هیومان رایتس وۆچ داوا لەسەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بكوژان سزا بدات

«بەڵێنەكانی كازمی بۆ چەسپاندنی دادگەری پووچ دەرچوون»

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سێ ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژییەكەی پردی زەیتوون لەشاری ناسرییە تێدەپەڕێت كەتیایدا ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەری ناڕازی لەدەسەڵات كوژران و برینداركران، ئەوكات (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیران بوو، لەساڵیادی خۆپیشاندانەكاندا رێكخراوی نێودەوڵەتی چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)یش رەخنە لەدەسەڵاتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەگرێت و بەبێ بەڵێن وەسفی دەكات.

لەنوێترین راپۆرتی خۆیدا كە ٣٤ لاپەڕەیە ئەو رێكخراوە زۆر بەوردەكارییەوە پرۆسەكانی كوشتن و برینداركردن و رفاندنی خۆپیشاندەرانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی لەساڵی ٢٠١٩ -٢٠٢٠ی خستووەتەڕوو، رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كاتێك مستەفا كازمی لەئایاری ٢٠٢٠ دەسەڵاتی گرتەدەست بەڵێنیدا بكوژان و رفێنەران سزابدات، بەڵام بێ ئەوەی بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات لەئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ كۆتایی بەدەسەڵاتەكەی هات و بەرپرسانی ئەو تاوانانەی سزا نەدا.

رەنگە رووداوی سەر پردی زەیتون لەشاری ناسریە بەتوندوتیژترین رووداوی ئەو خۆپیشاندانانە ئەژماربكرێت كاتێك لە ٢٨ی ١١ی ٢٠١٩ هێزە ئەمنییەكانی عێراق ئاراستەی چەكەكانیان كردە خۆپیشاندەران و زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەریان كوشت و ٥٠٠ی دیكەشیان برینداركرد، چالاكوانان و خۆپیشاندەری شارەكەش بەشێكی زۆری بنكەو بارەگاكانی حكومەتیان لەو شارە سووتاند. لەو رووداوەشدا فەریق رووكن (جەمیل شەمەری)ی فەرماندەی سەربازیی شارەكە تۆمەتباردەكرێت كە لەلایەن (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆكوەزیرانی پێشووترەوە بۆ سەرپەرشتیكردنی شارەكە نێردراو دەوترێت ئەو فەرمانی تەقەكردنی خۆپیشاندەرانی دەركردووەو ئەو قەتڵوعامەی ئەنجامداوە.

ئادەم كۆغل، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە (هیومان ڕایتس وۆچ) دەڵێت: دوای دوو ساڵ و نیو لەدەسەڵاتی كازمی دەركەوت بەڵێنەكانی بۆ چەسپاندنی دادگەری بەسەر ئەو توندوتیژییە دڕندانەی دژ بەخۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان ئەنجامدراوە پووچ دەرچوون و بكوژەكان بەئازادی دەسوڕێنەوە. خۆپیشاندەران قوربانی زۆریاندا بۆ باشتركردنی دۆخی وڵات، تەنانەت رۆحی خۆیان بەخشی، بەڵام حكومەتەكەیان نەیتوانی لانی كەم لەدادگەرییان پێببەخشێت.

لەدوای شەش مانگ لەگرتنەدەستی دەسەڵات، مستەفا كازمی لیژنەیەكی (بۆ دەرخستنی راستییەكان) بۆ لێكۆڵینەوە لەو توندوتیژی و تاوانانەی دەرحەق بەخۆپیشاندەران ئەنجامدراوە پێكهێنا، بەڵام لیژنەكە هیچ زانیارییەكی دەربارەی ئەو ئەنجامانە بڵاونەكردەوە  كە پێیگەیشتووە، تەنانەت ئەو دۆسیانەشی ئاشكرانەكرد كە لێكۆڵینەوەی لەبارەوە كردن. خێزانی قوربانییەكان و رفێنراوان لەلای پۆلیس و دەزگای دادوەری سكاڵای خۆیان تۆماركرد، بەڵام دواتر وەك هەموو دۆسیەكانی تری ئەو بابەتە پشتگوێخران و بەدواداچوون و وردەكاری بۆ كۆنەكرایەوەو بكەرەكانی دەستنیشاننەكراو لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەكرا.

هیومان رایتس وۆچ رەخنەی ئەوەشدەگرێت جگە لەو هاوكارییە مادییەی دراوەتە زۆرینەی خێزانی قوربانییەكان، بەڵام هێشتا وەكو پێویست بەهەزاران برینداری خۆپیشاندانەكان هاوكاری نەكراون و وەك ئەوەی باسی دەكەن لەدوای دوو ساڵ  و نیو چاوەڕوانی ناچاربوون پارێزەر بگرن و بەرتیل بدەن بۆ پێشسخستنی داواكانیان بۆ قەرەبووكردنەوە، داواش لەحكومەتەكەی محەممەد شیاع سوودانی دەكات ئەو زانیارییانە بڵاوبكاتەوە كە لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان پێیگەیشتوون و تاوانباران سزا بدات.

لە ١ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩، خۆپیشاندان لەبەغداو ناوەڕاست و باشوری عێراق دەستیپێكردو بەڕووخانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و كوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەرو برینداربوونی ٢١ هەزار خۆپیشاندەری دیكە كۆتاییهات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار