دەسەڵاتدارانی ئێران کوردێکی دیکەیان لەسێدارەدا و لەم مانگەدا ٧ کورد لەسێدارەدراون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گەنجێکی دیکەی کورد لە زیندانی رەجایی شەهری کەرەج لەسێدارەدرا.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران کوردێکی دیکەیان بە ناوی پەیمان عەرەب گیچێ خەڵکی ناوچەی سۆما برادۆستی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە زیندانی رەجایی شەهری کەرەج لەسێدارەداوە.
بەگوێرەی هەواڵی هەنگاو، پەیمان عەرەب گیچێ سێ ساڵ لەمەوبەر بە تاوانی بازرگانیکردن بە مادەی هوشبەرەوە لە ورمێ دەستگیرکراوە و دادگای ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سزاکەی جێبەجێکراوە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، هەروەها ئامارێکیشی لەبارەی لەسێدارەدانی گەنجانی کورد بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا، حەوت گەنجی کورد لە زیندانەکانی کرمانشان، کەرەج و بەندەرعەباس لەسێدارەدراون.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ساڵی رابردوو رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی حەوت هەزار کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. لە ئیستاشدا مەترسی لەسێدارەدان لەسەر نزیکەی ١١٠ چالاکوان هەیە.
