجێ لەسنوری قەزای سێمێل لەگەڵ دەیان خێزانی دیكەی كریستیانی دەژی، ئەو بە هاوڵاتی وت:»ئاواتی ئێمە ئەوەیە جارێكی تر بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆمان، بەڵام بەو دۆخەی ئێستا هەرگیز ناتوانین، رۆژێك شەڕو ئاڵوزی لەنێوان یەبەشە و هێزە عێراقیەكان روودەدات، رۆژێكی تر توركیا بۆردومانی ناوچەكە دەكات،  چۆن بەو دۆخەوە بگەێینەوە؟! ژیانی ئاوارەیی زۆر قوڕس و ناخۆشەو لەئێستادا دابەشكردنی هاوكاری بەسەر ئاوارەكانیش زۆر كەمبووەتەوە، بەڵام ئێمە ناچارین لەپارێزگای دهۆك بمێنینەوە.

وتیشی:» ئەوەی پارەی هەبێت دەچێتە دەرەوەی وڵات، نیوەی كریستیانەكانی شەنگال كۆچیان كردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەوانەی هەژارو دەستكورتیشن ماونەتەوە، بەلایەنی كەمی لەكوردستان ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە، نووێژو پەرستنی خۆمان لەكڵێساكانی سێمێل و دهۆك دەكەین، ئەگەر كڵێساكانمان نۆژەن بكرێنەوەو بەغدادو هەرێمی كوردستان لەسەر دۆخی شەنگال رێكبكەون رەنگە ئێمەش ئەوكات بگەڕێینەوە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار