بۆ چوارەم رۆژ لەسەریەک؛ خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە پێنجوێن بەردەوامە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بۆ چوارەم رۆژ لەسەر یەک هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و خۆپیشاندان دەکەن.

خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی هاوڵاتیان له‌ پێنجوێن به‌رده‌وامه‌ و ئەندامێكی ده‌سته‌ی بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، لە ئێستادا بڕی کارەباکەیان کەمکراوەتەوە و هیچ مۆلیدەیەکیش لە پێنجوێن نیە و هاوڵاتیان تەنها پشت بە کارەبای حکومی دەبەستن بەمەبەستی گەرمکردنەوە، ده‌شڵێت، "ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی لە مەرزی باشماخەوە نادەین تاوه‌كو گرفتەکەمان چارەسەر نەکرێت".

هاوکات،خۆپیشاندەران ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان داخستوە.

ئەمەشلەکاتێکدایە،زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن دوێنێ هه‌ینی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ لێدوانێكیشدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووە، "زیاتر لە سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی قەزای پێنجوێن لەسەر شەقامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، بەڵام کێشەکە چارەسەرنەکراوە".

هەروەها، بەختیار عەلی، ئەندامی دەستەی بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،  ،" ئێمە پەیوەندیمان بە قائیمقامی پێنجوێنەوەکردووە. ئێمە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامان نەکردووە، ئەو خۆی لەبەرامبەر بەدەمەوە نەهاتنی قەزاکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە."

ئەو سەرپەرشتیارەی خۆپیشاندانەکان ڕاشیگەیاند کە ئەوان ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی لە مەرزی باشماخەوە نادەن "تا گرفتەکەمان چارەسەر نەکرێت."

هۆکارێکی تری ناڕەزایی هاوڵاتیانی قەزاکە لەسەر بڕی نەوتە، ئەمساڵ وەکو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان تەنها یەک بەرمیل نەوت بۆ هاوڵاتیانی پێنجوێن دابین کراوە، بەڵام دانیشتوانی قەزاکە دەڵێن بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و زستانی سەختە، دەبێت بڕێکی زیاتر نەوتیان بۆ دابینبکرێت.

لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردووەوە هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن دەستیانکردوە بە خۆپیشاندان و داوای کارەبای ٢٤ کاتژمێری و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان لەو قەزایەدا دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار