شارێکی ژێرزەوی لە دوورگەی کیش'ی ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

"شاری ژێرزەوی کاریز" کە لەسەر دوورگەی کیش و لە ئاوە شینەکانی کەنداو هەڵکەوتووە، لەلایەک ئاوی شیرین بۆ ئەو دوورگەیە دابین دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە خاوەن مێژووێکی کۆنە کە بۆ هەزاران ساڵ لەمەربەر دەگەڕێتەوە.

شاری ژێرزەوی کاریز کە سەرەتا لە شێوەی ئەشکەوتێکدا بووە و دواتر بە دەستێوەردانی مرۆڤ فراوانتر کراوە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتووە، ئەو کەناڵە ئاوییانە دەگرێتە خۆ کە بۆ دابینکردنی ئاوی شیرینی خواردنەوە بۆ دوورگەکە دروستکراون.

کاریز کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوەبەر دەگەڕێتەوە، بە دەستپێشخەری و وەبەرهێنانەکانی مەنسور حاجی حوسێن کە یەکێکە بووە لە ئەندازیارە ناسراوەکانی ناوچەکە، گۆڕدراوە بۆ شارێکی ژێرزەوی گەشتیاریی کە رووبەرەکەی ١٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە.

شارەکە جگە لەوەی رێڕوێکی تێدایە کە بەدرێژایی کەناڵە ئاوییەکان درێژبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژوور و پردی لەخۆگرتووە، هەروەها ژمارەیەک لە چێشتخانەی نەریتی و مۆدێرن، مۆزەخانەیەک و چەندین ستاندی تێدایە کە کاری دەستی تێدا نمایش دەکرێت.

باس لەوە دەکرێت، ئەو دیوارە بەردینییانەی کە لەبەردەم دیوارە سروشتییەکانی شارەکەدا دروستکراون، بۆ رێگەگرتن بووە لە تێکچوون و داڕووخانی شوێنەوارەکە.

ئەو رووبەرەی کە لە هەندێک شوێنیدا درزی تێدا بەدی دەکرێت، لە ترسی داڕمان بەڕووی سەردانیکەراندا داخراوە.

دیوار و بنمیچی شوێنە گەشتیارییەکە وەک مۆزەخانەی بەبەردبووی زیندەوەرە ئاویییەکان وایە. بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە زانکۆی میونخی ئەڵمانیا لەبارەی بەبەردبووەکانەوە ئەنجام دراون، تەمەنی چینی توێژاڵی ئەو دوورگەیە ملیۆنەها ساڵە.

ئەم کەناڵە ئاوییە کۆنەی کە لەم دواییانەدا شارێکی ژێرزەوی بووە، بیری زۆری تێدایە کە بۆ کۆکردنەوەی ئاو سوودی لێ وەرگیراوە، بوونی ئامرازی دەرهێنانی ئاو لە سەرەوەی بیرەکاندا، سەرنجی سەردانیکران بە لای خۆیدا رادەکێشێت.

باس لەوەش دەکرێت کە درێژی شارەکە کە تەنها بەشێکی نۆژەن کراوەتەوە و بەڕووی سەردانکەراندا کراوەتەوە، ١٥ کیلۆمەترە.

هەروەها ئەم کەناڵە ئاوییەی کە قوڵاییەکەی تەنها ١٦ مەتر دەبێت، بە درێژایی مێژوو ئاوی بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە کەنداو و لە دوورگەکەدا دابین کردووە.

"شاری ژێرزەوی کاریز" رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن و شوێنەراوە مێژوویەکە و کەلوپەل و ئاسەوارە نمایشکراوەکانی بووتە جێی سەرنجی هەموو لایەک.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار