سەرکردەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای ریفراندۆم دەکات

میرحسێن موسەوی: کۆماری ئیسلامی متمانە و شەرعیەتی لەدەستداوە

میرحسێن موسەوی

یەک ساڵ لەمەوپێش



یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند؛ خەڵکی ئێران بڕوای بە چاکسازیی لە سیستمی ئێستای حوکمڕانیدا  نەماوە و وڵاتەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە هەنگاو دەنێت کە پێویستی بە ریفراندۆمە.

پێگەی کەلیمە (کلمە)ی سەر بە بزوتنەوەی سەوز لە ئێران، ئەمڕۆ شەممە بەیاننامەیەکی میرحسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاو کردەوە کە جەختی لە نوسینەوەی دەستور و گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەسەڵات و حوکمڕانیی وڵاتەکە کردوەتەوە.

موسەوی لەو بەیاننامەیەدا داوای کردوە؛ رەشنوسێکی نوێ بە رەچاوکردنی سەرجەم مافەکانی خەڵک لە لایەن نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە نەتەویی و سیاسیی و بیروباوەڕە جیاوازەکان لە ئێران ئامادە بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە.

ئەو وتویەتی: گەورترین کێشەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دژبەیەکبونە لە بەڕێوبردنی دەسەڵات و ئامانجەکانیدا بۆیە ئەو سیستم و حوکمڕانییە ناتوانێت بەردەوام بێت.

میرحسێن موسەوی جەختی لەوە کردوەتەوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی روبەڕوی قەیرانی قوڵی بێمتانەیی بوەتەوە و شەرعیەتی لەدەستداوە و خەڵکی وڵاتەکەش متمانە و بڕوایان بە چاکسازیی نەماوە بۆیە پێویستە پڕۆسەی ریفراندۆم لە وڵاتەکەدا بەڕێوبچێت بە مەبەستی دامەزراندنی سیستمێکی نوێی حوکمڕانیی.

ئەو سەرکردەیەی باڵی ریفۆرم کە بە تۆمەتی بانگەشە دژی سیستمی کۆماری ئیسلامی و بڵاوکردنەوەی بانگەشەی ناڕاست لە هەڵبژاردنکانی ساڵی 2009 وەک کاندیدی سەرۆک کۆماریی، 13 ساڵە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە ، لە سێ خاڵدا پێشنیاری کردوە گۆڕانکاریی لە سیستمی دەسەڵاتی وڵاتەکەدا بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار