ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 110 رۆژە بەردەوامە
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پاشەکشێ لە پرسی باڵاپۆشبوندا دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
چالاکی و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 110 رۆژە بەردەوامە و لە تاران و یەزد و دەیان شاری دیکە گەنجان بەردەوامبون لە هێرشکردنە سەر ناوەند و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی و سوتاندنی پەیکەر و پۆستەرەکانی قاسم سولەیمانی.
لە شارەکانی سەقز و سنە و جوانڕۆ و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردنی چالاکوان و وەزرشکار و شاخەوانانی ئەو بەشە لە کوردستان بەردەوامبو و بە پێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە؛ رۆژی چوارشەممە نزیکەی 30 کەس دەستگیر کراون.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردوەتەوە؛ تا ئێستا چارەنوسی 50 دەستگیرکراوی رۆژانی پێشوی شاری پیرانشار کە لە نەغەدە زیندانیی کراون نادیارە.
مامۆستایان و زۆربەی توێژەکانی شاری جوانڕۆ داوای راگرتنی سەپاندنی دۆخی سەربازیی سەپێنراوایان بەسەر شارەکەدا کرد و رێکخراوەکانیش هۆشداریی دەدەن لەو رەشبگیرییەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.
مامۆستایان شاری جوانڕۆ و دەروبەری لەگەڵ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و رایانگەیان هەمو زاناکان سەریان سوڕماوە لە بەردەوامیی ستەمکاریی لە وڵاتەکەدا.
مامۆستایان و جەماوەری جوانڕۆ ئاماژەیان بەوە کردوە کە زیاتر لە 100 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی شاری جوانڕۆ بەردەوامە و سەرەڕای داواکارییەکان هیچ بەرپرسێک وەڵامی گونجانی داواکارییەکانیان نەداوە و توندوتیژییەکانیش رانەگیراوە.
لە بەیاننامەکەدا کە بە ناوی سەرجەم چین و توێژەکانی جوانڕۆ بڵاو کراوەتەوە داوا دەکرێت دەستبەجێ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەستبەرداری رەشبگیری گەنجان و لاوان و چالاکوانان بن و کەشی سەربازیی و ئەمنیی لەسەر شارەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان و سیستان و بەلوچستان و شاری سەمیرۆم لە ئەسفەهان بهێنرێت.
ژنێکی کورد و ئەکتەرێکی ئێران بە بارمتە لە زیندان ئازاد دەکرێن
ئەو خانمە کوردەی خەڵکی شاری نەوشەهر لە باکوری ئێران کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان تۆمەتی "دژایەتی خودا" خرابوە پاڵ کە سزای سێدراە دەیگرتەوە بەڵام تۆمەتەکەی بە بێڕێزیی بە عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی و بە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی ئێران بۆ گۆڕدراوە و بەو هۆیە سزای زیاتر لە حەوت ساڵی زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
ئەوەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ تەرانە عەلی دوستی ، خانمە ئەکتەری ناوداری ئێران دوای 18 رۆژ لە دەستگیرکردن و مانەوەی لە زیندانی ئێوین لە تاران، بە بارمتەی 25 هەزار دۆلار بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
مەرگی کچە چالاکوانێکی ناڕەزایەتییەکانی ئێران راگەیەنرا
مریەم سەلیمیان، نیگارکێش و چالاکوانی مەدەنی کە پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکرد و بەو هۆیەوە گەشتی لێ قەدەغە کرابو، ئەمڕۆ مەرگی راگەیەنرا و سەرچاوەکانی هەواڵیش گومان دەکەن ئەو کچە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابێت بەڵام میدیاکانی حکومەت بڵاویان کردوەتە ئەو خۆی کوشتوە.
ئەمریکا داوا دەکات سزای سێدارە راگیرێت
رۆبەرت مەڵی نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێکدا لە تویتەر داوای کرد دەسەڵاتی ئێران لەسێدارەدانی دو گەنجی تەمەن 18 و 19 ساڵ رابگرێت.
مەڵی نوسیویەتی : جیهان دۆخەکەی لەبەرچاوە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەبێت گوێ بۆ گەنجانی وڵاتەکە بگرن نەوەک لەسێدارەیان بدەن.
کۆماری ئیسلامی پاشەکشێ لە پرسی باڵاپۆشبوندا دەکات
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند نابێت ئەو ژنانەی زۆر پابەندی سەرپۆش و باڵاپۆشبون نین، تۆمەتبار بکرێن بە دژایەتیی کۆمار ئیسلامی.
ئەو لە کاتی وتاردان بۆ ژنانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی وتی: دۆخێک رویداوە کە وای کردوە هەندێک ژن و کچ کە پابەندبونیان بە باڵاپۆشییەوە گونجاو و تەواو نەبوە، تۆمەتبار بکرێن بە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەوان سەلماندیان لە ژێر کاریگەریی دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا دژایەتی وڵاتەکەیان ناکەن.
لێدوانی خامنەیی لە کاتێکدایە پێشتر رایگەیاندبو پاشەکشێ لە هیچ بنەمایەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش ناکەن.
دەسەڵاتی تاران هەڕەشە لە پاریس دەکات
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و لێوەگەڕ(مەرجەعیەتی) شیعەی وڵاتەکە لە گۆڤاری چارلی ئێبدۆ بێرێزییەکی ئاشکرایە و تاران وەڵامی بۆ ئەو کارە دەبێت.
بڵاوکراوەی چارلی ئێبدۆ بە ناونیشانی (ئاخوندەکان دورکەونەوە) ژمارەیەک کاریکاتێری خامنەیی و دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێرانی بڵاو کردوەتەوە و ئەوەش کاردانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتوەتەوە.
