پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا: کۆتایی بە سکاڵا سیاسیەکەی سەر هە*دە*پە بهێنن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا کە ئۆلاف شۆلز سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا لەو پارتەیە، پشتگیری خۆی بۆ هەدەپە دەربڕێ و رایگەیاند، کۆتایی بە سکاڵا سیاسیەکەی دژی هەدەپە بهێنن.

پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (ئێس پی دی) کە هاوبەشی سەرەکی دەسەڵاتە لەو وڵاتە و ئولاف شۆلز سەرۆکوەزیران لەو پارتەیە تویتێکی بۆ پشتگیریکردن لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڵاوکردەوە. لە تویتەکەی (ئێس پی دی)دا هاتووە، " داوا دەکەین کۆتایی بە سکاڵا سیاسیەکەی دژی پارتە براکەمان هەدەپە بهێندرێت. بەهۆی رابردووی خۆمانەوە دەزانین کە دەتوانن دامەزراوەکانمان دابخەن، بەڵام ناتوانن داواکاری یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی بێدەنگ بکەن."

لە تویتەکەی پارتە ئەڵمانیەکەدا هاتووە، لارس کلینگبیل سەرۆکی پارتەکە و سەرپیل میدیاتلی یاریدەدەری سەرۆکی پارتە، حەفتەی ئاییندە سەردانی تورکیا دەکەن و لە سەردانەکەیاندا چاویان بە میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە دەکەوێت.

داواکاری گشتی تورکیا بەکر شاهین لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١دا لەدژی بە ئامانجی داخستنی هەدەپە، سکاڵای لەدژی ئەو پارتە تۆمار کرد. لە داواکاریەکەدا کە ٨٤٣ لاپەڕە بوو، داوا لە دادگای دەستووری تورکیا کرا کە هەدەپە دابخرێت و قەدەغەی سیاسی لەسەر ٤٥١ ئەندامی پارتەکە دابنرێت.

تاوەکو ئێستا دۆسیەی داخستنی هەدەپە یەکلایی نەبووەتەوە. لە ٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، دادگای دەستووری تورکیا، بودجەی گشتی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت بڕی، بەڵام حەفتەی رابردوو ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە، هەمان رۆژ دادگای دەستووری، دانیشتنی دادگایی داخستنی هەدەپە کە بڕیاری ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بۆ ١١ی نیسانی ئەمساڵ دواخست.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار