له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌...برنجی ئاكرێ بەتام‌و رەنگ‌و بۆنی بەناوبانگە

یەک ساڵ لەمەوپێش




ڕاپۆرت: عه‌مار عەزیز

ساڵانە سەدان دۆنم زەوی لەسنوری قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش دەكرێتە برنج، برنجی ئاكرێ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بەناوبانگە، ئەوەش لەبەر تام و رەنگ و بۆنی، ساڵانە خەڵكی پارێزگاكانی تر روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، لەئاكرێ چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە.
شڤان سادق دانیشتووی گوندی دولێجانی سەر بەقەزای بەردەڕەشە، ئەمساڵ كە  شەش دۆنم زەوی چەڵتوكی چاندووە بەهاوڵاتی وت:» پارساڵ 11دۆنم زەوی چەڵتوكی شەش مانگیمان چاندبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرقاڵبوونمان بەچاندنی پەتاتە  تەنیا شەش دۆنممان چاند، سەرووی 95 لەسەدی خەڵكی گوند ساڵانە چەڵتوك دەچێنن».
«ناوبانگی برنجی ئاكرێ و بەردەڕەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو شتێك بەدەستی خۆمان دەكەین، هەر لەچاندنی تاكۆتاییەی، رێژەی نیشاستە لەبرنجی كوردی زۆرە بەتایبەت ئەوەی ئاكرێ، بەشێكی زۆری جوتیارانی ئەم ناوچەیە بژێوی ژیانیان لەسەر رواندنی برنجە، هەر خێزانێك ساڵانە بەلایەنی كەمی 5 تا 10ملیۆن دینار قازانج دەكات، ئەمەش بۆ خێزانێك كە لەگوند دەژێت داهاتێكی باشە، بەشێك لەبرنجەكەش بۆ خۆمان هەڵدەگرین».
«چاندنی برنج كارێكی زۆر قورس نیە، خەڵك لەگوند هاوكاری یەكتر دەكەن، تەنها كەمێك دروستكردن و رێكخستنی شێوازی 
چاندنەكەی قورسە، سەرەتا بەتراكتور شوێنەكەی راست دەكرێت ئینجا ئاو بەردەدرێتە ناو زەویەكە، رۆژێكی پێویستە تا هەموو تەڕبێت و زەویەكە ئاو بخواتەوە ئینجا دەكرێتە ماڵك ماڵك و دواتر بنەتۆوی چەڵتوك فڕێدەدرێتە ناو زەویەكە، برنج بۆ ئەوەی جوان بێت پێویستی بەئاوێكی بەردەوام و خاكێكی بەپیت هەیە، هەروەها چاودێریكردنی بەردەوام، ئەگەر پێویستی بەدەرمان و كیمیایی هەبێت پێویستە جوتیار بەكاریبهێنێت، فەرامۆشكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی هەم برنجەكەی باش دەرنەچێت هەروەها بەرهەمەكەشی كەمتر بێت»، شڤان سادق وای وت.
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری چاندن لەقەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەساڵی 2021 لەسنوری قەزای ئاكرێ سێ هەزار 274 دۆنم كراوەتە مەرەزە، ئەمساڵ نۆ هەزار و 15دونم كراوەتە مەرەزە، بۆ هەر دۆنمێك بەرهەمەكەی یەك تەن و چارەکێكە، بەرهەمی ئەمساڵ دەگاتە سەرووی 10هەزار تۆن، ساڵانەش هاوكاری جوتیاران دەكەین لەدابینكردنی چەند ئامێرێكی تایبەت بەسپیكردنەوەی برنج و هەروەها كۆنكرێتكردنی چەند شوێنێك تاوەكو جوتیاران لەو شوێنانە چەڵتوكی خۆیان لەمەكینە بكەن و سپی بكەنەوە، هەروەها چەند خولێك دەكەینەوە بۆ چۆنیەتی چاندنی چەڵتوك و چاودێریكردنی تادەگاتە رۆژی دورینەوەو سپی كردنەوەی برنج، وانەكان لەلایەن جوتیارانی نموونەییەوە دەوترێتەوە».
وتیشی»خاك و ئاوو هەوای قەزاكە زۆر گونجاون بۆ مەرەزە، تام و رەنگ و بۆنی برنجی ئاكرێ لەهەموو ناوچەیەكی تر باشترە، هەرئەمەش وایكردووە ساڵانە سەدان كەس لەپارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، زۆرجار دەچێتە دەرەوەی عێراقیش، هەر خێزانێك داوای چەند كێلویەك بكات لەڕێگای جوتیارەكان و بازرگانانی كڕین و فرۆشتنی برنج بۆیان رەوانە دەكرێت، ئەوەش بەپێی داواكاری ئەو كەسانە دەمێنێتەوە، تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەم مەبەستەش هاوكار دەبین بۆ كارئاسانی و هەماهەنگی».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «ساڵانە لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەوی دەكرێتە مەرەزە، تەنها لەسنوری قەزای ئاكرێ زیاتر لە12 هەزار دۆنم دەكرێتە مەرەزە، لەناوچەكانی تری سنوری پارێزگای دهۆك چەڵتوك دەچێنرێت بەتایبەت دەشتی ناوكۆڕ لەسنوری قەزای بەردەڕش، هەروەها لەشیلادزێ و دێرەلوك لەسنوری قەزای ئامێدی و چەند ناوچەیەك لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەڵام برنج بەگشتی بەبرنجی ئاكرێ ناودارە».
لەسنوری قەزای ئاكرێ بەگشتی چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە ئینجا شەش مانگی دواتر كەسنەدیتی، لەهەموویان هەرزانتر تەحالفە.
ئەحمەد محەمەد، خەڵكی گوندی سمێلانە سەر بەقەزای ئاكرێ، بازرگانی كڕین و فرۆشتنی برنجی كوردییە، تەنها پارساڵ 15 تۆن برنجی ئاكرێی فرۆشتووە بەكوردانی ئەمریكاو ئەڵمانیا، ئەو بەهاوڵاتی وت:»برنجی ئاكرێ ساڵانە رەوانەی چەند وڵاتێكی ئەوروپا دەكرێت بەتایبەت ئەڵمانیاو ئەمریكا، هەروەها چەند وڵاتێكی عەرەبی وەكو سعودیەو ئیمارات، لەسەر ئاستی ناوخۆش پارساڵ 20 تا 50 تۆن لەجۆری تەحالف فرۆشتووە بەسلێمانی، نرخی یەك كێلو بەم شێوەیەیە، تەحالف لە دوو هەزارەوە دەستپێدەكات تا دوو هەزارو 500 دینار، شەش مانگی سێ هەزارە، عەمبەر دەبێتە دوو جۆر عەمبەری بۆندارو سەدری چوار تا پێنج هەزارە، كەسنەدیتی دوو هەزارە».
وتیشی:»لەمانگی ئایار دەست بەچاندنی دەكرێت، لەمانگی تشرینی یەكەم دەست بەدورینەوەی دەكرێت، بەداخەوە ئێستا چەند جۆرێكی برنج لەبازاڕدا دەفرۆشرێت بەناوی برنجی كوردی، بەڵام فێل لەكڕیارەكان دەكرێت و برنجی كوردی نیە، دەنكەكەی و شێوەكەی وەكو برنجی كوردییە بەڵام كوردی نیە لەدەرەوە دەهێنرێت، واباشترە ئەوەی خواستی كڕینی برنجی كوردی هەبێت لەجوتیارو بازرگانانی ئاكرێ بكڕێت، ئێمە بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە ناوبانگی خۆمان لەدەست نادەین، بەگرەنتی دەیدەینە خەڵك، هەركەسێك لای ئێمە جارێك برنجی بردبێت پەشیمان نەبووەو هەر دێتە لامان».
یاسین عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گوندی كورتكایە سەر بەناحیەی دینارتە لەسنوری قەزای ئاكرێ بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوام مەرەزە دەكەین، ئێمە زیاتر شەش مانگی و تەحالف دەچێنین، ئەمساڵ حەوت دۆنمم كردبوو، هیچ مووچەیەكم نیەو بژێوی ژیانم لەسەر چاندنی برنجە، بەلایەنی كەمی ساڵانە 10ملیۆن دینار قازانج دەكەم، خەڵك هەیە زیاتر مەرەزە دەكات، چونكە قازانجەكەی لەبەرهەمەكانی تر باشترە، تەمەنم 47 ساڵە بیرم نایەت ساڵێك مەرەزەمان نەكردبێت».
وتیشی:»تائێستا حكومەت بەیەك دیناریش هاوكاری نەكردووین و هەموو شتێك لەسەر حسابی خۆمانە».

 


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار