ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 118 رۆژە بەردەوامە

لە 10 مانگدا 306 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون

3 ساڵ لەمەوپێش



118 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە لە شارەگەورەکان دروشم نوسین و سوتاندنی پۆستەر و هێماکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامبون و ئەمڕۆش ژمارەیەک گەنجی دیکە لە شارەکانی رۆژهەڵات دەستگیرکران و سێ گەنجیش بە دانانی بارمتە ئازاد کران رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی توندوتیژیی دژی ناڕەزایەتییەکان بەکار هێناوە.

دەستگیرکردنی لاوان و چالاکوانان لە بۆکان، مەهاباد، سنە و کامیاران رۆژی پێنجشەممەش بەردەوامبو و سێ گەنجیش دوای زیاتر لە دو مانگ دەستبەسەریی و زیندان بە دانانی بارمتە بە مەرج تا کاتی دادگاییکردنیان لە مەهاباد و بانە و سەقز ئازاد کران.

لە شیراز و بەندەرعەباس و ئەسفەهان سوتانی پۆستەری بەرپرسان و هێماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامبو و نوسینی دروشم لە تاران و چەند شارێکی دیکە دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە بەردەوامبو.

رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی محەمەد مورادی، تەمەن 37 ساڵی خەڵکی شاری کرماشان لە شاری لیۆن لە فەڕەنسا بەرێوچو کە لە پێناو راکێشانی سەرنجی جیهان بۆ ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران و ئاستی سەرکوتی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، خۆی خستە روباری (رۆن) لە فەڕەنسا و گیانی لەدەستدا.

محەمەد کە خوێندکاری زانکۆ بو لە بەشی مێژوی زانکۆی لیۆن لە فەڕەنسا پێشتر لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی رایگەیاندبو ئەو هەنگاوەی تەنها لە پێناو گەیاندنی دەنگی خەڵک و ئازادیخوازانە بۆ جیهان هەوڵدان بۆ راگرتنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. 

خامنەیی دەستخۆشی لە ئەندازیاری ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکات

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتاری رۆژی پێنجشەممەی وتی: وەک کەسێک کە چاودێریی روداوەکانی کردوە دەستخۆشی لە ئەندازیاری ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە دەکەم چونکە بە رێکوپێکی هەر شتێکی لە شوێنی خۆی و بە قەبارەی خۆی رێکخستبو.

توانجەکەی خامنەیی لە کاتێکدایە ئەو لە چەند وتارێکیدا خۆپیشاندەرانی بە دەستی دەرەکی و ناپاکی تۆمەتبار کردوە.

 

سێدارە سنورەکانی تێپەڕاندوە

هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی 700 لاپەڕەیی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەسەرکوتی لە توندی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردوە.

لە بەشێک لەو راپۆتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی، ئاستی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و کوشتن بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئێران زیادی کردوە و کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان هێزی توندی بەکارهێناوە.

رێکخراوەکە ئاشکرای کردوە تەنها لە 10 مانگدا 306 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

دورخستنەوە مامۆستای زانکۆ بەهۆی دژایەتی سێدراە

بڕیاری دورخستنەوەی مامۆستایەکی زانکۆ و شارەزای یاسا درا کە دژی پڕۆسەی دادگایی دەستگیرکراوانی ناڕەزایتییەکان هەڵوێستی دەربڕیبو و رایگەیاندبو هیچ لەو دانیشتنانەی کە سزای سێدارەی تێدا دراوە یاسایی نەبوە و پێچەوانەی یاسا و شەرعی ئیسلام بوە.

محسن بورهانی مامۆستای زانکۆ و شارەزای یاسایی بە بڕیاری دەستەی زانستی زانکۆی تاران لە پیشەی مامۆستایەتی دورخرایەوە لە کاتێکدا بە یەکێک لە شارەزا یاساییە ناودارەکانی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.

700 نوسەری و ئەدیبی ناوداری جیهان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ناوخۆی ئێران و دەیان وڵاتی دیکە بەیاننامەیەکیان بە ناوی (راپەڕین دژی سێدراە) بڵاو کردەوە و داوایان لە وڵاتان و سیاسەتمەدارانی جیهان کرد بە هەموشێویەکە هەوڵی راگرتنی سزای سێدارە بدەن لە ئێران.

لە هندستان دژایەتیی لەسێدرەدان لە ئێران دەکرێت

چالاکوانێکی کچ لە هندستان وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر لەسێدراەدانی گەنجان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چالاکیی جیاواز ئەنجام دەدات.

 

بەخشین چاو بۆ ئازادیی‌!

نزیکەی 600 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بە گوللـەی ساچمەیی، چاوێک یان دووچاویان لەدەست داوە.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە بونەتە قوربانیی گوللـەی ساچمەیی و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا، بە بڵاوکردنەوەی پەیام و پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاندوە؛ چاویان پێشکەشی ئازادی و خەڵک و خاکی وڵاتەکەیان کردوە.

 

بودجە سوپای پاسداران زیاد دەکات

بە پێی پڕۆژە یاسایەکی نوێ لە ئێران بودجەی سوپای پاسداران لە ساڵی داهاتودا 131% زیادی کردوە و گەیشتوەتە 119 تریلیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی دو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار بودجەی ساڵی رابردوی ئەو سوپایە بە تمەن 80 تریلیۆن و 600 ملیارد بوە.

سوپای پاسداران زیاترین رۆڵی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بینیوە و نزیکەی 50 ئەندام و چەکداریان لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون.

 

 

 

 ئێران باڵیۆزی سوید لە تاران بانگهێشت دەکات و هۆشداریی دەدات لەوە بە ناوی ئازادییەوە نابێت بێڕێزیی بە نەتەوە و ئایین و کەمینەکان بکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهۆی بڵاوبونەوەی کاریکاتێری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بڵاوکراوەی شارلی ئیبدۆ باڵیۆز سویدی لە تاران بانگهێشت کردوە چونەکە سوید لە ئێستادا سەرۆکایەتیی یەکێتی ئەوروپا دەکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار