مەسرور بارزانی: دەبێت وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی بکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، دەبێت وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بکات و رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شوفێری توندتر بکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 13-3-2023) لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی پێنج ئەندامی یەک خێزان بە ڕوداوی هاتوچۆ هەروەها گیانلەدەستدانی 11 کەسی دیکە لەماوەی ئەم پێنج رۆژەدا بە رووداوی هاتووچۆ، گوتی "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم، ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش، بۆ بریندارەکان دەخوازم".
وتیشی، "جێی نیگەرانی و داخێکی زۆرە ، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە، گیان لە دەست دەدەن. بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان و شوفێران دەکەم، کە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن و دووربن لە تیژڕۆیی."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەرۆکوەزیران دەڵێ "دەبێ وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی و رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و رێگاوبانەکان بکات و، رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفیری تووندتر بکەن. پێویستە هەموو رێکار و ئامادەکارییەک بکرێت بۆ سنووردانان بۆ ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دڵنیابوون لە پابەندبوونی هەمووان بە مەرجەکانی سەلامەتی و یاساکانی هاتووچۆ".
