ئامادەکارى دەکرێت بۆ هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەر کۆبانێ

2 كاتژمێر لەمەوپێش



هێزەکانى هەسەدە و حکومەتى سووریا ئامادەکارى دەکەن بۆ جێگیرکردنى هێزەکانیان لە خاڵى هاوبەش لەسەر ڕێگەى (ئێم 4) تاوەکو شارۆچکەى چەلەبی و هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەر کۆبانێ.

پەیامنێرى کەناڵ8  لە کۆبانێ گوتی، ئەمڕۆ شاندێکى هێزەکانی ئاسایشی کۆبانێ بە گوندى ئیتوێراند چووەنەتە دوایین خاڵى هێزەکانى سووپای عەرەبیی سووریا لە سنووری کۆبانێ.

ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە سبەى شاندەکەی ئاسایش لەگەڵ هێزەکانى حکومەتى سووریا کاربکەن بۆ دانانی چەند خاڵێکى هاوبەش بۆ جێگیرکردنی هێزەکانى هەردوولا لەسەر ڕێگەى ئێم 4 تاوەکو شارۆچکەى چەلەبی.

بەگوتەى پەیامنێرى کەناڵ8، ئێستا دەستەى کارەباى کۆبانێ سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەى کارەباى شارەکەیە، هەروەها ئامادەکارى دەکرێت بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان و ئاسایبوونەوەى دۆخەکە.

زیاتر لە 20 ڕۆژە گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ بەردەوامە و مەترسی لەسەر ژیانی نزیکەی 600 هەزار خەڵکی سڤیل لە دانیشتووان و ئاوارەکان دروستکردووە کە بەهۆی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە ئاوارەی شارەکە بوون.

ئێستا دانیشتووانی کۆبانێ لە دۆخێکی خراپی مرۆییدان ئەوەش بەهۆی کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، هەروەها بەهۆی کەمبوونەوەی سووتەمەنی و نەمانی تەواوەتی کارەبا و ئینتەرنێت، ئەمەش کێشە و نەهامەتی سەر دانیشتووانەکەی زیاد کردووە و کاری کردووەتەوە سەر دامەزراوە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان.

سەرباری ئەوەی لە 29ـی کانوونی دووەمەوە ڕێککەوتن لەنێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژۆکراوە و تیایدا جەختکراوەتەوە لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خاڵەی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

ئیدارەی کۆبانی هۆشداری داوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەردەوامبوونی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ و داوایکردووە حکومەت پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و بەخێرایی گەمارۆ هەڵبگرێت و بەبێ مەرج پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ دانیشتووانەکانی دابین بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار