ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 117 رۆژە بەردەوامە
ئامادەکاریی دەکرێت بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لە ئێران
3 ساڵ لەمەوپێش
سەرەڕای توندبونەوەی دۆخی ئەمنیی و بانگەشەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ روبەڕوبونەوەی ناڕەزایەتییەکان 117 رۆژە لە رۆژهەڵات و شارەکانی ئێران بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان و سەپاندی سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتەوە نەوەستاوە.
ئەمڕۆ هاوشێوەی رۆژانی رابردو دەستگیرکردنی لاوان و گەنجان لە سەقز، دیواندەرە، جوانڕۆ، کرماشان و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو.
لە زانکۆی هونەری تاران دژی سزای سێدراە ناڕەزایەتیی و گردبونەوە بەڕێوچو و خوێندکاران دژی ئەو سزایە و کوشتنی خۆپیشاندەران دروشمیان وتەوە.
لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەسفەهان و تاران بە نوسینی دروشم و سوتاندنی وێنە و پۆستەرەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبون و لە چەند بەیاننامەیەکدا داوا لە گەنجانی سەرتاسەری وڵاتەکە کرا ئامادەکاریی بکەن بۆ ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە رۆژی هەینیدا.
ئێران لەسێدارەدانی گەنجێکی دەستگیرکراوی راگرت
دادگای باڵای ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند؛ پێداچونەوە بۆ دۆسیەی محەمەد بروغەنی تەمەن 19 ساڵ دەکەنەوە کە سزای سێدراەی بەسەردا سەپێنراوە.
بروغەنی کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران دەستگیرکرابو سزای سێدارەی لە لایەن دادگایەکی ئەو شارەوە بەسەردا سەپێنرا و پێشتریش دادگای باڵای ئێران لەسێدراەدانی ئەو گەنجەی پەسند کردبو بەڵام بەهۆی فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ دادگای باڵا لەسێدارەدانی ئەو گەنجەی راگرت.
بە پێی ئامارەکانی هەرانا کە تا 116یەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان بڵاوی کردوەتەوە؛ 19 هەزار و 396 کەس دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 700 کەسیان خوێندکاری زانکۆ بون.
هەرانا ئاماژەی بەوە کردوە 109 کەس بە تۆمەتی جیاواز لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە مەترسی سەپاندنی سزای سێدارەیان لەسەرە کە زۆربەیان دانیشتوی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سیستان و بلوچستان-ن.
ئەنجومەنی رۆژنامەنوسانی ئێران بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا زیاتر لە 30 رۆژنامەنوسی وڵاتەکە ئازاد نەکراون و پێشتر 79 رۆژنامەوان لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کرابون.
کازم غەریب ئابادی، ئەمینداری مافەکانی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی لە ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (تویتەر، فەیسبوک.ئینیستاگرام)ی تۆمەتبار کرد بە هاوکاریی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە.
حیزبی نوێ لە ئێران
دو حیزب بە ناوەکانی ئێرانی نوێ (ایران نوین) و رێکخراوی مەشروتەی ئێران (سازمان مشروطە ایران) لە ئەوروپا دامەزراندنی خۆیان راگەیاند و بانگەشەی ئەوە دەکەن دەیانەوێت چالاکییەکانیان بۆ روخانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێبکەن.
زوڵەیخا دادگایی کرا
کەتایون ریاحی ئەکتەری ناوداری ئێران ئەمڕۆ چوە بەردەم دادگا و بە تۆمەتی لابردنی سەرپۆش و هاندانی خەڵک بۆ ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە دادگایی کرا بەڵام بەهۆی تێکچونی باری تەندروستیی بە ئامبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
ریاحی تەمەنی 61 ساڵە و رۆلی لە دەیان فیلم و درامادا گێراوە و لە فیلمی یوزارسیف رۆڵی زوڵەیخای بینیوە.
وێنەی 120 کوژراوی شۆڕشی رۆژهەڵات بڵاو کرایەوە
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێنە و ناسنامەی 121 کەسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە کە زۆرینەیان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە 13 کەسیشیان بە ئەشکەنجە گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی ئامارەکان لانیکەم 130 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون
.
