بۆ قەرەبووی ئۆتۆمبێل و دووکانەکان کۆمیسیۆنەکەی چەمچەماڵ کۆدەبێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



هەریەک لە کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بڕیارە سبەى یەکشەممە کۆببنەوە، بۆ بڕیاردان لەسەر قۆناغی داهاتووی هاوکاری زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ.

کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن و بۆردی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کە 16 کەسن، کاتژمێر 10 کۆبونەوەکەیان ئەنجامدەدەن، بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی، سکاڵای ئەو کەسانەی کە لیژنەکان سەردانی نەکردوون یاخود داوایانکردووە ئەو هاوکارییەی پێیاندراوە زیاد بکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانى کەناڵ8، سکاڵای ئەو زیانلێکەوتووانەی لافاوەکەی چەمچەماڵ داخڵی سیستم دەکرێت و لیژنەکە پێداوچوونەوەی پێدا دەکات و بڕیاردەدەن لەسەر سکاڵاکان.

هەر لە کۆبوونەوەکە لیژنەکە بڕیاردەدات لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی ئۆتۆمبێل و دووکانەکان، بەوپێیەی 700 ئۆتۆمبێل و 200 شوێنی بازرگانی زیانیان بەرکەتبوو، هەروەها رۆژى هاوکارییەکەش دیاریدەکرێت کە زیانلێکەوتوان بتوانن چەکى بانکییەکانیان وەربگرن و قەرەبوو بکرێنەوە.

پێشتر کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ دڵنیایی تەواوى بە سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ داوە کە لەو بڕە پارەیەی کۆکراوەتەوە، هاوکاری دەکرێن و قەرەبوو دەکرێنەوە.

ڕۆژی 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانێکی بەخوڕەوە لافاو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە و چەند ناوچەیەکی دەورووبەری دروستبوو، بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵی هاونیشتمانیان، فەرمانگەی حکومی و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کەوت.

بۆ هاوکاری و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوەکە، قوباد تاڵەبانی شوێنی بازرگانی، نووسینگەکەی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ بە سەرۆکایەتی عەتا محەممەد پێکهێنرا، لەڕێگەی ئەو کۆمیسیۆنەوە لیژنە پێکهێنرا بۆ سەردانی ماڵ و ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە و لەڕێگەیەوە زیانەکان خەمڵێنران، هەروەها بڕی 13 ملیار دینار لەڕێگەی کۆمیسیۆنەکەوە کۆکرایەوە بۆ هاوکاری کردنی زیانلێکەوتووان.

لە لافاوەکەی چەمچەماڵدا زیاد لە هەزار و 300 خانوو، زیاد لە 700 ئۆتۆمبێل و 200 شوێنی بازرگانی و شەش فەرمانگەی حکومی زیانیان بەرکەوت، لە سەرەتادا بڕی هاوکاری لە 25 هەزارەوە تاوەکو شەش ملیۆن دیناربوو، بەڵام دواتر کۆمیسیۆنەکە بڕیاریدا 500 هەزار وەک کەمترین بڕ دیاریبکرێت بۆ ئەو هاوکارییەی دەدرێتە زیانلێکەتووان. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار