دۆخی رۆژهەڵات و ئێران دوای 121 رۆژ ئاسایی نەبوەتەوە

ئەوروپا بەهۆی سزای سێدراە دوایین هۆشداریی دەداتە ئێران

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 121 رۆژی تێپەڕاند و دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکوانان بەردەوامە و یەکێتی ئەوروپاش هۆشداریی دەداتە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە دەبێت سزای سێدارە راگرێت.

ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوەتەوە تا ئێستا 522 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون کە چوارکەسیان بە پەتی سێدراە بوە.

لە دوای مەرگی ژینا 74 ژن و کچ لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون

ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 74 کچ و ژن کوژراون.

ناوەندەکە وێنە و ناسنامەی ئەو کوژراوانەی بڵاو کردوەتەوە و زۆرینەی کچان و ژنانی کوژراوی ناڕەزیەتییەکان تەمانی 17 ساڵ بۆ 30 ساڵ بوە.

ئەمرۆ چالاکوانێکی ژن بە ناوی زوهرە رەحمانی لە شاری بانە بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرا و لە شاری کامیاران و جوانڕۆ و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی دیکە لە گەنجان و لاوانی ئەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکران.

لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیی بەسەر ئەهورا کەرەمی خەڵکی شاری کرماشاندا سەپێنرا.

 

66 رۆژە کچێکی کورد بێهۆشە

هەستی حسێن پەناهی تەمەن 16 ساڵ و خەڵکی شاری دێوڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی لێدانی بە داری پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە لە رێکەوتی (10/11/2022) بێهۆش بو و دواتر بە هێلی کۆپتەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە بەڵام هەستی تا ئێستا و دوای 66 رۆژ بێهۆشە.

 

لە دەستدانی چاو بۆ ئازادیی

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کرد فەریدە سەڵەواتی پور کە بەهۆی گوللـەی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە بریندارببو هەر دوو چاوی لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە کەسێکی خۆبەخش ئامادەیی خۆی دەربڕییوە بۆ بەخشینی چاوێک بۆ فەریدە و پێدەچێت بە بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ، نەشتەرگەریی وەرگرتن و چاندنەوەی چاو بۆ گەڕانەوەی بینایی ئەو خانمە ئەنجام بدرێت.

تا ئێستا نزیکەی 600 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی گوللـەی ساچمەیی چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.

 

دوای ئەوەی لە لایەن دادگاوە مەولەوی محەمەد حسێن، پێشنوێژی سوننەکانی گالیکەش لە پارێزگای گوڵستان لە باکوری ئێران بانگهێشت کرا ، جەماوەرێکی زۆر لە بەردەم ماڵی ئەو مامۆستا ئاینییە کۆبونەوە و رێگرییان کرد بچێتە بەردەم دادگا.

مەولەوی محەمەد حسێن  ماوەی ساڵێکە بە بڕیاری نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشنوێژیی و پێشەوایەتیی سوننەکانی پارێزگای گوڵستان دور خراوەتەوە و لە لایەن مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی سوننەکانی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پشتیوانیی لێدەکرێت.

 

یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی سزای سێدارەی لە ئێران  دەکات و داوای لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کرد جێبەجێکردنی سیدارە بەهەموشێوەک رابگرێت.

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رۆژی یەکشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، رایگەیاند؛ ئەوروپا لەسێدراەدانی هەر کەسێک بە هەرشێوازێک بو توندی لە ئێران ئیدانە دەکات و لەسێدرادانی هاوڵاتییەکی ئەوروپاش بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە: دەبێت دەسەڵاتی ئێران خۆی بەدور بگرێت لە جێبەجێکردنی هەر جۆرە بڕیارێکی دیکەی سێدارە و رێوشوێن و سیاسەتی نوێ بگرێتەبەر لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی سزای سێدارە لە وڵاتەکەی.

لەسێدارەدانی ئەکبەری پێشتر لە لایەن ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، ئیدانە کرا و بەریتانیا باڵیۆزەکەی لە تاران کشاندەوە بە مەبەستی راوێژ لەسەر بابەتی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری بەرگریی پێشوتری ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ( (MI6، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە درا و ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆری لێکەوتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار