هەدەپە دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا رێگریی لە داخستنی پارتەکەی بکات

پارتێکی تورکیا هەوڵی زیادکردنی کورسییەکانی لە باکوری کوردستان دەدات

وێنەی دەمیرتاش لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنەکانی جەهەپە لە شاری ئامەد

3 ساڵ لەمەوپێش



هەدەپە هەوڵی رێگریی لە داخستنی پارتەکەی دەدات و پارتێکی ئۆپۆزسیۆن تورکیا دەیەوێت دەنگەکانی لە باکوری کوردستان زیاد بکات.

مەتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی خەبەر تورک رایگەیاند؛ ئەگەر دادگای دەستوری تورکیا بڕیاری داخستنی پارتەکەیان بدات پێویستە ئەو بڕیارە دوای بەڕێوچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بدرێت و جێبەجێ بکرێت. 

ئەو وتویەتی: لە حاڵەتی بڕیاری داخستنی پارتەکەیان، بەفەرمی داوا لە دادگای دەستوری تورکیا دەکەن، بڕیارەکە لەدوای هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێت، بەهۆی ئەوەی لە روی یاسایی و ویژدانیەوە گونجاوترین بڕیار ئەوەیە.

دۆسیەی داخستنی هەدەپە، لەسەر داوای داواکاریی گشتی لە دادگای باڵای تورکیا، لە ساڵی رابردودا لە دادگای دەستوری ئەو وڵاتە تۆمار کرا و چاوەڕوان دەکرێت پێش هەڵبژاردن دادگاکە بڕیاری داخستنی ئەو پارتە بدات و هەدەپەش جەختدەکاتەوە کە هەمو ئامادەکارییەکیان کردوە بۆ ئەگەرەکانی داخستنی پارتەکەیان.

لە لایەکی دیکەوە مالپەری یۆرۆ نیوز بڵاوی کردەوە، پارتی گەلی کۆماری(جەهەپە) بریاریداوە بەستراتیژیەکی نوێوە لەشارەکانی باکوری کوردستان، بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بکات، ئەویش بەمەبەستی زیادکردنی کورسییەکانی.

یۆرۆنیوئ ئاشکراشیکرد، جەهەپە بڕیاریداوە لەرێگای کەسایەتیە دیار و ناسراوەکانەوە لەشارەکانی باکوری کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات بەتایبەت لە شاری ئامەد و وان بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە کورسی بەدەستبهێنێت. 

جەهەپە لەشارەکانی باکوری کوردستان دەیەوێت سود لەدەنگی ئەو دەنگدەرانە وەربگرێت کە ناڕازین لە سیاسەتی پارتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە پارتی داد وگەشەپێدان ئاکپارتیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پارتی گەلی کۆماری لەهەڵبژاردنی ساڵی 2018 لەسەرانسەری باکوری کوردستان تەنها 8 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار