ئێران لەنێو خاکی هەرێم پەرژینێکی 600 کیلۆمەترى دروستدەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران دوای شەڕە 12 رۆژەکەی لەگەڵ ئیسرائیل سەرقاڵی دروستکردنی دیوارێکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو دیوارەکە بە درێژایی 600 کیلۆمەتر و قوڵایی دوو کیلۆمەترە لەنێو خاکی کوردستان، دیوارەکە لە چیای کێلەشینی سیدەکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو گوندی (چەم چەقاڵ)ـی گەرمیان درێژدەبێتەوە.
دەقى نوسینەکەى کامەران عوسمان- لە رێكخراوی (CPT)
سوپای پاسدارانی ئێران، بەدرێژای نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات.
لەدوای ٢٤ی حوزەیران ٢٠٢٥ و کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران - ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە (٣) مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دێوارەکە جێگیریکراون. ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی (٢) کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر لە “چیای کێلەشین” لە سنوری قەزای سیدەکان تادەگات بە گوندی “چەم چەقەڵ” لە سنوری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت.
لە ئێستادا، بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەن و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تادەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن - ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئێران، (١٥١) بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بنیاتنانی ئەو دیوارە و بەستنەوەیان بە بارەگا سەربازییەکان، مەترسی بۆسەر گیانی گوندنشینان و جوتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێی سەر سنورەکان دروست دەکات. داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەتەواوی دەبێتە دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری. سەرباری هەموو ئەمانەش، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی لێکهەڵبرانی کوردانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان.
