ئێران 155 هاوڵاتیی کورد بە بیانوی شۆڕشی ژینا دەکوژێت

سوپای پاسداران دوای مەرگی ژینا چوار جار هێرشی چڕی کردوەتە سەر هەرێم

مەیدانی ئازادی لە شاری سنە کە بە "مەیان ئێقباڵ" ناودەهێنرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



ناوەندێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات لە دوای ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا، لانیکەم 155 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵات و هەرێم و شارەکانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژران.

ناوەندنی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بە قوربانییانی هێرشە موشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێم کردوە کە بە بیانوی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کراوەتە سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

لەو راپۆرتەدا هاتوە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە پارێزگای سنە 43 کەس و لە ورمێ 49 کەس و لە کرماشان 21 کەس لە ئیلام دوو کەس کە سەرجەمیان کورد بون لەو پارێزگایانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

 هاوکات لە شاری تاران  هەشت کەس و لە پارێزگای ئەلبورز شەش کەس و پارێزگای قەزوێن یەک کەس و لە هەمەدان یەک کەس و لە پارێزگای مەرکەزی یەک کەس کوژراون کە سەرجەمیان کورد بون و دانیشتوی ئەو شارانەی ئێران بون.

هەنگاو ئاشکرای کردوە کە 85%ی ئەو هاوڵاتییە کوردانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 7%یان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و جگە لەوەش ژمارەیەک بە لێدانی داری پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و غازی فرمێسکڕێژ و بە چەقۆ و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و یەکەی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون.

ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا نۆ هاوڵاتیی کورد دوای دەستگیرکردنیان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان لە زیندان و ناوەندە هەواڵگریی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون.

بە پێی راپۆرتی ئەو ناوەند لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم چوار جار بە چڕی موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم و ناوچە سنورییەکان کردوە و هاوکات بە درۆنی خۆکوژ پەلاماری ئەو بنکانەی داوە کە بەهۆیە 22 کەس کوژراون کە کەسێکیان خەڵکی شاری کۆیە بوە لە هەرێمی کوردستان.

لە ناو کوژراوانی ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتدا منداڵێکی یەک رۆژە و دوو ژن هەبون.

هەر لەو راپۆرتەدا هاتوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکە دەستگیرکراون کە تا ئێستاش دەستگیرکردنەکان بەردەوامە و 111 کەسیان بە کۆ سزای 343 ساڵ و سێ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و ژمارەیەکی بەرچاو لەو دەستگیرکراونە سەرەڕای زیندانیکردنیان سزای لێدان بە قامچیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار