33 ڕێکخراوی مرۆیی و مەدەنی پشتگیری خۆیان بۆ یانەی ئامەد نیشاندا
3 ساڵ لەمەوپێش
لەدژی ئەو هێرشانەی کە لە بەرامبەر یانەی ئامەد لە باکوری کوردستان دەکرێت، ٣٣ رێکخراوی مرۆیی و مەدەنی پشتگیری خۆیان بۆ یانەکە پیشاندا.
٣٣ رێکخراوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، رەفتارەکانی یانەی بورسا بە هیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی کاری هەوادار و لایەنگری لە یاری تۆپی پێدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " بەرزکردنەوەی وێنەی ئۆتۆمبێڵی تۆرۆسی سپی و سەرۆکی پێشووی ژیتەم کە بەرپرسیاری کوشتنی هەزاران کەسە، چالاکیەکی وەرزشی نییە. ئەوە پلانە و پیشووتر ئامادەکاری بۆکراوە."
هەروەها رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە کاتێکدا کە کارەساتێکی گەورەی بومەلەرزە روویداوە و لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە پێکەوە برینەکان ساڕێژ بکرێنەوە، دەسەڵات پشتگیری لە هەوڵە تێدەرەکان دەکات.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ٣٣ رێکخراوەکە دەڵێن، " ئەوان پشتگیری لە یانەی ئامەد دەکەن و بە شێوەیەکی ئاشتی و برایەتی لە دەوری یانەکە کۆدبنەوە و پێویستە ئەو کەسانەی زەمینەی هێرشەکەیان رێکخستووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
چەند رۆژ لەمەوبەر لە چوارچێوەی خولی پلە دووەکانی تۆپی پێی تورکیادا، یانەی ئامەد و یانەی بورسا لە گۆڕەپانی بورسا یاریان کرد. بەر لە دەستپێکردنی یاریەکە، گروپێک لە نەژادپەرستە تورکەکان دەوری ئەو هۆتێلەیاندا کە یاریزانانی یانەی ئامەد تێیدا بوون. دواتر لە گۆڕەپانەکەدا هێرش کرایە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد و زیاتر لە پێنج یاریزان و چەندین لایەنگری یانەکە بریندارکران.
لایەنگرانی یانەی بورسا، وێنەی ئۆتۆمبێڵی تۆرۆسی سپی و سەرۆکی پێشووتری ژیتەم "یەشیل" یان بەرز کردەوە کە سەرۆکی ژیتەم بە سەرۆکایەتی گروپێک لە ساڵەکانی نەوەتەکاندا، بە ئۆتۆمبێڵی تۆرۆرسی سپی بە هەزاران هاوڵاتی کوردیان رفاند و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی دەسەڵاتی تانسو چیللەردا کە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، فشارێکی زۆر لەسەر کوردانی باکوری کوردستان بەڕێوە دەچوو. ، زیاتر لە پێنج هەزار گوند لە باکوری کوردستان سووتێنران. زیاتر لە ١٧ هەزار هاوڵاتی کوردیش دەستگیر و بێسەروشوێنکران.
