چەند بەندکراوێکی کورد لە ئێران لەسێدارە دران
3 ساڵ لەمەوپێش
سزای لە سێدارەدانی ساڵح قاسمی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و مەنسوور عەبدی زادە، خەڵکی سەڵماس، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا جێبەجێکرا. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە سزای لە سێدارەدان هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بەناوی جەلال سەرداری فەر جێبەجێکرابوو ئەمە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 10ی3ی 2023سزای سێدارەدانی ساڵح قاسمی، تەمەن 53 ساڵ و خەڵکی "زیندەشت" سەر بە ئورمیە و مەنسوور عەبدی زادە خەڵکی شاری سەڵماس لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکراوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەکە ئاماژەبەوە کراوە، بڕیاری جێبەجێکرانی سزای سێدارەدانی کوڕی ساڵح قاسمی، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و لە دۆسییەیەکی هاوبەشی دۆسییەکەی باوکی، ڕاگیراوە.
بەپێی زانیاری ڕێکخراوەکە، پێشتر سزای سێدارەدانی هاووڵاتییەکی دیکەی بە ناوی جەلال سەرداری فەر خەڵکی نەغەدە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لە بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە 9ی3جێبەجێکراوه،جەلال سەرداری فەر، سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.
ئەم سێ بەندکراوە لەگەڵ 3 بەندکراوی دیکەدا ڕۆژی سێشەممە بۆ بەندخانەی تاکەکەسی بەندیخانەی ئورمیە گواسترابوونەوە، کە چارەنووسی یەکێک لەو بەندکراوانە هەتا ئێستا ناڕوونە.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە هەتا ئێستا لە میدیاکانی سەر بە حکوومەت و بە تایبەتی میدیاکانی دەزگای دادی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.
