له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌...بەرواری باڵا؛ خاوەن باخی سێوەكان زیانی زۆریان بەركەوتووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



 

عەمارعەزیز
 
سێوی بەرواری باڵا لەسنوری بادینان لەرووی رەنگ و تامەوە بەناوبانگە، ئەمساڵ بەهۆی هاوردەكردنی سێو لەدەرەوە لەلایەك و بێ‌ بارانی لەلایەكی تر زیانێكی زۆر بەر خاوەن باخەكانی سێو كەوتووە.
هەوار سەعید، خاوەنی شەش باخی سێوە لەگوندی خشخاخا لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ بەهاوڵاتی وت: «ئەمساڵ لەو شەش باخەی بەرهەمەكەی نۆ تۆن بووە، تائێستا پێنج تۆنم فرۆشتووە ئەوەی تر ماوە، بەگشتی جوتیارەكان لەسەدا 50  بەرهەمی خۆیان فرۆشتووە، زۆرجار كیلۆیمان داوە بە 180 دینار، ئێمە لەو خەرجیەی دەیكەین زۆرجار زیان دەكەین، دەیان ساڵە بەرپرسان بەڵێنی بێ كردار دەدەن و دەڵێن سێوەكانی بەرواری باڵا رەوانەی دەرەوە دەكەین یاخود دەیكەین بەشەربەت و دەیان قسەی تر، بەڵام هەمووی بێسوود بووە».
وتیشی: «زیاتر لە 200 جوتیار لەسنوری ناحیەكە هەن كە هەریەكێك بەلایەنی دوو تاسێ باخی سێویان هەیە، ساڵانە سەدان تۆن سێو لەبەر دارەكان رزیو دەبن و بێ ناز ماونەتەوە».
هەموو ساڵێك لەكاتی پێگەیشتنی سێوەكانی ناوچەی بەرواری باڵا جوتیارەكانی گلەیی ئەوەیان دەكرد كە هیچ شوێنێكیان نیە سێوەكانیان لەڕزین بپارێزن، بۆ ئەمساڵ فەرمانگەی چاندن لەدهۆك دوو ساردكەرەوەی لەسنوری ناحیەی كانی ماسی داناوە تاجوتیارەكان سێوەكانی خۆیان لەو دوو ساردكەرەوەیە دابنێن، بەڵام جوتیارەكان دەڵێن ئەو دوو ساردكەرەوەیە بەشێ بەرهەمی دوو تا سێ جوتیار دەكات ئەی ئەوانی تر چی بكەن؟
هەوار سەعید دەڵێت: « ئەو دوو ساردكەرەوەیە تەنیا بۆ چەند جوتیارێک بووە، ئەی ئەو جوتیارانەی تر چی بكەن،  ئەوەی حكومەت كردویەتی چارەسەر نیە تەنیا رازی كردنە و تا لەمیدیا بڵێن ئێمە كێشەی جوتیارەكانی سێومان چارەسەركرد».
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاندن لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند: «دوو ساردكەرەوەمان لەسنوری ناحیەی كانی ماسی لەسنوری قەزای ئامێدی جێگیركردووە، هەر ساردكەرەوەیەك 300 تۆن سێو لەخۆی دەگرێت، هەرجوتیارێك بێەوێت دەتوانێت بەبێ بەرامبەر سێوەكانی خۆی لەو ساردكەرەوانە دابنێت، لەپلانیشماندایە ژمارەی ساردكەرەوەكان زیادبكەین تاوەكو زۆرترین جوتیار سوود لێیوەربگرن»
وتیشی»بەرهەمی سێو بۆ ئەمساڵ سەرووی چوار هەزار تۆن دەبێت، بەروارد بەپارساڵ زۆر زیاد بووە، پارساڵ رێژەیەكی زۆر كەممان هەبوو، بۆ فرۆشتنیان لەبازاڕەكان، باجمان لەسەر سێوی دەرەوە زیاد  كردووە، بۆهەر كێلویەك بڕی 500 دینار باج زیادكراوە، هەروەها بۆ ساڵی ئایندە كارگەیەكی دروستكردنی شەربەتی سێو تەواو دەبێت، ئەمەش وادەكات چیتر سێوەكانی بەرواری باڵا بێ ناز نەمێننەوە.
ئەحمەد جەمیل دەڵێت: بەنیازن بەرهەمی سێوە رەوانەی دەرەوە بكەن و  لەگەڵ وەزارەت قسەمانكردوە لەڕێگای چەند كۆمپانیەك سێوەكانی سنوری پارێزگای دهۆك بازاڕێكی باشیان بۆ  بكەینەوەو رەوانەی دەرەوەی بكەین، لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەمساڵ چەند بازاڕێكی ناوخۆییمان لەچەند شوێنێكی دهۆك كردووەتەوە ئەوەش بەئامانجی قازانجكردنی جوتیارەكانمان هەروەها پاراستنی بەرهەمی خۆمان بەتایبەت سێو لەڕزین و خراببوون».
هاوكات كاوار سەعید، خاوەنی سێ باخچەی سێوە لەگوندی مایێ سەر بەناحیەی كانێ ماسی بەهاوڵاتی وت:»سەرووی 500 داری سێوم هەیە، ئەمساڵ بەرهەمەكەی گەیشتووەتە 400 تۆن، هەموشی سێوی پلە یەكە، بەڵام لەبازاڕدا  كێلوی بە 200 تا 500 دینارە، بەو نرخە جگە لەماندوبوون و خەرجكردنی كرێی كرێكارو كرێی گواستنەوە هیچ بۆ ئێمە نامێنێتەوە، ئەوە حاڵی هەموو جوتیارێكە،، هاوكاری جوتیار ناكرێت».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار