سلێمانی لەبەردەم شەپۆلێكی تری خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییدایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

سێ هەفتەیە ناڕەزایەتییەكان لەسلێمانی و هەڵەبجە و سنووری ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بۆ دەرماڵە و پلە بەرزركردنەوە سەریانهەڵداوەتەوە، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان داوای دەرماڵە دەكەن، لەلایەكی دیكەش مامۆستایان و فەرمانبەران داوای پلەبەرزكردنەوە دەكەن و هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، بەنیازن بەهەمانشێوەی خانەنشینان لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا تۆمار بكەن، هاوكات مامۆستایانی وانەبێژ بەهۆی دانەمەزراندنیان ئەوانیش هەڕەشەی خۆپیشاندان و بایكۆت دەكەن، شێركۆ جەودەت دەڵێت: پێم وایە ئەم سنوورە بەبەرنامە قەیران و كێشەی بۆ دروستدەكرێت، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت: «كێشەكە ئەوەیە هەموو دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوەو بۆ هەموو پارە خەرجكردنێك دەبێت بگەڕێتەوە لای ئەو».

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «داهاتی سلێمانی بەهۆی خەرجكردنی بۆ مووچەی فەرمانبەران و ژمارەیەك لەسەرۆكایەتیەكان كەمدەكات، بۆیە زۆربەی كات كێشە بۆ پرۆژەكانی سلێمانی دروستدەبێت، دەرماڵەی خوێندكارانیش لەم سنورە حكومەتی هەرێم دەڵێت دەبێت لەسەر داهاتی ناوخۆ بێت لەكاتێكدا دەبوو هەموو دەرماڵەی خوێندكاران وەكو یەك لەهەرێم خەرجبكرێت».

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كەهاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیە دەڵێت: «كێشەكە نەبوونی یاسای بودجەیە كە هەموو دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوەو بۆ هەموو پارە خەرجكردنێك دەبێت بگەڕێتەوە لای ئەو».

بەوتەی زیاد جەبار لەشوێنەكانی دیكەش وەكو هەولێرو دهۆك هاوشێوەی سلێمانی كێشە دروست دەبێت، بەڵام  وەك ئەو دەڵێت «لەهەولێرو دهۆك رێگری لەناڕەزایەتییەكان دەكرێت، مەسەلەی پرۆژەكانیش كە جێبەجێ ناكرێت یان كێشەی تێدەكەوێت بەهەمانشێوە نەبوونی یاسای بودجەیە».

هەر سەبارەت بەسەرهەڵدانی قەیرانەكان لەسلێمانی لەوانەش كۆنەكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و تەواونەكردنی پرۆژەكان و نەدانی دەرماڵەی خوێندكاران و نەمانی پارە لەبانكەكان، شێركۆ جەودەت ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» پێم وایە ئەم سنوورە بەبەرنامە قەیران و كێشەی بۆ دروست دەكرێت».

پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران یەكێكی دیكەیە لەو قەیرانانەی بەرۆكی حكومەتی هەرێمی گرتووە، بژێو ئەحمەد فەرمانبەرە لەوەزارەتی خوێندنی باڵا وەك ئەوەی بۆ  هاوڵاتی باسیكرد ئەگەر پلەكەی بەرزبكرێتەوەو پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە ئەوا مووچەكەی نزیكەی 200 هەزار دینار زیاد دەكات.

وتیشی: «لە2016 ەوە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە ئەگەر دەستپێبكاتەوە گۆڕانكاری لەمووچەكەی و لەژیانیشیدا دروستدەكات».

بەرهەم حەسەن كارمەندی وەزارەتی تەندروستییە، ئەویش بەهاوڵاتی وت:» بەهۆی ئەوەی دەمێكە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە زۆرێك لەفەرمانبەران تاقەتی كاركردنیان نەماوەو من بۆخۆم  بێئومێد بووم لەوەی حكومەت پلەبەرزكردنەوە بەدڵی ئەوان دەستپێبكاتەوە».

وتیشی: ئەوەندە دەمێكە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە تەنانەت تاقەتی ئەوەشی نەماوە بیر لەوە بكاتەوە كە ئەگەر دەستپێبكاتەوە چەندێك لەمووچەكەی زیاد دەكات.

سامان عەلی مامۆستایە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی راگەیاند:» من ئێستا دەبوایە مووچە بنەڕەتیەكەم 968 هەزار بوایەو دوو پلە بەرزكردنەوەم بۆ بكرایە، بەهۆی بڕوانامەكەشمەوە زیاتر لە 300 هەزار دەچووە سەر مووچەكەم كە ئەوەش بۆ من زۆر جیاوازی دروستدەكات».

وتیشی: «من كرێچیم ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە لانیكەم بەو پارەیەی بۆم زیاد دەكرێت دەتوانم كرێكەم بدەم، ئەو شێوازەش كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت پلەی پێ بەرزبكاتەوە رێگایەكە جیاوازی دروستدەكات و نایانەوێت مووچەی زۆر بۆ فەرمانبەران زیاد بكەن».

«لەگەڵ پارێزەر قسەمان كردووە لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆدەبینەوەو بەڵگەنامەمان كۆكردووەتەوە تا لەدادگای فیدراڵی هاوشێوەی خانەنشینان سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكەین، لێرەش چووین لەداواكاری گشتی سكاڵا تۆمار بكەین پێیان وتین ئەگەر شتێكتان بۆ دەكرێت بۆ ئێمەشی بكەن بۆیە وازمان هێنا». سامان عەلی وادەڵێت.

بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند:»سەبارەت بەپلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەنیازین لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران كۆببینەوە و سكاڵایان بۆ بنووسین، تا سەری ساڵ لەسەر حكومەتی هەرێم دەوەستین ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستی پێنەكردەوە ئەوا رێكارەكانی سكاڵا تۆماركردن بۆ ئەوانیش لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستپێدەكەین».

رۆژی چوارشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2022، دادگای فیدراڵیی عێراق تاووتوێی سكاڵایەكی كرد كە لەلایەن ژمارەیەك خانەنشین و بەرپرسی رێكخراوی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستانەوە لەسەر هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی تۆمار كرابوو، دواجار بڕیاری دا بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006و پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەمواركراوی عێراق.

عوسمان سدیق وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «ئێمە دوای ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی عێراق یەكلاییمان كردەوە بۆ ماوەیەك تا رێوشوێنە یاساییەكانی دادگای فیدراڵی تەواو دەبن چاوەڕێ دەكەین».

وتیشی: «پاش ئەو ماوەیە بەڕاوێژكردن لەگەڵ پارێزەران و یاساناسان بڕیاری خۆمان دەدەین كەئایا هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت، بێگومان ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەكە جێبەجێ نەكات ئەوا جارێكی دیكە دۆسیەكە دەجوڵێنینەوەو دادگای فیدراڵی عێراقی لێ ئاگاداردەكەینەوە».

بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش لەوبارەیەوە وتی: «لەڕووی یاساییەوە دەبێت لەڕێگەی دادنووسەوە هۆشدارییەك بدەینە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی كە دەبێت لەماوەی هەشت رۆژدا بڕیارەكە جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە تووشی لێپرسینەوەی سزایی دەبن بەپێی ماددەی 329 بڕگەی دوو لەیاسای سزادانی عێراقی و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچێت».

لەسكاڵاكەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستاندا داواكرابوو مووچەی خانەنشینانی هەرێمیش وەك بەغدای لێبێت كە كەمترینی بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێم 220 هەزارە.

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا دەڵێت: چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانین، دەبێت ئەوان بڕیارەكە لەهەرێمی كوردستان پەسند بكەن ئەوكات دەتوانین كاری پێبكەین.

لەلایەكی ترەوە مامۆستایانی وانەبێژ چەند ساڵێكە ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای دامەزراندن دەكەن و جارێكی تر هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، ناڕەزایی مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتێكدایە لە بەشێكی زۆری پەروەردەكان زیاتر لە سەدا 50ی مامۆستایان وانەبێژن.

كاروخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بەهاوڵاتی وت:» چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو ئەنجوومەنی راژە كردووە، بەڵام هیچ ئومێدێكمان بەدامەزراندن نەماوەو تەنیا كات بەڕێكردن بوو، بۆیە بڕیارمان داوە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەین».

لەهەرێمی كوردستان 32 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، بەوتەی كارۆخ عەبدوڵڵا، لەو ژمارەیە نزیكەی پێنج هەزار مامۆستای وانەبێژ دادەمەزرێن، ئەوەش دیار نییە كەی، رەنگە بكەوێتە ساڵی 2023 بۆ 2024.

داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتێكدایە، مامۆستایانی دامەزراویش لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، ئەوانیش داوای پلەبەرزكردنەوە دەكەن و پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار رەتدەكەنەوە.

رۆژی 27-11-2022 بەشێك لەمامۆستایان لەپارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو دەڵێن پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار رەتدەكەنەوە، ئەوان داوایانكرد پلە بەرزكردنەوە بەشێوازێكی رەها بكرێتەوە.

وەك مامۆستایان باسیانكرد مۆڵەتی مانگێك دەدەنە حكومەت بۆ راستكردنەوەی بڕیارەكەی ئەگەرنا بایكۆت و خۆپیشاندان دەستپێدەكەنەوە.

بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 26-10-2022 دەرچووە، باس لەوەدەكات پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەمەرجێك دەبێت كەڕەچاوی پێوەرو بنەماكانی دیاریكراو لەلایەن ئەنجومەنی راژەو یاسای راژەی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960ی هەمواركراو بكرێت بەناونیشانی بەرزكردنەوەی فەرمانبەر، كەئەویش بەجۆرێكە هەڵبژاردنی فەرمانبەران بۆ پلەبەرزكردنەوە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و توانا دەبێت نەك تەنها ماوەی راژە، ئەویش دوای سەلماندنی تواناو لێهاتوویی و سەركەوتنی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی ركابەری دەكەن.

هەر بەپێی فەرمانەكە دەبێت ئەو فەرمانبەرە شەش مانگ بخرێتە ژێر ئەزموونەوە لەڕێكەوتی دەستبەكاربوونی لەو وەزیفەیەی بۆی بەرزكراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەفەرمانی وەزیر لەهەر وەزارەتێكدا لیژنەیەك بۆ پاڵاوتنی بەرزكردنەوەی فەرمانبەران پێكدەهێنرێت.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «بەپێی ئەو بڕیارە ئەنجومەنی راژە راسپێردراوە كە دیراسەی پلەبەرزكردنەوە بكات بەپێی بڕیاری 176ی ئەنجومەنی وەزیران لە 26-10-2022 كە ئەوەش پرۆسەیەكی ئاسان نییەو ئێستا لێكۆڵینەوە لەو پلە شاغیرانە دەكرێت كەپێویستە بەرزبكرێنەوە بەپێی شایستەیی فەرمانبەران، واتە حكومەتی هەرێم لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە دیراسەی ئەو پرسەی كردووە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی».

وتیشی:»نزیكەی 363 هەزار فەرمانبەر پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە جگە لەوەی زیاتر لە 10 هەزار پلەی وەزیفی زیادەیە واتە پێویستی بەپلەبەرزكردنەوە نەبووە كە لە 2016 ەوە راگیراوە، واتە لەبنەڕەتدا پلەیەكی بەرزتریان وەرگرتووە، بەڵام ئەوە ئەنجومەنی گشتی راژە یەكلایی دەكاتەوە لەكۆتاییدا، ئێستاش سەرقاڵی پێداچوونەوەیە».

وەك  سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت:» بەمنزیكانە ئەنجومەنی راژە ئەوەی كەپێویستە دەیداتە رای گشتی لەسەر پلەبەرزكردنەوە، لەهێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆش تەنها ساڵی 2017 پلەبەرزكردنەوە كراوە واتە دوای ئەوە نەكراوە».

«حكومەت ئەوەی پێویستە بۆ باشتركردنی ئەدای فەرمانگەكان دەیكات كەئامانجیش لەپلەبەرزكردنەوە ئەوەیە، هەموو پلەبەرزكردنەوەیەكیش لەچوارچێوەی یاسای چاكسازییە و ئەنجومەنی گشتی راژەو وەزارەتی دارایی و دەستەی دەستپاكی ئەنجامی دەدەن و پرۆسەیەكی وردە». سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران وای وت.

لەئێستادا زیاتر لە 365 هەزار فەرمانبەر لەهەرێم پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوەو بەكۆی گشتی هەر فەرمانبەرێك لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دینار مووچەكەی زیاددەكات ئەگەر پلەبەرزكردنەوە جێبەجێبكرێت، ئەم زانیارییانە هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەستیكەوتووە، هەر ئەوەش وایكردووە ئەنجومەنی وەزیران پرسەكەی داوەتە دەست ئەنجومەنی راژەو پاشان بەنیازە بینێرێتە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار