لە سلێمانی لە ماوەی 24 کاتژمێردا زیاتر لە 104 ملیمەتر باران باریوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەوی رابردوو شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ سنووری پارێزگای سلێمانی گرتەوە، بە جۆرێک لە چەند شوێنێکی سلێمانی لافاو دروستبوو، هەروەها لە گوندی شێخ تەویل لە گەرمیان بەربەستێکی گلدانەوەی ئاو رووخا.
بەپێی ئامارەکان، لە سلێمانی؛ لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٠٤ ملیم باران باریوە، کە بەوەش کۆی گشتی رێژەی بارانبارین گەیشتووەتە ٤٥٤ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە ٣٣٦ ملیم باران باریبوو.
بەپێی ئامارەکانی کەشناسی رێژەی بارانبارین بە جۆرێک بووە، کە لە زۆرینەی ناوچەکاندا و ناوچە گەرمەکان بە تایبەت، بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادبکات.
هاوکات، لە قەرداخ، رێژەی بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٩٨ ملیم بووە و بەوەش کۆی گشتی رێژەی باران لە ناوچەکەدا بووەتە ٧١١ ملیم.
لەلایەکی دیکەوە، لە سەنتەری قەزای چۆمان ٢٥.٥ ملیم باران باریوە، بەوەش کۆی گشتی بارانبارین گەیشتووەتە ٤٨٩ ملیم، کە پار تاوەکو ئەم کاتە ٥٥٣ ملیم باران باریوە، جگە لەوەش ٥ سانتیم بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە.
لە ناوچەکانی دیکەش بەم جۆرە بووە:
کەلار: ٣٣ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ١٩٧ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ١٠٤ ملیم باران باریبوو.
کفری: ٤٥ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ٢٣٢.٢ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ١١٠.٣ ملیم باران باریبوو.
خانەقین: ٣٢.٤ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ١٨٦.٨ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ٨٩ ملیم باران باریبوو.
پێباز: ٥٢ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ٢٧٤ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ١٨٢ ملیم باران باریبوو.
میدان: ٥٦ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ٣١٩ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ٢١٠.٤ ملیم باران باریبوو.
هەروەها بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەو شەپۆلەی بارانبارین کە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ئەمڕۆش لە هەندێک ناوچە کاریگەری دەبێت و لە هەندێک ناوچەی شاخاویش ئەگەری بەفربارین هەیە.
بەشی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری دابارینی نمە باران لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکاندا، بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم دەبارێت، هەروەها پێشبینی نمە بارانی کەم بۆ شارەکانی هەولێر و دهۆک دەکرێت.
لە راپۆرتی کەشناسی ئاماژە بەوەشکراوە، سەبارەت بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری کاریگەری دابارین بەشێوەی لێزمە باران و بروسکە بەردەوامی دەبێ تاکو کاتەکانی ئێوارە، کە پێش بینی دەکرێ رێژەیەکی زۆر باران لەم ناوچەیە ببارێت. لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری ئەم شەپۆلەی دابارینە کە هەندێک لە ناوچەکانی هەرێم گرتبووەوە لاواز دەبێت کەش لە زۆربەی ناوچەکان جیگیر دەبێتەوە.
