محەمەد حەلبووسی: "دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە"
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی لە بەغدا لەگەڵ محەمەد حەلبووسی کۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و چارەسەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوه "ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ".
جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵی و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کردەوە.
