گوتەبێژی حکومەتی هەرێم :" گرفتی گەورە لەبەردەم ناردنی 400 ملیارەکە نییە و، بەمنزیکانە دەنێردرێت"
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند "پرۆژەیاسای نەوت و غازی فیدراڵیی، کۆمەڵێک کێشە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا چارەسەر دەکات".
جووتیار عادل لە لێدوانێکدا بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی راگەیاندووە "ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای نەوت و غازی فیدراڵیی، سەردانی بەغدا دەکات، شاندەکەیش لە وەزیری داد و سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و ستافی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کەسانی شارەزا لە وەزارەتی داد پێکدێن و رۆژی دووشەممە دەست بە کۆبوونەوەکان لەسەر رەشنووسی یاسای نەوت و غاز دەکەن کە یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت".
گوتیشی: "ئەم پرۆژەیاسایە کۆمەڵێک گرفتی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا لەو بواری وزەدا چارەسەر دەکات، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان وەک ھاوبەشێکی راستەقینە لە دروستکردنی ئەو بڕیارانەی پەیوەستە بە پیشەسازیی نەوت لە عێراق، بەشێوەیەکی کارا بەشدار بێت، ھەروەھا بۆ رێکخستنەوەی ئەو کەرتە چی لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ھەردوو لا گرنگی ھەیە، بێگومان لە کۆتاییدا دەبێت ئەم پرۆژەیە رەنگدانەوەی رێککەوتنی ھەردوو لا بێت و لە قازانجی ھەردوو لادا بێت، ئەوە نەک ھەر بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ ھەموو خەڵکی عێراق دەستکەوتێکی گرنگە".
گوتەپێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی پرۆژەیاساکە، گوتی: "رێککەوتن کراوە کە ھەردوو لا پێکەوە رەشنووسەکە بنووسن، تا راددەیەک لەسەر پرەنسیپە گشتییەکان رێککەوتن کراوە، بەڵام وردەکارییەکان زۆرن، ھەر لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەنجامی ھەبێت؛ ئومێدەوارین بڕوابوون بە ھاوبەشی و پشتبەستن بە دەستوور و ئەو رێککەوتنەی کە لە کارنامەی کابینەی محەمەد شیاع سوودانی ھەیە، لەو پرۆژەیاسایەدا رەنگ بداتەوە".
جووتیار عادل لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی حکوومەتی فیدراڵیی ئاماژە بەوەداوە کە پرۆژەیاسای بوودجە دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵییدا، ئەوەی کە پێویست بوو، وەکو شایستە و مافی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ ئەو پرۆژەیەش کۆمەڵێک کێشە لەنێوان ھەردوو لادا چارەسەر دەکات؛ حکوومەتی فیدراڵیی ماوەیەک بوودجەی نەبووە، ئەوەیش کاریگەری لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە کە پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان پشت بە سەرژمێری ببەستێت و گوتی: "ھەندێک ئەنجام دەستکەوتی باش بوون بۆ ھەرێمی کوردستان، وەکو ھەژمارکردنی مووچەی پێشمەرگە و پشتیوانیی ھێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەەی خەرجی سیادی و دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەرجی حاکمە، پرسی ناردنی ٤٠٠ ملیارەکەش گرفتێکی گەورەی لەبەردەمدا نەماوە و بەمنزیکانە ئەو پارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت".
