بەڕێوەبەری گشتی بەنداوو كۆگاكانی ئاو: بەنداوەكانی هەرێم بەراورد بەساڵی رابردوو ئاستی ئاویان باشترە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی، رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداوو كۆگاكانی ئاو لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: «ئاستی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان باشترە گەرچی وشكەساڵیش بووە، بەنداوی دەربەندیخان لەساڵی پار یەدەگی ئاوی زیاترەو بەنداوی دوكان-یش نزیكەی مەترێك ئاستی ئاوەكەی لەساڵی پار كەمترە، ئەوەش دەخاتەڕوو لەئێستادا بەنداوی دەربەندیخان مەترسی پڕكردنی ئاوو كارپێكردنی نەماوە».

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

هاوڵاتی: لەئێستادا دۆخی ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دوكان چۆنە؟ 
رەحمان خانی: «لەچاو بەنداوەكانی تری عێراق بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ئاستی ئاویان باشترە، گەرچی وشكەساڵی بووە، بەنداوی دەربەندیخان لەساڵی پار یەدەگی ئاوی زیاترەو دوكان-یش نزیكەی مەترێك ئاستی ئاوەكەی لەساڵی پار كەمترە، بەنداوی دهۆك كە بەنداوێكی بچووكترە دیسان ئەویش لەساڵی پار نزیكەی 1.5م كەمترە».
هاوڵاتی: سەبارەت بە بوومەلەرزەكەی ساڵی 2017 كە زیانی بەبەنداوی دەربەندیخان گەیاند، زیانەكە چۆن بوو، چیكراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە، هاوكارییەكانی بەغداد چی بوون؟
رەحمان خانی: «بوومەلەرزەكە زیانی بەبەنداوی دەربەندیخان گەیاند، لەكاتی خۆیدا هەم حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حكومەتی عێراقیش دیسان هاتنە سەرخەت بۆ بەپەلە چاككردنەوەی، حكومەتی هەرێم سەرەتا یەک ملیار دینارو دواتریش 2.2 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرد، تائێستاش كاركردن بەردەوامە لەچاككردنەوەو نۆژەنكردنەوە، بەنداوەكە مەترسی پڕكردنی ئاوو كارپێكردنی نەماوە، بەڵام گرفتی تری هەیە كە لەشەستەكانەوەو لەدوای دروستكردنی بەنداوەكەوە دروستبووە ئەویش كێشەی داخلیسكان و داڕووخانی بەردە لەشانەكانی بەنداوەكە، بەردەوامین لەپشكنین و چاككردنەوە، بەسوپاسەوە رێكخراوی یونیسێف بودجەیەكی بۆ تەرخانكردوین لەكاركردندایە، لەهەوڵداین رێكخراوی UNIDO  بۆ دابینكردنی ئامێری پێویست و پلانی ئیمێرجنسی و سەلامەتی بەنداوەكەو ئەو كارانەی لەبەنداوی موسڵ بیكات بۆ دەربەندیخان و دوكان و دهۆك ئیش بكات».
هاوڵاتی: بەنداوی دێوانە لەدەربەندیخان و چەندین بەنداوی دیكەی تەواونەكراو هەن، چیكراوە بۆ ئەوەی ئەو بەنداوانە تەواوبكرێن و كێشەو گرفتەكانی بەردەم تەواونەكردنی ئەو بەنداوانە چین؟
رەحمان خانی: «بەنداوی دێوانە لەتەواوبوندایە، گرفتێكی تەكنیكی هەبوو، وا دەست بەچارەسەركردنی كراوە، ئەمساڵ خوا یاربێ دەست بەخەزنكردنی ئاو دەكرێ، دەمێنێتەوە گرفتی تێڕژانی ئاوەڕۆكانی دەربەندیخان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و ئیدارەی شاری دەربەندیخان لەپەیوەندین و لەسەر هێڵین بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش، چونكە ئێمە دەمانەوێ گرفتەكە بەتەواوی چارەسەر بێت نەك لەدێوانەی لادەین و بیڕێژینە سیروانەوە. بۆ ئەو بەنداوانەی تریش كە كاركردن تیایاندا وەستاوە، ئەوانەی بودجەی زۆریان پێویستە، حكومەتی هەرێم لەهەوڵی دابینكردنی بودجەدایە، ئەوانەشی بچووكن وا بەشیكیان كاریان تێدادەكرێت و لەهەوڵداین بۆ دەستپێكردنەوەی ئەوانی تریش. بەنداوەكان پێویستە بودجەی تەواویان هەبێت بۆ ئەوەی بەبێ وەستان تەواو بكرێن، دەنا بەتمویلی پچڕ پچڕو وەستاندنی كار تێیاندا زیانی زۆر بەر پرۆژەكان دەكەوێت بەهۆی باران و لافاوەوە».
هاوڵاتی: ئایا گرتنەوەی رێڕەوی ئاو لەلایەن ئێران و توركیاوە هێشتا بەردەوامە، حكومەتی هەرێم چیكردووە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە كۆتایی بێت؟
رەحمان خانی: «بەڵێ گرتنەوەی ئاوی رووبارە هاوبەشەكان لەگەڵ وڵاتانی ئێران و توركیا درێژەی هەیە، راستە شەپۆلی وشكەساڵی تەواوی وڵاتانی ناوچەكەی گرتۆتەوە بەو وڵاتانەشەوە، بەڵام عێراق پێویستە گرفتەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەئاشتیانەو دۆستانە چارەسەربكات، چونكە عێراق بەهۆی وشكەساڵی و كەمئاوییەوە تووشی گرفتی ژینگەیی كۆمەڵایەتی و ئابوری بووەتەوە، كوالێتی ئاو تادێت خراپتر دەبێت، كۆچكردن بۆ سەرچاوەكانی ئاو دەستیپێكردوە، ناكۆكی لەسەر بەشە ئاو لەنێوان پارێزگاكان و جووتیاران دروستبووە، بەپێی دەستوری عێراق مادەی 110 ئەركی سەرەكی حكومەتی فیدراڵیە ئەو كێشە ئاوییە سنورییانە چارەسەر بكات، ئەگەرچی تەواوی ئەو هەوڵانە دراون ئەنجامێكی وایان نەبووەو تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە».
هاوڵاتی: دۆخی بەنداوەكانی دیكە لەهەرێمی كوردستان چۆنە؟  بەنیازن چەند بەنداوی نوێ درووستبكرێت؟
رەحمان خانی: «لە هەرێمی كوردستان جگە لەو بەنداوە گەورانەی سەرەوە، چەند بەنداوێكی بچووك دروستكراون لەناوچە جیاجیاكان دابەشبوون، هێشتا بەهەموویان نزیكەی 30 ملیۆن مەترسێجا ئاویان تێدایە، بۆ ئەو ناوچانەی كە بەنداوەكانیان لێیە گرنگی خۆیان هەیەو كاریگەری وشكەساڵی كەمكردووەتەوە. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆر بەسەرچاوەكانی ئاو دەدەن و پلانیان هەیە لەو شوێنانەی زۆر پێویستن بەنداو دروست بكەن، لەمەش هەماهەنگیمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی هەیەو داوامان لێكردوون ئەو بەنداوانەی لەهەرێمن و لەناو دیراسەی ستراتیژی ئەوانیشدا هەن بودجەیان بۆ تەرخان بكەن و هاوكارمان بن لەدروستكردنی، كە بۆ سوودی هەموانە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار