ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 116 رۆژە بەردەوامە
دەسەڵاتی ئێران سزاکانی توندتر دەکاتەوە و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیش بەردەوامە
3 ساڵ لەمەوپێش
ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 116 رۆژە بەردەوامە و بە بیانوی خۆپیشاندان و دژایەتی کۆماری ئیسلامی سزای سێدارە بەسەر گەنجێکی دیکەدا سەپێنرا و نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئیدانی لەسێدراەدانی خۆپیشاندەرانی کرد و پۆلیسی وڵاتەکەش رایگەیاند رێوشوێنەکانی رێگریی لە لابردنی سەرپۆش توند دەکەنەوە و دەستگیرکردنی گەنجان و لاوانیش لە شارەکانی رۆژهەڵات بەردەوامە.
لە شاری کرماشان گەنجان بە کردنەوەی ئاگر لە چەند شەقامێکی شارەکە دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و پۆستەری قاسم سولەیمانی لەسەر رێگای سەرەکیی کرماشان بە دەستی کچان سوتێنرا و لە شاری ئاودانان لە ئیلام بنکەیەکی سەر بە سوپای پاسداران ئاگردرا.
لە زۆربەی زانکۆکانی تاران گردبونەوە و ناڕەزایەتیی بەردەوامبو و دژی سزای سێدارە دروشم وترایەوە.
لە شارەکانی کرمان و کەرەج و زەنجان و دەیان شاری دیکە هێما و وێنە و پۆستەری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سوتێنران و بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبو.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ گەنجێکی کورد بە ناوی تەوحید دەروێش لە شاری خۆی بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تەبرێز سزای 10 ساڵ زیندانیی و دورخستنەوە و هاوکات بە زیاتر لە پێنج ملیارد تمەنی ئێران سزا درا.
ئەمڕۆش دەستگیرکردنی گەنجان و لاوانی شارەکانی جوانڕۆ و بۆکان و مەریوان و چەند شارێکی دیکە بەردەوام بوە و تەنها لە جوانڕۆ چوار لاو دەستگیرکراون کە خوێندکاربون و تەمەنی یەکێکیان 15 ساڵ بوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەیان بازگەیان لە نێوان شارەکاندا داناوە و پشکنین بۆ کەلوپەلی تایبەتی خەڵک دەکەن و تەنانەت مۆبایلی هاوڵاتییانی ناوچەکە و گەشتیارانیش دەپشکنن، ئەوەش بوەتە هۆی دروستبونی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتوچۆ.
دەزگای دادی ئێران سزای سێدارەی بەسەر جەواد روحی، گەنجێکی دیکەی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە شاری نەوشەهەر-دا سەپاند.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند ؛ لە ساڵی 2010 تا ئێستا نزیکەی حەوت هەزار کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و لە ئیستاشدا مەترسیی لەسێدارەدانی نزیکەی 110 چالاکوان هەیە.
نەتەوەیەکگرتوەکان رۆژی سێشەممە رایگەیاند؛ سزای سێدارە خۆپیشاندەران لە ئێران هاوشێوەی کوشتنە بە مۆڵەت و بڕیاری حکومەت لەو وڵاتە .
ڤۆلکیر تورک، سەرۆکی کۆمیسیارانی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ئیدانەی سزای لەسێدراەدانی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی کرد و رایگەیاند دەبێت کۆماری ئیسلامی رێز لە گیانی خەڵک و کەسانی ناڕەزایی بگرێت و بیانپارێزت و سزای سێدارە لە وڵاتەکەی راگرێت.
بە پێی یاساکانی سەرپۆش لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر کەسێک لە لایەن پۆلیسەوە بەو تۆمەتە دەستگیر بکرێت سزای مادیی و زیندان و دورخستنەوە دەیگرێتەوە و هاندانیشی بۆ لابردنی سەرپۆشی کەسانی دیکە سزاکانی قورستر دەبێت و لە کاری حکومیی دور دەخرێتەوە.
کۆمپانیای مێتا رایگەیاند ئەو پۆستانەی لە دژی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئینیستاگرام و فەیسبوک دەکرێن رێگەپێدراوە و هیچ هەڕەشەیەک لەو پۆستانەدا بەدی ناکرێت و ناسڕێنەوە.
چیرۆکی شین و شۆڕش لە رۆژهەڵات
هاوژینی یەحیا رەحیمی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، وێنەکانی هاوسەرگیرییانی بڵاو کردوەتەوە و نوسیویەتی" نەیانهێشت دو ساڵ بەسەر بەیەکگەیشتمنان تێپەڕێت کە تۆیان لێ سەندمەوە"..
یەحیا رەحیمی تەمەن 31 ساڵ لە (8/10/2022) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەنها بە بیانوی هۆڕن لێدان لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە، راستەوخۆ لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە تەقەی لێکرا و گوللـە بەر سەری کەوت و گیانی لەدەستدا.
یەحیا لەدایکبوی (10/12/1991) بو کە ئەمڕۆ دەبو مۆمی 32 ساڵەی تەمەنی داگیرساندایە و یادی دو ساڵەی هاوسەرگیریی بکردایەتەوە.
شاری سنە کە بەدەستەخوشکی سلێمانی ناو دەهێنرێت خاوەنی مێژویەکی خوێناوییە لە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی بەرامبەر ستەمی دەسەڵات و داگیرکران ئەوەش وای کردوە زۆرجار بە (سنەی خوێناویی) ناوبهێنرێت.
