ئیبراهیم عەلیزادە لەچاوێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی: ناڕەزاییەكانی ئێران بـەرەو شـۆڕشێكی سیاسیی گەورە دەچێت

3 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیبراهیم عەلیزادە رایگەیاند: ئەو شۆڕشەی ئێران كەچەغماغەكەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە لێدراوە دەتوانێت دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنێت.

ئیبراهیم عەلیزادە، سكرتێری كۆمەڵە (رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی، دەڵێت: ئێران بیانوو دەگرێت، ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایە بێت كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە بتوانین كەڵكی لێوەربگرین.

وتیشی: ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەكانی رۆژهەڵات بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆماری ئیسلامی دەیەوێت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ  بەرەو كوردستان رابكێشێت،  لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات.

دووپاتیشیكردەوە: هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ تاگۆڕانكاری لەدەسەڵاتی ئێراندا روونەدات.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ ئیبراهیم عەلیزادە:

هاوڵاتی: دوو مانگە خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندانەكان بەرەوكوێ دەڕوات؟

ئیبراهیم عەلیزادە:  ئەوەی كەزۆر گرنگە ئەوەیە یەكەمجارە كە بۆ ماوەی دوو مانگ سەرهەڵدانێك لەئێران بەردەوام دەبێت، ئەم بەردەوامییە زۆر جێگای ئومێدەو نیشانی دەدات كەقەزیەكە لەسەرهەڵدانێكەوە دەچێت بەرەو شۆڕشێكی سیاسی گەورە، تا ئەم لەحزەیە كۆمەڵێك دەستكەوت بەدەستهاتوون كە قابیلی هەڵگەڕانەوە نییە یانی كۆمەڵگەی ئێران چووەتە قۆناغێكەوە كەبەهیچ شێوەیەك كۆماری ئیسلامی ناتوانێت ئەو كۆمەڵگایە بگەڕێنێتەوە پێش دوو مانگ لەمەوپێش، جورئەت و جەسارەت و هۆشیاری خەڵك زیادیكردووەو بەرێكخراوبوون و كاری رێكخراوەیی وردە وردە خەریكە جێدەكەوێت، بزوتنەوەكە لەئاستی نێونەتەوەییدا خۆی ناساندووە و پشتیوانییەكی بەرینی كۆمەڵایەتی بۆ خۆی دەستەبەركردووە، ئەوانە هەمووی بارودۆخێكی باشیان پێدەداو پێشبینیم ئەوەیە بۆ رۆژانی داهاتوو لەگەڵ ئەوەشدا كە رۆژانێكی ئاسانمان لەبەردەم نییە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەردەوام دەبین و ئەو بزوتنەوەیە بەردەوام دەبێت لەسەر رێچكەكەی خۆی، پێموایە كە دەستكەوتی دیكەش بەدەست دێنێت و تائێستا ئیتر كەس ناتوانێت بیر لەوە بكاتەوە كە رۆژێك لەرۆژان باڵاپۆشی زۆرەملێ دەكات بەسەر ژنان و كچانی ئەو وڵاتە.

هاوڵاتی: پێتانوایە هۆكار چییە دوای دوو مانگ لەناڕەزایەتی و فشاری شەقام دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەهەمان میتۆدی ساڵانی رابردوو رووبەرووی شەقام دەبێتەوەو ئامادەی سازش نییە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی رێگایەكی دیكەی نییەو ریفۆرم ناتوانێت بكات، چونكە ئەو شتانەی كەخەڵك ئێستا دەیەوێت هیچی لەتوانای كۆماری ئیسلامییەكی ئیدۆلۆژیكدا نییەو كۆماری ئیسلامی هەركام لەو سەنگەرانەی كەئێستا خەڵك داوای دەكات بكشێتەوە ئیتر هەبوونی خۆی نەفی كردووەتەوە، یانی دەتوانێت بەبڕوای من پاشەكشە بكات، بەڵام ناتوانێت سازش بكات، دەتوانێت لەژێر فشاردا چارەیەكی نەمێنێت لەسەنگەرێكی بەرگریەوە بكشێتەوە بۆ سەنگەرێكی دیكە، بەڵام ناتوانێت لەبنەماكانی فیكری و ئیدۆلۆژیكی خۆی بەڕەسمی چاوپۆشی بكات، بۆیە تەنیا شتێك كە بۆی دەمێنێتەوە هەر بەكارهێنانی زۆرو سەركوتە كەئەویش ئەوە بەكاردێنێت بەبەربڵاوی.

هاوڵاتی: خاڵی بەهێزی خۆپیشاندانەكان چییە؟ بەواتایەكی تر پێتانوایە هێزی خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەكوێدایەو جیای دەكاتەوە لەخۆپیشاندانەكانی رابردووی ئێران؟

ئیبراهیم عەلیزادە: لەساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (2018ی زایینی) تائەمڕۆ گۆڕانكارییەك بەئامانجی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی جەماوەردا روویداوە لەو ماوەیەدا دوو سەرهەڵدانی گەورە كە زستانی ٩٦و پایزی ٩٨ هەروەها سەرهەڵدانەكان لەسەر مەسەلەی ئاوو ناڕەزایەتی كشاوەرزان لە ١٤٠٠ی  هەتاوی (2021ی زاینی) ئەوانە لەهیچ كامیاندا لایەنی جەماوەر ئەوە نەبووە كە داخوازییەكی دیاریكراویان لەدەوڵەت بێت، بەڵكو نەفیكردنەوەی سەرجەمی دەسەڵات و دەوڵەت بووەو ئەو جیاوازییەی ئێستا بەشێوەیەكی دیار دەكەوێتە بەرچاو، دووەمین جیاوازی ئەوەیە بەناوەڕۆك ئەو داخوازیانە چەپە، دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كەحەماسیترین دروشمەو داخوازیەكانی جەماوەر لەچەند وشەیەكی سادەدا فۆرمەلە دەكات، دروشمێكە كە ئەگەر لێیبكۆڵیتەوە هیچ كامیان لەچوارچێوەی تواناییەكانی هیچ ئیسلامییەك و هیچ ریفۆرمخوازێكی دەوڵەتدا ناگونجێت، بۆیە بەناوەڕۆك هەمووی چەپ و سكۆلارەو بەروە پێشەوەیە كەئەوە سیمایەكی زۆر دڵخۆشكەری بەو بزوتنەوەیە داوە.

هاوڵاتی: بۆچی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاودەنگ نین و هەمامەنگیتان نییەو بەگشتی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، ئێوەو پژاك لەبەرەیەكن و كاری هاوبەش و هەماهەنگیتان هەیە، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەبەرەیەكی دیكەن، ئەمە بۆچی وایە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: پێموانییە ئەوەی كەئێمە لەدوو بەرەدا بین ئێمە و پژاك بین و ئەوانیش بەرەیەك بن ئەوە تەعبیرێكی تەواوبێت لەبزوتنەوەكەو لەو بارودۆخەی كەئێستا حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی تێدان، ئێمە لەگەڵ هەموویان بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، بەڵام رەنگە جیاوازییەكە لەوەدا بێت كە تانها ئێمە لەگەڵ پژاك پەیوەندیمان هەیەو ناوەند پەیوەندی نییەو لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا، ئێمە هەوڵمانداوە هاوسەنگییەك رابگرین لەو پەیوەندییەداو راگرتنی ئەو هاوسەنگییە بەمانای ئەوە نییە كە ئێمە هەڵوێستی خۆمان نییە لەنێوان هەڵوێستی ئەو دوو رێكخراوەدا، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە ئێمە نامانەوێت بارودۆخێك بخوڵقێت كەهێزێك وا پەراوێز بخرێت و بخرێتە گۆشەوە كە لەدواییدا كرداری كاردانەوەكانی بەرامبەر ئەو بارودۆخە هەم قابیلی پێشبینی نەبێت و هەمیش مەترسیداربێت.

هاوڵاتی: مەبەستتان كێیە كە بخرێتە پەراوێزەوە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئەو هێزە لەواقیعدا پژاكە كەناوەندی هاوكاری و حزبەكانی دیكە مەیلێكیان بەهاوكاریكردن لەگەڵیدا نییە.

هاوڵاتی: هۆكارەكەی چییە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكارەكە دەبێت لەخۆیان بپرسیت، بەڵام بەشێكی كەئێمە لێمان بیستوون ئەڵین حزبێكی رەسەن نین، واتە سەرچاوەی بڕیاریان لەجێگایەكی دیكەوەیەو لەلایەن پەكەكەوەیە ئەوەش زۆر لەجێی خۆی نییەو هەر پەیوەندییەكی ئایدۆلۆژی و سیاسیان لەگەڵ هەر حزبێكی دیكە هەبێت ئەوان رێكخستنیان هەیەو هێزی گەریلایان هەیەو هەمیش میدیاو هەموو شتێكی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەئاڕاستەی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوەو ئینجا دەزانین كە ئەو پەیوەندیانە ئاساییە و دەبێت ئاسایی بێت چونكە كورد میلەتێكە لەچوارپارچەی كوردستاندا دەچەوسێتەوە و هەر حیزبێكی سیاسی كەسی نزیكی خۆی لەپارچەیەكی دیكەی كوردستان بێت ئەوە شتێكی سەیر نییەو ئەوەتا دەبینی حزبی دیموكراتی كوردستان هەیەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەیە یەك ناویان هەیەو لەرۆژئاواو باكور و باشور ئەو پەیوەندیانە هەیە و زۆریش ئاساییە.

هاوڵاتی: پێتوایە ئەم هەڵوێستانەی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر كاریگەری هەژموونی (پارتی دیموكراتی كوردستان)دایە بۆیە ئامادەنین لەگەڵ پژاكدا هەماهەنگیان هەبێت؟

ئیبراهیم عەلیزادە: من نازانم تاچەند لەژێر كاریگەری ئەوەدان، بەڵام ئەوە دەزانم كەدەبێت ئەو كێشەیە چارەسەربكەن و دەبێت لەوە تێپەڕبن كە كێ رەسەنە و كێ ناڕەسەنە.

هاوڵاتی: چی كاتێك بەپێویست دەزانن هێزی سەربازی خۆتان (پێشمەرگەو گەریلا) دەستوەردان بكات لەڕۆژهەڵاتی كوردستان؟

ئیبراهیم عەلیزادە: یەكێك لەدەستكەوتەكانی هەماهەنگی ئەو دەورەیە، كەشانازی پێوەدەكەین كەتوانیومانە لەنێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ئەو هەماهەنگییە دابین بكەین، ئەوە بووە كە هەموو ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ یەكتر دانەنیشتوون و گفتوگۆیان نەكردووە بێینە سەر ئەو قەناعەتە  كەئێستا نابێت جۆرێك لەجۆرەكان دەستتێوەردانی سەربازی بكرێت لەو بزوتنەوەیەی كە لەئارادایەو بەخۆشحاڵییەوە لەو رووەوە هەموومان هاودەنگین و پێمان وایە كەئێستا ئەو  بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە گەورەیەی كە كەوتۆتەڕێ دەبێت بەهێزی خودی جەماوەر بەئاكامە دیاریكراوەكانی خۆی بگات نەك بەدەستتێوەردانەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام شارەكانی هەموو كوردستان بەهێزی جەماوەر رزگار بوو و دەستكەوت گەلێك بەدەستهات ئەوكات جەماوەر پێویستە ئەو دەستكەوتانەی خۆی بپارێزێت.

هاوڵاتی: لەحاڵەتێكدا كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری زۆری كردو گەیشتە قۆناغێك هیچ دەست نەپارێزێت و كوشتارێكی زۆر ئەنجامبدات، ئێوە لەو كاتەشدا دەستوەردانی سەربازی ناكەن؟

ئیبراهیم عەلیزادە: بەوە چارەسەر ناكرێت چونكە كۆماری ئیسلامی دەیەوێت كۆمەڵكوژییەكی گەورە بكات لەكوردستاندا و ئامرازی سەركوتگەری زۆر بەدەستەوەیە و پێموایە كاری دروست ئەوەیە كە نابێت بهێڵین بگاتە ئەو قۆناغە و ناهەماهەنگی نێوانی بزوتنەوەكە لەتاران و شارە گەورەكانی ئێران و هەروەها لەكوردستانی ئێران وایلێبێت كە كوردستان ببێتە مەیدانیكی شەڕ، كۆماری ئیسلامی ئەوەی دەوێت هەم لە بەلوجستان و هەم لەكوردستانیش دەیەوێت و تەنانەت بەفشاری جەماوەر بەهەر شیوەیەك لەشێوەكان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ و بەرەو كوردستان رابكێشێت، و لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات، بۆیە پێموایە ئێمە دەبێت هەوڵبدەین نەچینە ئەو قۆناغەوە و ئەوە پیلانی كۆماری ئیسلامییە و پێموایە كەئەگەر ئێمە پشتیوانی بكەین لەتاران و لەشارە گەورەكان بەگەرموگوڕی و هەروەها خۆشمان بزانین كە بەسیاسەتێكی ژیرانە بزانین چۆن بزوتنەوەكەمان  هەنگاو بەهەنگاو ببەینە پێشەوەو ئەو پیلانە پوچەڵ دەبێتەوە.

هاوڵاتی: ئامادەیی ئێوە لەناو ئەم ناڕەزایەتییانەدا چییە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بەهەموو شێوەیەك تیایدا بەشدارین و ئێمە هەر ئەو تەشكیلاتە نین كەئێستا لەدەرەوەی وڵات دوورخراوەین، كۆمەڵە یەكێك لەو رێكخراوانەیە كە ریشەی لەناو كۆمەڵگای كوردستاندا هەیە، رێكخستنی هەیە نفوسی كۆمەڵایەتی هەیە، دروشمەكانی گوێی پێدەدرێت، بانگەوازەكانی وەڵام وەردەگرێتەوە، لەڕێگای میدیایەكی نیسبەتەن بەهێزەوە  لە رادیۆو تەلەڤزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەوڵدەدەین كاریگەری لەسەر دانێین و هەڵەكان راستبكەینەوەو دەستكەوتەكان بكەینە بەرچاوو هاوڕێیانیشمان و تەشكیلات و رێكخستنەكانیشمان لەناوەوە بەشی هەرە چالاكی ئەو حەرەكەتەن.

هاوڵاتی: خەباتی ئێوە بۆ رزگاری رۆژهەڵاتی كوردستانە بەدیاریكراوی یاخود حزبەكەی ئێوە وەك كۆمەڵە خواستتان تەنها گۆڕانی رژێم و رزگاركردنی هەموو ئێرانە؟   

ئیبراهیم عەلیزادە: خەباتی ئێمە خەباتێكە سەرانسەرییەو لەواقیعدا دوو باڵمان هەیە باڵێكمان باڵی سەرانسەریمانە ناوی حزبی كۆمۆنیستی ئێرانە لەو ئاستەدا ئێە هەوڵدەدەین كاریگەری دابنێین لەسەر رەوتی رووداوەكان، خەباتێكیشمان هەیە لەكوردستان دیارە بەهۆی بەهێزبوونی بزوتنەوەی كوردستان و پێشینەیەكی شۆڕشگێڕانە كەهەیەتی تەشكیلاتی ئێمە لەكوردستان بەهێزەو بەراورد ناكرێت لەگەڵ تواناكانمان لەئاستی سەرانسەری، بەڵام ئێمە پێمانوایە هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ جێگیرنابێت مەگەر ئەوەی كە گۆڕانكاری لەدەسەڵاتدا لەئێراندا پێكبێت نموونەشمان دیت لەساڵی ١٩٨٠ كەبەشیكی زۆری كوردستانمان بەدەستەوە بوو و لەساڵانی دواتر بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی سەرانسەری دامركاوەو بەو هۆیەوە كۆماری ئیسلامی لەمەیدانەكانی دیكەدا سەركەوتوو بوو لەسەقامگیركردنی خۆی و كورستانیش وردە وردە ئەو دەستكەوتانەی لێسەندرایەوە و دەبێت هەردوو لایەنیمان هەبێت.

هاوڵاتی: لەحاڵەتی گۆڕینی رژێمی ئێراندا ئێوە وەكو كۆمەڵە لەگەڵ چ جۆرە سیستەمێكن و چ جۆرە سیستەمێكتان پێباشە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە پێمان وایە ئەو شۆڕشە لەقۆناغی یەكەمدا شۆڕشێكی سیاسییەو دەیەوێت دەسەڵات بگۆڕێت لەسەر بنەمای كۆمەڵێك دەستكەوتی دیموكراتی، ئێمە لەبەرنامەیەكدا كە لانی كەمی خۆمان فۆرمەلەمان كردووە، ئەمانە هەم هەموو ئازادییە دیموكراتییەكانی تێدایە و دەبێت هەمووی دابین ببێت، ئازادی بەیان و ئازادی رێكخراوبوون و ئازادی بێمەرجی سیاسی و ئازادی بیروباوەڕ و عەقیدە و كۆمەڵێك دەستكەوت و گۆڕانكاری لەژیانی ئابووری و ژیانی خەڵكدا تێدایە وەكو خزمەتگوزاری و مافی كرێكاران و مەسەلەی خوێندنی بەخۆڕایی تا زانكۆ و هەموو ئەوانەمان فۆرمەلەكردووە لەبەرنامەیەكدا، بۆ كوردستانیش هەر ئەوانەمان هەیە بە ئیزافەی ئەوە كە مەسەلەی ستەمی نەتەوایەتی لەكوردستان لەبەرچاو گیراوەو تیایدا مافی دیاریكردنی چارەنووس تەئكیدی لەسەركراوە، كەمانای ئەوەیە خەڵكی كوردستان ئازادبن بۆ ئەوەی كە لە ریفراندۆمێكی تەواو ئازاددا كە هەلومەرجێكی تەواوی بۆ خولقابێت و لەو ریفراندۆمەدا بڕیار بدەن كەوا دەمێننەوە لەگەڵ ئێران یاخود نا.

هاوڵاتی: لەدوو بەشی كوردستاندا ئەزموونی حوكمی كوردی هەیە واتە لەباشور و رۆژئاوای كوردستان، ئێوە پێشبینی دەكەن ئەزموونی كامیان لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا دووبارە ببێتەوە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەزموونی بكەین لەواقیعدا دەبێت ئەزموونی تایبەت بەخۆمان هەبێت، بەڵام ئەگەر بێت و قەزاوەتێكیش بكەین لەسەر ئەو دوو ئەزموونە كە لەو دوو بەشەی كوردستاندا هەیە ئێمە ئەزموونە كۆمەڵایەتییەكانی رۆژئاوای كوردستان وەكو ئەو مافانەی كە بۆ ژنان دەستەبەر كراوە وەكو ئەو ئیمكاناتەی كە بۆ بەشداری ژنان لەهەموو ئاستەكانی دەسەڵاتدا دابینكراوە وەكو خۆبەڕێوەبەری واتە ئەنجومەن و شوراكانی محەلی كەتیایدا خەڵك بەئازادی دەتوانێت بڕیاربدات لەسەر ئیدارەی ئوموری خۆی و چارەنووسی خۆی، وەكو چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان نەتەوەكان ، نەتەوەی عەرەب و ئاشووری و كورد و هەموو ئەوانە، ئەمە كۆمەڵێك ئەزموونە كە نیشانی دەدات لە كوردستان عەمەلییە و ئێمە پێمانخۆشە كە لەو ئەزموونانە سوود وەربگرین بەڵام من پێموایە كە ئەو شۆڕشەی كە لەئێستادا لەئێران هەیەو چەغماغەكەی لەكوردستانی رۆژهەڵاتەوە لێدراوە دەتوانێت ئەو دەستكەوتانە گەلێك قوڵترو واقیعیترو بەكرداریتر بێنێتە ئاراوە.

هاوڵاتی: ئێران بەردەوام هەڕەشە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كەئەوان لەسەر داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزەكانیان لەسەر سنووری ئێران گواستۆتەوە، ئایا ئێوە وەكو كۆمەڵە هێزی خۆتان لەسەر سنووری ئێران دوورخستووەتەوە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە كە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایەیە كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە دەتوانین كەڵكی لێوەربگرین، ئێمە پێمان وابووە كە دەبێت لێكتێگەیشتنێكمان هەبێت لەنێوان بەرژەوەندییەكانمان و بەرژەوەندییەكانی حكومەتی هەرێم كە نایەوێت لەگەڵ دەوڵەتێكی دراوسێی خۆی بخرێتە حاڵەتی شەڕەوە، بۆیە ئێمە ئێستا خەباتی چەكداریمان لەرووی زەروریەتێكی دیكەوەیە نەك لەو رووەوە كە بەكاریبێنین دژی كۆماری ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی بەهانەگیری دەكات ئەگینا دەزانێت ئێمە سیاسەتمان ئەوە نییە كەهێزی چەكدار دژی كۆماری ئیسلامی لێرەوە لەسنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەكاربێنین.

هاوڵاتی: ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا تائێستا ئەوەی تێبینی دەكرێت بەڕوونی پەیامیان نەگەیاندووە كە لەگەڵ رووخانی رژێمی ئێرانن، ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێشتا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی وەكو بەدیلی دەسەڵات بوونی خۆیان نەسەلماندووە یاخود خۆرئاواو ئەمریكا بەدیلێكیان نەدۆزیوەتەوە بۆ سیستەمی حوكم لەدوای كۆماری ئیسلامی ئێران یاخود هۆكارەكە چییە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوانەی باستكرد هەمووی هۆكارن واتە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی خۆی وەكو بەدیلێكی مسۆگەری دەسەڵات نەناساندووە بۆ هیچ وڵات و دەوڵەتێكی زلهێز ئەمە خاڵی یەكەم، خاڵی دووەم ئەوەیە بەشێوەیەكی گشتی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا لەوەدانییە كە كۆماری ئیسلامی بڕوخێت ئەگەر خۆیان نەكەونە بارودۆخێكەوە كەناچاربن هەڵبژێرن لەنێوان كۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنەكەی ئەوەی كەبژاردەیانە هەر ئەو رژێمەیە، لەبەرئەوەی ئەو رژێمە دوو كاری زۆر گرنگی بۆ كردوون  یان بۆیان دەكات یەكێكیان ئەوەیە كە ئینسیجامی وڵاتێكی بۆ راگرتوون یان نەیهێشتووە پارچە پارچە بێت وەكو عێراق و لیبیاو لەژێر سایەی ئەو ئینسیجامەدا ئەوان دەتوانن بەرژەوەندییە درێژ ماوەكانی خۆیان باشتر بپارێزن، دووەمین شت كە بۆی دابینكردوون  ئەوەیە كە ململانێی ناوچەیی دروستكردووە كەتیایدا ئەوان بەئارەزووی خۆیان چەك دەفرۆشن و بەملیارەها چەكیان بە عەرەبستانی سعودی و بەوڵاتانی خەلیج و بەشوێنی دیكە فرۆشتووە و بەردەوامیشن  لەژێر راگرتنی هەڕەشەی ئێراندا، لەهەمانكاتدا كە زەرەرێكی گەورە بە ئابووری ئەوان ناگەیەنێت و دەرگایەكی گەورەی بۆ كردوونەتەوەو تەنانەت ژێر بەژێر معامەلاتیان لەگەڵ ئێرانیش بەردەوامەو بۆیە ئەگەر چاو لەبەرژەوەندیەكانیان بكەین بەهیچ جۆرێك بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ مانەوەی كۆماری ئیسلامی ناتەبا نییەو ئەگەر بەئارەزووی ئەوان بێت هەر كۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێرنەوە بەڵام بۆچی ئێستا جاروبار هەڵوێست دەردەبڕن لەبەرئەوەی ئەوانیش دەزانن كە ئەگەر شەپۆل بەشەپۆل ئەو خەباتە بچێتە پێشەوە دەكرێت رێی هەڵوێست گۆڕین ئاسان نەبێت، بۆیە لەئێستاوە گۆشەنیگایەكیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئیحتیات بەرامبەر ئەو بارودۆخەی مومكینە لەكۆنترۆڵی ئەوان و كۆنترۆڵی كۆماری ئیسلامیش دەربچێت.

هاوڵاتی: هۆكار چییە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەشێوەیەكی گشتی خۆتان وەك بەدیل نەناساندووە؟  هەروەها لەو ماوەیەی كە خۆپیشاندانەكان دەستیپێكردووە هیچ كۆبوونەوەیەكی فراوانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان كراوە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: من پێموایە بەدیل لەدەرەوەی وڵات شكڵناگرێت و بەدیل لەناو جەرگەی خەباتی جەماوەردا وردە وردە سەرهەڵدەدات، ئەگەر قسە لەسەر گۆڕانكارییەكی شۆڕشگێڕانە یان دراماتیك لەدەزگای سیاسی ئێراندا بێت ئەوە لەئاكامی گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی قوڵبوونەوەی ئەو خەباتەیە كەلەناوەوەیە، هۆكاری ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تائێستا نەیتوانیوە هێشتا ئەو لەحزەیەش لەڕووی رێكخراوەیی و لەڕووی نفوسی سیاسیشەوە لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە بێگانەیە، هۆكارەكەشی سەركوتی ٤٣ ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە ٤٣ساڵ كوشتن و بڕین و سەركوت و زیندان و رێگای نەدا كە ئۆپۆزسیۆن رێگای خۆی بۆ ناو جەماوەر بكاتەوە، ئێستا بارودۆخەكە كەمێك گۆڕاوە و ئۆپۆزسیۆن كەوتۆتە خۆی هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین ئۆپۆزسیۆنی دوورخراوەو دوورە وڵات چەندە پێگەو جێگەیان لەناو جەماوەر هەیەو چەندە دروشمەكانیان لێرە رەنگدانەوەی هەیە، سەبارەت  بەكوردستان جیاوازی هەیەو كوردستان لەو ٤٣ ساڵەدا هەر بەرگری كردووەو حزبی سیاسی بەهێزو پەروەردە كردووەو حزبەكان كەم تازۆر متمانەی خەڵكیان راكێشاوە، بەڵام لەئاستی ئێراندا ئەو پێگەیەمان نیە.

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتان، تائێستا ئەوەندەی ئێمە بزانین هیچ كۆبوونەوەیەك لەلایەن بەرەی چەپ و بەرەی راستی ئەو  ئۆپۆزسیۆنەی دەرەوەی وڵات پێكنەهاتووە، بەڵام لەنێو خۆیاندا هەردوولا بەرەی راست و بەرەی چەپ، بەرەی راست كەوتووەتەخۆ و پەلەیەتی كۆبوونەوەو دانیشتن دەكەن و بڕیار دەدەن، ئەو پەلەیە بەبڕوای من لە جێگەی خۆیدا نیە، مەبەست لەبەرەی راست وەكو لیبراڵییەكانی ئێران و وەكو موجاهیدینی خەڵق و سەڵتەنە تەڵەبەكان و گروپی تری درورو نزیك لەوان، تەنانەت بەشێك لەكوردەكانیش ئەمانە بەناو كۆبوونەوە دەكەن بۆ شكڵپێدانێك بە بەدیل، بەڕای من ئەمە بە سادەیی خوێندنەوەی بارودۆخەكەیە كە پێت وابێت بەدیل ئاوا دروستدەكرێت، ئەوە لەوێناكردنێكدایە كە ئێمە چاوەڕوانی دووپاتبوونەوەی ئەزموونی عێراق بكەین لەئێران، بەڵی ئەگەر قسە لەسەر ئەزموونی عێراق بكەین دەستتێوەردانی ئەمریكا هۆكار بوو بۆئەوەی ئەو ئەزموونە بەو عاقارەدا بەرێت، چونكە ئەگەری نییە ئەزموونی عێراق لەئێران دووبارە ببێتەوە، بۆیە ئەو هەوڵانەی ئەوانیش بێ سوودە و تائەوكاتەی جەماوەر لەناوەوە رەهبەرانی خۆی و رێكخراوەكانی خۆی پێكنەهێنێت و وردە وردە دەموچاوەكان نەناسرێن و ناوەندەكانی رێكخستنی ئەو خەبات و سەرهەڵدانە خۆیان دەرنەخەن هیچ بەدیلێك بۆ داهاتووی ئێران شكڵناگرێت.

هاوڵاتی: بۆ ئەوەی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە سەركەوتوو بێت دەكرێت چی بكرێت؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بۆ سەركەوتن پێویستیمان بەچەند شتێكە، یەكەم پێویستیمان بەكاتە بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت خۆی رێكبخات و بۆ ئەوەی هێزەكانی دوژمن ماندوو بكەین و بەئەوەی كەسایەتییەكانمان و حزبە سیاسییەكانمان لەسەر ئاستی ئێران متمانەی خەڵك بۆ خۆیان رابكێشن، دووەم نابێت خەڵك چاوەڕوانی سەركەوتنێكی ئاسان بێت واتە بڵێین ئەمڕۆ و سبەینێ ئەم قەزیەیە تەواو دەبێت، دەبێت بڵێین  بۆ ئەوەی ئەم سەركەوتنە بەدەستبێت دەبێت گەلێك لەوەی ئێستا هەیە جەماوەری دیكە بەشداری بكات و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دروشمێكی سەرنجڕاكێشە بەڵام هەموو نیازو ئاواتەكانی سەركوتكراوو هەموو مافە پێشێلكراوەكانی جەماوەری ئێران نوێنەرایەتی ناكات خەڵك مەعێشەتی دەوێت، خەڵك نانی دەوێت، ژیانی ئابوورییەكەی داڕماوە دەبێت ئێمە رێگایەك نیشان بدەین كە بڵێین ئەو دەسەڵاتەی دوای كۆماری ئیسلامی دێت دەتوانێت لەو بوارانەدا ئاڵوگۆڕی جددی لەژیانی خەڵكدا پێكبهێنێت، ئێمە پێمان وایە  ئەگەر ئەو زەمانەمان بەدەستەوە بێت و ئەگەر لە رەوتی رووداوەكان نە پێش كەوین و نە دوابكەوین داهاتوویەكی روون بۆ ئەو سەهەڵدانەی ئێستا بەدیدەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار