ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 115 رۆژە بەردەوامە

3 ساڵ لەمەوپێش



ئەمڕۆ لە  زانکۆی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی سێدراە بەڕێوچو و لە شاری بۆکان یادی چلەی کوژراوێکی شارەکە کرایەوە و چەند وڵاتێکیش هۆشدارایی دەدەنە کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر سەپاندنی سزای سێدارە و کەنەدا-ش ژمارەیەک سزای بەسەر دەسەڵاتی تاراندا سەپاند.

هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ لە کەرج رێگرییان کرد رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی بەڕێوبچێت کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لەسێدارەدران.

دەستگیرکردنی گەنجان لە مەریوان و جوانڕۆ و ئیلام و چەند شارێکی دیکە بەردەوامبو و رێکخراوەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە بەرزبونەوەی ژمارەی دەستگیرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

لە شاری لیۆن لە فەڕەنسا گردبونەوە و خۆپیشاندانی چالاکونانی ئێران دژی سێدارە و دەسەڵاتی ئێران بەڕێوچو.

ڤیدیۆ؛ چلەی ئاوات لە بۆکان

ئەمڕۆ لە گوندی مەلالەر شاری بۆکان چلەی مەرگی ئاوات قادرپور تەمەن 20 ساڵ بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان بریندارکراو و دوای چەند رۆژ بێهۆشیی لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدا.

تا ئێستا 18 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان و ئەشکەنجە لە گرتوخانە و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێترین وتاریدا ئەمڕۆ دوشەممە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کردوە و داواشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کرد ئەو خۆپیشاندەرانە سزا بدرێن.

بە وتەی خامنەیی ئەوانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە ئامانجیان رەخنە و چاکسازیی نەبوە و بەڵکو ویستویانە دەستکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو ببەن.

 رێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردوەتەوە کە گومان لە ناپاکیی خۆپیشاندەران نییە بۆیە دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە توندترین شێوە روبەڕوی ئەو کەسانە ببنەوە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردوە.

پاپ فرانسیس داوای راگرتنی سێدارە لە ئێران دەکات

پاپ فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان رۆژی دوشەممە لە وتاری ساڵانەی خۆی بۆ ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ڤاتیکان، رایگەیاند؛ دەبێت ئێران سزای سێدارە راگرێت و ناکرێت جێبەجێکردنی سێدارە بە دادپەروەریی لەقەڵەم بدرێک بەڵکۆ نەفرەت و تۆڵەیە دژی نەیاران.

پاپ وتویەتی: ئەمڕۆ مافی ژیانی زۆر کەس لەو شوێنانەی هاوشێوەی ئێران سزای سێدارەی تێدایە لە مەترسیدایە لە کاتێکدا لەو وڵاتە هەوڵ بۆ رێزگرتنی زیاتر لە ژنان دەدرێت.

سێ وڵات بۆ جاری دوەم باڵیۆزەکانی ئێران بانگهێشت دەکەن

بەهۆی لەسێدارەدانی دو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان، رۆژی دوشەممە باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا بانگهێشت کران.

ئەو سێ وڵاتە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و خەڵکیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە هەنگاوێکی نامرۆڤانە ناوبردوە و ئیدانەی لەسێدراەدانی مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی-یان کردوە.

دوەم جارە بەهۆی سێدراە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی باڵیۆزەکانی ئێران لە لەندەن و بەرلین و پاریس بانگهێشت دەکرێن.

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە تویتەر بە ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی داوای لە ئێران کرد جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان راگرێت و ئەو زیندانیانەش ئازاد بکرێن کە نادادپەروەرانە بەند کراون.

بەهۆی سێدارەوە، کەنەدا سزا دامەزراوە و بەرپرسانی ئێران دەدات

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رۆژی دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لەسێدارەدانی مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی، سێ دامەزراوە و دو بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سزا دەدرێن.

وەزرەتەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ سزاکانی وڵاتەکەی ناوەندی (15ی خورداد) نزیک لە عەلی خامنەیی و  رۆژنامەی (ئێران) و دەستەی چاودیڕیی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و جێگری وەزیری وەرزش و لاوان، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای لاوان و ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەبژێری کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێتەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردوە ئیدانی بڕیاری دادگای باڵای ئێراننی کرد بۆ سەپاندنەوەی سزای سێدارە بەسەر محەمەد بروغەنی و داوای کردوە جێبەجێکردنی سێدارەی ئەو گەنجە راگیرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار