وردەکاری فێڵکردنی کەسێک لەمەکتەبی شەهیدانی یەکێتی
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەمڕۆ مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی نیشمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند فێڵمان لێکراوە.
ڕاگەیاندراوەکە
پاش ئەوەی لە بەرواری 7/13/2022 لە لایەن چەند بەڕێزێکەوە پەیوەندی کرا بە مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانەوە، سەبارەت بە کەسێک بەناوی (مریوان کریم شریف)، کە باوک و برایەکی شەهیدی یەکێتییە و بەهۆی خراپی بارودۆخ و گوزەرانیەوە، کرێچیە و لەلایەن خاوەن موڵکەکەوە پێی وتراوە کە دەبێت چۆڵی بکات.
وەک مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران پەیوەندیمان پێوە کرد کە سەردانمان بکات، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەدەم داواکەیەوە هاتین و لەلایەن هەڤاڵ (بورهان سەعید سۆفی)یەوە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و یەکێتییانە بڕی (٥٠٠،٠٠٠) پێنج سەد هەزاری دیناری وەک هاوکاری پێدرا، پاشان داوای نوسراوێکی کرد بۆ سکرتارییەتی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی هاوکاری کردنی زیاتری، ئێمەش لەسەر متمانە نوسراوەکەمان بۆ کرد، هەرچەندە هیچ بەڵگەنامەیەکی شەهیدانی پێنەبووە بە بیانوی ئەوەی بەڵگەنامەی شەهیدەکانی لە شاری کەرکوکە لای دوو خوشکی بەجێی هێشتووە.
کۆتاجاریش لەبەرواری 9/1/2023 بۆ جاری دووەم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی بڵاو کراوەتەوە کە گوایە بێ لانەیە و لەسەر شەقام دەخەوێت. پاش بیستنی ئەم هەواڵە دووبارە بانگهێشتی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانمان کردەوە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وورد بۆمان دەرکەوت، ئەم کەسە ناسنامەی ساختەی بەکارهێناوە و هیچ شەهیدێکی لەناو لیستی شەهیدانی سەنگەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نیە و ئەم بابەتە بەسەر ئێمەشدا تێپەڕیوە.
لە کۆتایدا ڕایدەگەیەنین بەهیچ جۆرێک ئەم کەسە کەسوکاری شەهید نیە و بە فێڵ و ساختە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی ناوی پیرۆزی شەهید بەکارهێناوە.
مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران
